6/2/2019 02:21 PM

تیۆری هەڵوەشاندنەوە وبەڕۆشنبیركردنی زەمەن



    
     پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گەر تیۆری هونەر بۆ كۆمەڵ باسكردن بێت لەپەیوەنییەكانی ئەدەب وكۆمەڵگا بەو پێیەی لەلایەكەوە نووسەر لەدایك بووی كۆمەڵگایە وجودا نابێتەوە لەبابەتەكانی كۆمەڵگا، لەلایەكی تریشەوە ئەم نووسەرە هەڵقوڵاوی ژینگەی كۆمەڵگا خۆیەتی و كاریگەری كۆمەڵگاكانی تریشی لەسەرە ،ئەوا تیۆری هەڵوەشاندنەوە ،لەڕێگەی شێوازە ئەدەبی وفەلسەفییەكان وگەشەی كۆمەڵەوە ، پەیوەندییەكانی خۆی لەنێوان بونیادی دەق ودەرەوەی دەق دەبەستێت  ئەویش پشت بەست بەزانستی سەردەم وتێگەیشتنی تاكەكان بۆ ئەو تیۆرانەی كەبەدەردەكەون وتێكڕای خەڵكییان بە ووردەكارییەكانەوە سەرقاڵ كردووە.هەروەها پرسیارە بەردەوامە بێ كۆتاییەكان وخۆ نەبستنەوەیان بەپرسیارێكی دیاریكراو,بەڵكو گومانكردن لەسەرجەم پرسیارەكان.واتە پرنسپی هەڵوەشاندنەوە چاودێریكردنی چەمكی ژیانە لەڕێگەی تێگەیشتن وڕاڤەكردن وپرسیارە ئاڵۆز وتەماوییەكانەوە كەهەمیشە بەكراوەیی دەمێننەوە.لێرەدا تاكەكان،هەموو، بەرپرسیارێتی ئەم دۆخانەیان دەكەوێتە ئەستۆ نەك تەنها تاكێكی دیاریكراو.هەر لەبەر ئەمەشە,لەپێناو بەسەرخستنی ئەم پرۆسەیە تاكەكان ناچار دەبن بەرەو ڕەهەندە مەعریفی وڕۆشنبیری وفیكری وفەلسەفییەكان بچن چونكە كارنامەی ئەم پرۆسەیە پێویستی بەم ڕەهەندانەیە نەك بۆچوونە خۆڕسكی وهەڕەمەكییەكان. بەمەش دیدی تاكەكان بۆ شت ودۆخەكان تیژ تر دەبن وهەڵەكان بەئاسانی تێناپەرێن.  ئەم تاكانە كە لەدۆخە سروشتییەكەی خۆیان دەترازێن وپێدەنێنە دۆخێكی كراوەی ڕۆشنبیری ، ئەوا دواتر بەدوای ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێن كەهۆكاری سەرهەڵدانی چەمكێكن بە نموونەی باسكردن لەچەمكی چینایەتی كەچۆن سەرهەڵئەدات وچۆنیش كۆتایی پێدێت وقازانجەكانی بۆ خاوەنەكانیان چەندە ووزەرەرمەندیش كێیە! یان پێویستە تێبگەین كەچەمكی دیمۆكراسی چییە وهێزی كاركردنی چەندە وچۆنیش دەتوانێت تاكەكان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت وقازانج وزەرەرەكانیشی بۆ كێیە!. پەیوەندی تاكەكان بەكۆمەڵ هەمیشە پەیوەندی پڕۆتۆكۆلی یان هۆكاری نییە بەڵكو پەیوەندی خودی بكەرە بەتاكەكان وكۆمەڵەوە .لێرەدا دوو جۆر لەهەست پڕۆسەكە دەبەن بەڕێوە: یەكەمیان, هەستێكی واقیعی وەك ئەوەی كەهەیە ودەبینرێت، ئەمەش لەوكاتانەدا بەدەر دەكەوێت كە تێكرای تاكەكان ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ دۆخ وكەیسەكاندا دەكەن بەبێ ئەوەی بچنە نێو ووردەكاری وبۆچوونە ئایندەییەكانی سیاسی وئابووری ئایینی وسۆسیۆڵۆژی وپەروردەیییەوە. بەم جۆرە هەستە دەوترێت هەستی هاوچەرخێتی.ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە دیدی زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان خۆیان لەیەك پێوانەیی وتێگەیشتندا دەبیننەوە ولێكچوونەكان دەبنە دیاردەیەكی سەرەكی بۆ شتەكان ودەوروبەر.بەمەش جیاوازی نامێنێت لەنێوان تاكەكاندا.
 دوهەمیان,هەستی ئایدیۆلۆژی كەلەڕێگەی ئارگیومێنتەكانەوە ئەنجام دەدرێت وهەوڵی دەستنیشانكردنی زانیاری وداتاكان دەدات.لەمەیاندا تاكەكان چاودێری تەواوی كۆمەڵگا ودەسەڵات دەكەن ولەهەمان كاتیشدا هەوڵی دەستنیشانكردنی سەرجەم وێنەكانی ئێستا و ئایندەش دەدەن.ئەمەش لەو كاتانەدا بەدەردەكەوێت كەپەیوەندی خودی بكەر لەگەڵ بابەتەكاندا بەهێز وكاریگەر بێت.لێرەوە گوتارەكان بەشێوە تەندروستەكەی ئەگەری بەدەردەكەون وڕەوینەوەی تارماییەكانی لێدەكرێت. لەم گۆشەیەوە،ڕێبازی دیالێكتێكی یارمەتدەرێكی زۆرگونجاوە بۆ ئەم جۆرە دیدو بۆچوونە ئەویش بەوەی ئەم ڕێبازە هەڵدەسێت بەلێكۆلینەوە وشیتەڵكردن وڕاڤەكردن وئاشكراكردنی مەسەلە ودیاردەكان لەڕێگەی ئەو یاسا وپرنسپانەی كە ئەم ڕێبازەیان دروست كردووە وەك یاسای گۆڕانكاری لەسستمی چەندێتی بۆ چۆنیەتی ویاسای ململانێی دژایەتییەكان ودواتر یاسای  ڕەتكردنەوەی ڕەتكراوەكان.لەم گۆشەیەوە,پەیوەندییەكانی نێوان ئەدەب وكۆمەڵگا بەدەر دەكەون ئەویش لەڕێگەی  دوو تیۆرەوە:
 یەكەمیان,تیۆری بەوێنەگرتن وڕەنگدانەوە كەبریتیە لەپەیوەندی دەق وبابەتی تاكەكان بەو پێیەی دەق لەدایك بووی دەوروبەرە وڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانەیە كەڕۆژانە تاكەكان گوزارشتیان لێوە دەكات.
دوهەمیان, تیۆری پێكەوەبەستن.ئەمەش بەو پێیەی تاكەكان كاریگەری تەواوی خۆیان هەیە لەسەر پرسیار ووەڵامەكان لەهەمان كاتدا توانای بەشداریبوون ودروستبوونی دەقیشیان هەیە.هەر ئەمەش وای لەفەیلەسوفی فەڕەنسی "تەین"(1828- 1893)  كرد كەجەخت لەسەر پێكهاتەی زانستی سۆسێۆڵۆژیای ئەدەب بكات وپەنا بۆ سێكوچكەی زەمەن وژینگە وژانەر بەرێت ،چونكە سەرچاوەی دەق خۆی لەم سێكوچكە سەرەكییەدا دەبینێتەوە.زۆر بەكورتی، زەمەن بەجۆرەكانیەوە, زەمەنی پێش دەق وزەمەنی دەق وزەمەنی دامەزراندن وزەمەنی دوای دەق وزەمەنی ئایدیولۆژیا. هەموویان خوڵقێنەری دەقێكی ئەدەبی یان سیاسی یان فەلسەفین گەرچی هەندێ جار زەمەنەكان لەنێو دەقەكاندا بەئاشكرا نابینرێت. بۆ نموونە، شیعری "بیست وحەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم"ی بێكەس كەزەمەنی دەقەكە  ئاشكرایە ودەگەڕێتەوە بۆ 1946,   ولەبەردەم حاكمی ئینگلیز ئەدمۆنز لەسلێمانی خوێنراوەتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا پەنگخواردەی زەمەنی پێش  دەقە .دوای زەمەنی دەقیش ،بەنموونەی ئەمڕۆ، جارێكی تر تاكی كورد زەلیلی هاوشێوەی حاكمی زەمەنی دەقە.ژینگەی زەمەنی ئەم دەقە ژینگەیەكی گرژ وئاڵۆزە، تاكەكان بەگەورە وبچووكەوە نازانن چۆن خۆیان لە قەیرانەكان دەرباز بكەن ،چونكە گەمارۆ دراون بە چەندین دۆخی سیاسی وئابووری وفیكری. ئاستی بیركردنەوە وتێگەیشتن وڕاڤەكردنیش بەرامبەر بە هێزی دەرەوە سنووردارە وجوڵەكان بە سستی دەڕۆن.لەلایەكی ترەوە تاكەكان خۆشیان بەرپرسیارن لەئاڵۆزكردنی ژینگە ومەسەلەكە وەك ئەوەی نەیانەوێت بەشێك بن لەم ژینگە ومەسەلەیە.هەر ئەمەش دەستنیشانی ژانەری دەق وكەسێتی تاكەكان دەكات بەوەی لاوازن وتوانای بەرەنگاربونەوە وململانێی كەیسەكانیان نیە.گەر بمانەوێت  پرۆسەی ئەنفال بكەین بە نموونەیەكی دینامیكی وبەرپرسێتی وپەیوەستێتی، ئەوا ئێمە كورد ،لەڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە، لەلایەكەوە دەتوانین هێزی بوونمان پتەوتر بكەین وپارێزگاریشی لێبكەین،لەهەمان كاتدا خۆمان زیاتر بەجیهانی دەرەوە بناسێنین ، دواتر هەوڵی ئەوە بدەین كەچۆن بۆچوونی بەرامبەرەكانمان بگۆرین بەوەی ئێمەی كورد لەجیاتی ئەنفال سەربەستی وپێكەوە ژیانمان دەوێت، هەروەها هەوڵی ئەوەش بدەین كە وێنەی ئەنفال بە بەرزی ڕابگرین ودووبارە نەبێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا گەر نەمانتوانی پارێزگاری لە كەسیەتی ئەنفال وكەیسەكانی تری هاوشێوە بكەین.ئەم پەیوەندییەی نێوان تاك وپرۆسەی ئەنفال پێویستە بچێتە نێو پرنسپی پەروەردە وفێركردن تا زەمەنەكان دوای ئەنفال فرسەتی لەبیرچونەوە ئەنجام نەدەن وپەیوەندییەكان بەرەو تێكشكان نەچن، بەمەش ئەنفال دەبێتە خودی بكەر وتاكەكانیش بە بابەت.ئەم جێگۆركێیە لەڕێگەی بونیادی هەڵوەشاندنەوە ئەنجام دەدرێت.واتە ،گەر ئێمە لەزەمەنی ڕابردوودا جۆرێك لەسستی وتەمەڵی گەمارۆی دابوبین وچاوەرێی ئەوەمان دەكرد دەرەوەی خۆمان شتێكمان بۆ بكات ،ئەوا لەلایەكەوە ئەم دەرەوەیە بەمەیل وئارەزووەكانی خۆی وێنەكان دەكێشن بەبێ ئەوەی ڕاپرسێك بە ئێمە  بكەن كە ئەمە لەزۆر حاڵەتدا زەرەری لەبەرژەوەندییە گەورەكانمان داوە ،هەروەك چۆن توركی عوسمانی لەگەڵ بابانەكان وئینگلیز لەگەڵ مەلیك مەحمودا ئەنجامیاندا. لەلایەكی تریشەوە دەرەوەی خۆمان بەوە كەیفی  دەهات ودێت كە تاكەكانمان هەمیشە گێل ونەفام ونەزان وهەژار ودەستكورت بن تا بە ئاسانی گەمەكان لەبەرژەوەندی خۆیاندا بكەوێتەوە كەبێگومان ئەمەشیان لەبەرژەوەندی ئێمەی كوردا نیە. ئەم جۆرە دۆخانە هۆكارە بۆ لەبارچوونی گوتار. بەڵام گەر ئەنفال بوو بە كەیسێكی كاریگەر وبكەر ئەوا لەیەك كاتدا توانای كۆكردنەوەی تاكەكانی هەیە ولێرەشەوە تاكەكان پێویستە ئەو پرسیارەیان لادروست بێت كە ئەنفال چییە ومەترسی چییە وسوودیشی چەندە!  ڕاستە ئێمە لەئەنفالدا ژمارەیەكی یەكجار زۆرمان لە دەست داوە ، بەڵام ئەم پرۆسەیە هەلێكیشە بۆ سەركەوتن و بونیادی زەمەنێكی نوێ وبەڕۆشنبیركردنی تاكەكان لەزەمەنی ئێستا وداهاتوودا ،چونكە ئەنفال بەم شێوەیە دەبێتە ستراژییەت ومێژوو وسیاسەت وئایدیولۆژیا. واتە گەر كارەكە پێچەوانەی ئەمە دەرچوو، وەك ڕاییكردن ونمایشكردن ئەوا ئەم كەیسە لەنێو زەمەندا وون دەبێت وتاكەكانیش بێئاگایی خۆیان لەناوەرۆكەكەی نیشان دەدەن، هەروەك چۆن لە كەیسەكانی تر بەدی دەكرێت بە نموونەی ئیمارەتی بابان وحكومەتەكەی مەلیك مەحمود.لەگۆشەیەكی ترەوە،ئێمەی كورد پێش زەمەنی ئەنفال چەندین جار كەوتوینەتە بەر شاڵاوی هاوشێوە. لەنێو ئەم زەمەنەشدا هەڵكشان وداكشانێكی زۆرمان بەخۆوە دیوە.بەڵام ئەوەی,لێرەدا, گرنگ بێت,دوای زەمەنی ئەنفالە كەتاكەكان پێویستە لەحاڵەتی خۆئامادەباشیدا بن ئەویش لەپێناو دووبارەنەبونەوەی ناوەڕۆكی زەمەنەكە.بەڵام گەر سەیرێكی زەمەنی پێش ئەنفال بكەین ،ئەوا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین كەحاڵەتە هاوشێوەكان بەهەڵواسراوی ماونەتەوە وچارەسەری گونجاویان بۆ نەدۆزراوەتەوە. ترسە ئایندەییەكانیش لەزەمەنی كەیسەكانەوە دەست پێدەكات و بۆتە بەشێك لەكلتوور .كەواتە بەپێی ڕێبازی دیالیكتێكی پێویستە هەڵەی زەمەنەكانی پێشوو ببێت بە سەرچاوەی بیركردنەوەكان تا لەئایندەدا ئەم جۆرە هەڵانە دووبارە نەبنەوە. بەمەش ململانێ دەكەوێتە نێوان عەقڵی زەمەنی ڕابردوو وئێستاوە .گەمەكەش پێویستە لەبەرژەوەندی عەقڵی ئێستا بكەوێتەوە وزەمەنە دۆڕاوەكان بگۆردرێن بەپێچەوانەكانی.لێرەدا هۆكاری تێنەگەیشتن و پرسیارنەكردن وڕاڤەنەكردنمان بۆ ئەم كەیسە وكەیسە هاوشێوەكان ڕەنگە بگەرێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەكەم / نەبوونی حەزوو خولیا.ئەمە زیاتر خۆی لەو مەسەلە وشتانەدا دەبینێتەوە كەتوانای ووروژاندنیان هەیە ودەتوانن جوڵەیەك بەدۆخ ودۆسییەكان بدەن .گۆڕینی ئاڕاستەكانی حەز وخولیا لەجۆری ناشرینەوە بۆ جۆرێكی ئایدیاڵیزمی لەڕێگەی دوو سەرچاوەی سەرەكییەوە بەئەنجام دەگەیەنرێت.یەكەمیان, سروشتی ناوەوەیی تاكەكان وەك كارێكی بۆماوەیی كەهەمیشە وەك تاكێكی بزێو حەزیان بەناسینی ژمارە وشتەكانە.دوهەمیان,پڕۆسەی خوێندنەوە.بەڵام,لەگەڵ ئەمەشدا, ئێمەی كورد، بەڕێژەیەك لەڕێژەكان،گەر حەزو خولیایەكیشمان هەبوبێت، ئەوا,هەتا ئێستا, بۆ شتە خراپەكان بەكارمان هێناون وەك كوشتن ودووفاقی ونەفامی وخیانەتكردن ..هتد. لەلایەكی تریشەوە ، بەڕێژەیەكی یەكجار زۆریش,دیاردەی نەخوێندنەوە ئاشنایەتییەكی خراپی لەسەر تاكەكان دروست كردووە. هەتا ئەمڕۆكە پڕۆتۆكۆلێكی گونجاومان لەگەڵ خوێندنەوەدا واژوو نەكردووە. ئەم ڕاستیەش لەو كاتانەدا بەدەر دەكەوێت كەبەكاری دەرخستنی زانیاری وهەڵسەنگاندنەكان هەڵسین بەنموونە پراكتییەكانی خوێندكارانی زانكۆ وبەرزتریش.لێرەشەوە  ئەو پرسیارە سروشتیانە دێنە بەردەم كەدەڵێت, چەند لەو خوێندكارانە كتێبەكانی بەدلیسی وئەمین زەكی بەگ وتوفیق وەهبی بەگ وڕەفیق حیلمی بەگ ودیوانە شیعرییەكانی نالی وسالم وكوردی ومەحوی ووەفایی ، هەروەها سەرچاوە بەنرخەكانی فەلسەفە وئەدەبیاتی بێگانەیان خوێندۆتەوە ؟ تەنانەت گەر زانیارییەكیشیان هەبێت ئەوا زانیارییەكان زۆر سادە وڕووكەشین ودوورن لەتوێكاری بابەت وناوەڕۆكەكانی دەقەوە. بۆ نموونە ،ئێمە گەر بمانەوێت باس لەچەرخی ناوەڕاستی ئەوروپا بكەین ئەوا بەبێ باسكردنی شاعیری ئیتالی "دانتی" ناتوانین بەم كارە هەڵسین.هەروەها ئێمە لە دانتی ناگەین تاچیرۆكی میعراجی ئیسلامی نەخوێنینەوە ونەچینە نێو ووردەكارییە گێڕانەوەییەكانی لەڕووی كەسێتی وزەمەن وجێگە ودایەڵۆگ وململانێكان .هەروەها لەم میعراجەش ناگەین تا قورئانی پیرۆز نەخوێنینەوە.لەهەمان كاتدا گەورەیی قورئانیشمان بۆ دەرناكەوێت گەر بەراووردی نەكەین لەگەڵ نامە ئاینییەكانی تردا .ئەمانە هەموو زانیارین ودواتر پێویستیان بەڕاڤەگردن وبڕیارە.لێرەدا خوێندەوار پەیوەست دەبێت بە ئایدیایەك تا زانیارییەكانی تێدا كۆبكاتەوە ودواتر بیانگوێزێتەوە بۆ پڕۆسەی كاركردن وكارنامە. لای ئێمە هێشتا ئەم جۆرە مامەڵە وخوێندنەوەیە نەبۆتە خولیا ، چونكە خولیا بەدوای زانیارییەكاندا دەگەڕێت وئێمەش پێچەوانەی زانیارییەكان كار دەكەین كە ئەمە زەنگێكی ترسناكە لەجیهانی بازنە مەعریفی وئەكادیمی وفەلسەفی وڕۆشنبیرییەكاندا .
دوهەم/ پشتگوێخستنی ماناكان. ماناكان گەلێك زۆرن وەك مانای ئایینی وفەلسەفی وئەدەبی وزانستی وفەرهەنگی ومەعریفی وڕۆشنبیری ...هتد.بەشێك لە هەرەسهێنانی گوتار دەگەرێتەوە بۆ نابەرپرسیارێتی تاكەكان بەرامبەر بەماناكان بە تایبەتی ئەو مانایانەی كە بەئاشكرا نابینرێن ،بەڵام گرنگی خۆیان هەیە بۆ بونیادی قەوارەیەكی شوناسی سەربەخۆی تایبەت. لەم حاڵەتەدا بەرپرسیارێتی تاكەكان، بەجیاوازی پیشە وكارەكانیانەوە، لەوەدایە كەپێشەنگی زانیارییە جیاوازەكان بن وتەنها جەخت لەسەر زانیارییەكی دیاریكراوی تەسك نەكەن وزانیارییە گەورەكانی تر فەرامۆش بكەن.خۆ ئەگەر لەسەرەتادا جەخت لەسەر خاڵێك كرا ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم خاڵە یارمەتدەرێكی ئەكتیڤ بێت بۆ دۆزینەوەی خاڵەكانی تر.بۆ نموونە، ئەمڕۆی كورد ،بەمەبەستی دروستبوونی دەسەڵاتێكی سەربەخۆ ،گەر بە قەوارەی نەتەوایەتی دەست پێبكات ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە جیهانی دەرەوە ئەم قەوارەیە تێكبشكێنێت بەو پێیەی ئەم قەوارەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیاندا ناگونجێت،بەڵكو جێگەی مەترسیشە بۆ ناوچەكە، بەڵام گەر هاتوو جەختمان لەسەر بونیادێكی تر كرد بەنموونەی ئابووری، بەو پێیەی ئەم جیهانە، ئەمڕۆكە ، پێویستی زۆری بە ئابووری هەیە، ئەوا ،لەپێناو بەرژەوەندییەكاندا، ئەگەری ئەوە هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەمان جیهان دان بەمافی نەتەوایەتی وقەوارەیی كوردا بنێت و گرژییەكان بگۆڕدرێن بۆ پێكەوەژیان وپەیوەندیە بەرژەوەندییەكان .تەنانەت گەر سەرچاوەی زەمەنی زانیارییەكان وەك پێویست لەبەر دەستدا نەبوو ئەوا خوێندنەوەی دەقەكان بەپێی ڕێبازی هەڵوەشاندنەوە وسیمیۆلۆژیا ...هتد ،توانای بەدەرخستنی زانیارییەكانی هەیە.واتە, گەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێك بۆ زەمەنی ڕابردوو وئێستا وئایندە ئەنجام بدەین ولەهەمان كاتدا سەرچاوەیەكی مێژوویی تەواومان لەبەر دەستدا نەبوو، ئەوا خوێندنەوەی دەقە كۆنەكان وسوود وەرگرتنیان بەسن بۆ ئەم كارە. تەنانەت ڕەخنەگران ومێژوونوسان ،لەڕێگەی ئەم خوێندنەوەیە ودواتر شیكاریكردنەوەیان دەتوانن زانیاری پێویستیان دەست بكەوێت هەروەك چۆن ڕەخنەگرانی عەرەب وڕۆژهەڵاتناسەكان بۆ مێژووی عەرەبی پێش ئیسلام ئەنجامیاندا لەكاتێكدا تەنها پەنایان بۆ دەقە شیعرییەكان برد. بەڵام ئێمەی كورد، لەلایەكەوە، گەڕانمان بۆ شتەكان,یان ئەرشیفەكان, لاوازە وئەم گەڕانەشمان نەكردووە بە پیشە و نەشمان خستۆتە نێو بەرنامەی جێبەجێكردنی كارنامەكانەوە ،بەڵكو زۆریش ڕقمان لەماناكانە ونامانەوێت زانیارییان لەسەر كۆبكەینەوە.لەلایەكی تریشەوە، بەهۆی نەبوونی چەمكی هۆشیاری ڕۆشنبیری ومەعریفی وخوێندنەوە شتێكی ئەوتۆمان پێ نییە تا بەكاری گەڕانەكە هەڵسین.بۆیە ماناكانیش لەدەرەوەی خۆمان بەبێ مانایی دەمێننەوە وهیچ سوودێكی سەرچاوەیی لێ نابینرێت.مەبەستیش لەگەڕان هەر گەڕان خۆی نیە، بەڵكو كاركردنیشە دوای گەڕان وەك ئەوەی دەقی گەڕانەكە تیۆر بێت ودواتر ئەم تیۆرە پێویستی بەپراكتیك بێت. لەزەمەنی ڕابردوودی خۆماندا ، بەهۆی نەبوونی خوێندەواری پێویست ولەولاشەوە نەفامی وتەمبەڵی، گوێ بیستی حیكایەتخوانەكان دەبوین، گەر حیكایەتخوان ،شەوێك لەشەوان ئامادەنەبوایە، ئەوا گوێگران بێجوڵە وسەرگەردان دەبوون. ئەم سستی خوێندنەوەیە زۆر ترسناكە ،چونكە گەر تاكێكی ،بەنموونەی حیكایەتخوان ، چووە دەرێ لە بازنەكە ئەوا سەرجەم تاكاكان شكست دێنن.بەمەش سەرجەم خاڵ وزانیارییەكان لەدەست دەچن و، جارێكی تر، وەك كارێكی ڕەوڕەوەیی ،دەگەرێینەوە بۆ خاڵی سفر وەك ئەوەی هیچمان نەكردبێت .
سێهەم/ بەرژەوەندییەكان. بەرژەوەندییەكان، بەتایبەتی لەجۆری میتریاڵیزم، بەكاری سڕینەوەی داتا مێژوویی وئەدەبی وڕۆشنبیرییەكان هەڵدەستێت. خاوەنی ئەم جۆرە لەبەرژەوەندی هەمیشە سەرقاڵی ئەوشتانەن كەلەسروشتی خۆیانەوە نزیكن وخۆیان نادەن لەقەرەی شتە پیرۆزەكان كە دەكەونە دەرەوەی   ئەم بەرژەوەندییەكانە. گەر بەرژەوەندییەكان بۆ شتە پیرۆزەكان تەرخان بكرێت ، وەك گەڕان بەدوای قەوارە وناسنامەی نەتەوایەتی وزمانی وكلتووری وفەرهەنگی وئەدەبی ...هتد، ئەوا بێگومان ئەم گەڕانە پێویستی بەخوێندنەوە وهیلاكی وفیداكاری ودڵسۆزی ونارەحەتی هەیە.بۆ نموونە گەر سەیرێكی دەقە شیعرییەكانی بێكەس بكەین ئەوا بەئاشكرا هەست بەوە دەكەین كەبەرژەوەندی شاعیر لەوەدا كۆدەبێتەوە كە گەلەكەی،وەك گەلانی جیهان، بگات بە ئاواتی خۆی ولەهەمان كاتدا خوێندەوار وڕووناكبیر وڕۆشنبیر بێت وكۆیلایەتی قبوڵ نەكات وكار بۆ ناسنامەكانی خۆی بكات.شاعیر جگە ئەمانە هیچ شتێكی تری مەبەست نیە. هەروەها بەرژەوەندییەكانی مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگ خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە گەلەكەی هەمیشە پێشكەوتوخواز بێت وكار لەسەر ووردەكارییەكانی شوناس بكات ولەدوورەوە نەڕوانێتە شتە پیرۆزەكانی كۆمەڵگا,بەڵكو لەبری ئەمە بایەخ بە كلتووری ناوەوە ودەرەوە خۆی بدات  وبەهۆشیارییەوە بڕوانێتە كەرەستە زمانیی وفەلسەفی وئایینی وسیاسی وئەدەبی وفەرهەنگییەكان. تەنانەت ،ئەم بیرمەندە گەر بەلای هەندێكەوە قسەیەكی خواردبێت بەو پێیەی دۆستایەتی وپەیوەندی لەگەڵ ئینگلیز توندو تۆڵ بووە، ئەوا لەلایەكەوە ئەو هەستەی لادروست ببوو كە هێزی تاكی كورد  بۆ شتەكان لاوازە وتوانای دەرخستنی زانیارییەكانی نیە وتەنها ئینگلیزە كە لەناخی بۆچوونەكانی ئەم بگات. لەلایەكی تریشەوە،بێ چەند وچوون،ئەمەی  لەپێناو بەرژەوەندییە گەورەكانی كوردا ئەنجام داوە كە دوای چەندین ساڵ ئەمڕۆ سەركردایەتی كورد وعەرەب وجیهانی سێهەم بەهەمان بۆچوون وهەڵوێستەی ئەم بیرمەندە كار دەكەن وزۆر بەمەمنوونییەوە باوەشیان كردووە بەهێزە سەرەكییەكانی دەرەوەدا.لێرەدا مامۆستا وەهبی بەگ ئەو ڕاستییەی لا دروست ببوو كە تاكەكان لەڕێگەی پەیوەندییەكان بەجیهانی دەرەوە وسەرچاوە بەنرخەكانی ئەم جیهانە دەتوانن بزێو بن ولەشتەكان بگەن وپرسیاریشی لەسەر بكەن. ئەم بیرمەندە ڕۆشنبیرە هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە لەهەوڵی گۆڕینی فۆڕمەكاندا بوو ،ئەو فۆڕمانەی كە بەدرێژایی زەمەن ژەنگیان گرتبوو.بەمانایەكی ڕوونتر، بەرژەوەندییەكانی ئەم بیرمەندە لەوەدا بوو كەگۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لەبۆچوونە كلاسیكییەكاندا بكات تا تاكی كورد زیاتر هوشیارتر بێت ولەمەسەلە وشتە گەورە وبچووكەكانی خۆی ودەرەوە بگات. گەر هوشیارتریش بوو ئەوا لەلایەكەوە باشتر تێدەگات كە پەیوەندییەكان جێگەی مەترسی نین بەتایبەتی گەر توانیمان بەشێوەیەكی زانستی ولۆژیكیانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین. لەلایەكی تریشەوە توانا لۆكەڵییەكان بەس نین بۆ دەرخستن وتێگەیشتن وڕاڤەكردنی شتەكان, بەتایبەتی شتە هەستیار وگەورەكان كە دوا ڕۆژی تاكەكانی پێوە بەندە. ئەم زانایە هەمیشە خوازیار بوو سەرجەم تاكەكان ،وەك خۆی ،هوشیار وڕووناكبیر ورۆشنبیر بن وبەرپرسیارێتی پرسارەكانیش لە ئەستۆ بگرن. گوێنەگرتن لەبۆچوون وئایدیاكانی مامۆستا وهاوشێوەكانی هۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ هەژاری ونەخوێندەواری كۆمەڵگای كورد، لەهەمان كاتدا بۆ هەرەس هێنانی بزووتنەوە شۆرشگێرییەكەی مەلیك مەحمود.ئەم نەگوێگرتنە تەنها پەیوەست نیە بەزەمەنی ڕابردووەوە،بەڵكو تا ئێستاش بەردەوامی خۆی هەیە وهەڵەكانیش بەهەمیشەیی دووبارە دەبنەوە.
چوارهەم/ بەگوتارنەكردنی پرۆسەی فیكری وئەدەبی وسیاسی وسۆسیۆڵۆژی. لە لێكۆڵینەوەیەكماندا بەناونیشانی" گوتاری كوردی", كە لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ _ئەدەب وهونەر_بە سێ بەش بڵاوبۆتەوە ، ژمارە ، 5531 ،5538 ، 5525 ,بەدرێژی جەختمان لەسەر دروست بوون ولە بارچوونی گوتار كردووە.لێرەدا گەر گوتار بریتی بێت لەدەنگی تاك وبەرجەستەكردنی ئەو دەنگە لەنێو ڕەهەندە فیكری وسۆسیۆڵۆژی وسیاسی و ئەدەبییەكان، ئەوا لەلایەكەوە ئەم جۆرە مامەڵەیە دوورە لەبونیادی كەسیەتی كورد بەو پێیەی دەنگەكانمان كپ وشاراوەن وتوانای دەربڕین وشیكردنەوە وڕاڤەكردنیان نیە.لەلایەكی تریشەوە قورسایی هێزی دەرەوە هاوشێوە وهاوسەنگی لەگەڵ ئێمەی كورد دروست ناكات وتاكەكانمان لەهەوڵی پركردنەوەی بۆشاییەكاندا نین ودەنگە لۆكاڵییەكان توانای بەڕێوەبردنی پرۆسەكانیان نیە .بۆ نموونە ،بەهەوڵ وكۆششی چەند ڕووناكبیرێك بەشێك لەدەق ونووسینە بێگانەكان وەرگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی ، بەڵام گەر پرسیار بكەین ، ئێمەی كورد ،چەند سوودمان لەو دەق ونووسینانە بینیوە وچەندیش كارمان لەسەریان كردووە!.واتە ،ڕۆڵی فۆكۆ وسارتەر وسیمۆن دی بۆڤوار وكامۆ وگۆڵدمان وئەمبیرتۆ ئیكۆ ...هتد لەسەرتاك و نووسەران وڕەخنەگرانی كورد چییە و چەندە! یان چەند سوودمان لە تاقیكردنەوەكانی ئۆسكار وایەڵد وشێڵی وبایرۆن وكیتس وئیلێوت ڤێرجینیا ووڵف بینیوەو چۆنیش وانەكانیمان خستۆتە ژێر كارنامە پراكتیكییەكانەوە؟ كەواتە ئێمەی كورد ، لەڕێگەی ئەم كەسایەتیانەوە ،دەتوانین سنوورە لۆكاڵییەكانی خۆمان ببەزێنین وگوتاری پێ دروست بكەین.لەهەمان كاتیشدا دەتوانین ،بۆ جارێكی تر، بەشێوەیەكی زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ دەقەكانمان بە كۆن وتازەوە بكەین .ئەمەش لەپێناو بەدەرخستنی ڕێژەی سەلیقە وبەهرە وداهێنان وتێگەیشتنی خاوەن دەقەكانە.گەر گۆران بە نموونە وەربگرین ئەوا لەجەمسەرێكەوە ئەم شاعیرە هەڵقوڵاوی ڕۆشنبیریەتی ئەدەبیاتی كوردی كۆن وڕۆژهەڵاتە ، لەجەمسەرێكی تریشەوە مەعریفیەت وڕۆشنبیریەتی ئەوروپا ،بەنموونەی ئەدەبیاتی ئینگلیزی ، سەرچاوەیەكی هەرە گرنگی ئەم شاعیرەیە. دواتر بەمەشەوە نەوەستاوە وتواناكانی خۆی تاقیكردۆتەوە لەنێو تیۆر وڕێبازە فەلسەفی وئەدەبییەكان ولەهەمان كاتیشدا ڕۆحیانەتێكی كوردی ڕەسەنی بەدەقەكانی بەخشیوە.تەنانەت گەر كاریگەریشی لەسەر بووبێت ئەوا هونەری كاریگەرییەكەی گواستۆتەوە بۆ داهێنان . بەمەش گۆران دەبێتە دەنگێك كە توانای بەڕێوەبردنی بابەتەكانی هەیە، بەتایبەتی لەبواری سۆسێۆڵۆژیا وفیكر وسیاسەتەوە.لەم گۆشەیەوە, شاعیرتەنها وەك شاعیرێك سەیر ناكرێت ، بەڵكو وەك بیرمەند وڕووناكبیر وڕۆشنبیر وخاوەن ئەزمونیش ،كە لەڕووی كارنامەوە ، كارنامەكانی هاوشێوەی كارنامەی شاعیرە مەزنەكانی جیهانە بەنموونەی ئۆسكار وایەڵد وشێڵی بایرۆن وۆردز ۆرس وكیتس...هتد.ئەم دەنگەی گۆران گەرچی گاریگەری خۆی هەیە، بەڵام گوتاری كوردی پێویستی بە دەنگەكانی تریشە وەك كارێكی هەماهەنگی وتەواوكاری.
پێنجهەم/ هێزی نەبزواندن. لەوكاتانەی كەكەرەستەكان پشت بەهێزی بزواندن نابەستن،ئەوا نەسەقەكان لەنێوان خودی بكەر وبابەتەكان بەرەو تێكشان دەچێت، بەڵكو بۆشایی گەورە دەكەوێتە نێوانیان وەك ئەوەی هەریەكەیان بۆ پرۆسەیەكی تایبەت وجیاواز كار بكات كەپەیوەندی بەپڕۆسەی بەرامبەرەوە نیە. ئێمەی كورد لەم حاڵەتانەدا چێژ لەهێزە بزواندنە میتریاڵیزمییەكان دەبینین وبەهەچ شێوە و شێوازێك بێت دەمانەوێت بگەین بەم جۆرە هێزە. بەڵام نەهاتوین كار لەسەر هێزە بزواندنە ئایدیاڵیزمەكان بكەین و بیكەین بەبەردی بناغەی كەسێتی كۆمەڵگا وكلتوور وداب ونەریت، بەڵكو ،لەمەش زیاتر، دەشیان تۆرێنین. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت  كەهێزی بزوێنەری ئایدیاڵیزیمان لاوازە وبەڵكو لەزۆر حاڵەتیشدا بوونی نیە.گەر هێزی بزوێنەری ئایدیاڵیزم بوونی نەبوو ئەوا گوتارە بە وێنەكراوەكانمان بە ئاشكرا دوور دەكەوێتەوە لەڕاستییەكان وزیاتر خۆی لە بەڕێكردنی بابەتەكاندا دەبینێتەوە. حەزرەتی نالی لەچامە بەناوبانگەكەی كە بۆ سالمی هاوڕێ وهاوبیری نارد، لەڕێگەی هێزی بزواندنی ئایدیاڵیزمییەوە توانی ناخی خۆی ونیشتمان وزەمەنەكەی بخاتە نێو چوار چێوەی ئەو چامەیەوە كە بەئاشكرا هەست بەگریان وناڵە وهاوار ودابڕان ونامۆبوون وتەنیایی ودەربەدەری دەكەین. واتە ،نالی ، وەك خودی بكەرێكی ئەكتیڤ، ڕێكەوتنێكی ڕۆحی وئایدیاڵیزمی لەگەڵ بابەتەكەی، كە نیشتمان ودەسەڵاتەكەی بوو ، بەستووە وئەم وێنەیەی كردووە بەچەقی كارنامە وهەڵوێست. بەمەش گەر كارنامەی پێشووی شاعیر خۆی لە بابەتە سۆزداری وسۆسیۆڵۆژییەكاندا ببینێتەوە، ئەوا ئێستا كارنامەیەكی فیكری وسیاسیشی چووە پاڵ.ئەمڕۆ ئەوانە زۆرن كە ڕێچكەی ستراتیژیەتی نالی یان گرتووە ولەڕێگەی فەنتازیای خەیاڵەوە ماوەكان تێدەپەرێنن وبەرۆح هەمیشە لە نیشتمانن وئاگاداری ووردەكارییەكانی ئەم نیشتمانەن.پەشێو وجەمال غەمبار یەكێكن لەوانە.گۆران یش لەزەمەنە ڕۆمانسیزمییەكەیدا، كە باس لەئافرەت وسروشت و جوانییەكان دەكات، نەیتوانیوە، بەرامبەر بە ڕووداوەكان ، دوورە پەرێز بوەستێت. شیعری "شەهید" كە بۆ شەڕی بەردەركی سەرا وشەهیدبوونی هەڵۆ بەگی نووسیوە بەڵگەی ئەم ڕاستیەن :
هەزار و نۆسەد و سی بوو، شەشی ئەیلوول كە ڕۆژ هەڵهات:
غرێوی ویستنی حەق كەوتە ناو شاری سلێمانی،
"هەڵۆ بەگ" ئەو جوانەی پڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات،
لە پێش جەمعێكەوە تا بەر سەرا ڕووی هەڵمەتی هانی
هۆكاری سەرەكی نووسینی ئەم دەقە تەنها پەیوەست نەبوو بە خودی پاڵەوان، بەڵكو هەستە نەتەوایەتیەكە بزوێنەری ڕاستەقینەی دەقەكەیە، بەوپێیەی زەمەنی پاڵەوان كۆتایی پێهاتووە. ئەو بارودۆخانەی كە ئەم جۆرە هەستە دەبزوێنن بریتین لەپەیوەندی پەیوەستێتی وئایدیۆڵۆژیایی لەنێوان خودی بكەر وبابەتەكە ئەویش وەك پرۆسەیەكی ئۆرگانی كەهەمیشە خۆی لەیەكگرتنەوەكاندا دەبینێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە زۆربەی شاعیرانی زەمەنی رابردوو ،بەنموونەی برایم ئەحمەد,بەهۆی ئەم جۆرە هەڵوێستانەوە، خۆیان لەبەندیخانە وگرتووخانە ومەنفا دیوەتەوە. هەر ئەم جۆرە هەڵوێستەش بوو كەحەزرەتی نالی یان ناچاركرد كە بۆ هەتا هەتایە جارێكی تر شارە پیروزەكەی بەداگیركراوی نەبینێتەوە ، ئەمە لەكاتێكدا نالی دەیتوانی ،وەك بەرژەوەندییەكی میتریاڵی، نزیك بێتەوە لەهێزی دەسەڵاتی داگیركەر وبەڵكو فەرشی سوریشی بۆ ڕابخرێت.بەڵام گەورەییەكەی نالی لەوەدا بوو كە مەنفا وئازارەكانی هەڵبژێرێت وبیكات بەڕۆح ونیشتمانی دوهەمی.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved