ئەم کتێبە دووەمین ئەزموونی شیعری (گۆران ڕەئووف)ە پێکهاتووە لە دە پارچە شیعری جیاواز ، سەرجەم شیعرەکانیی ناو ئەم کتێبە جۆرێکە لە خۆمانیفێستکردن و خستنەڕووی گۆشەنیگای خودی نوسەر لەئاست دنیا و بەکەوتنی لەگەڵ پرۆسێسی ژیاندا، وشەکانیش بریندارن لە دووتوێی ۱۳۰ لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە. سەبارەت بە کتێبی شیعری وشەکانیش بریندارن گۆران ڕەئووف بەسایتی خاکی وت:ئەم کتێبە ئیشکردنی منە لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا لەو ماوەیەدا تەنیا ئەو شیعرانە چانسی گەیشتنیان بەم کتێبە هەبووە، لەکاتێکدا هەم لەڕووی کاتەوە مەودایەکی فراوان و هەم لە ڕووی کارکردنەوە پانتایەکی گەورە هەبووە بۆ نووسین، چەندان شیعری دیکە کە لەڕابردوودا وەک شیعر تەماشام کردوون و هەندێکیشیان بڵاوکراونەتەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵە ئەلیکترۆنییەکاندا، بەڵام ڕێگەم بەخۆم نەداوە ببنە بەشێک لەم کتێبە ترس و مۆڕاڵی شاعیرانە و هەستیی بەرپرسیارێتیمە لە ئاست شیعر و نووسیندا، کەوایکردووە لەو ساڵانەدا تەنیا ئەو شیعرانە وەک نەخش و هەوڵی خۆم بەیانبکەم لە دنیای شیعردا بیرمان نەچێت، شیعر لە دنیای ئەوڕۆدا، زۆر ئەرک و وەزیفەی نوێی لەسەرشانە، کەوا لە نووسەر، یان شاعیر دەکات، وردتر و ئەخلاقیانەتر مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو دنیایەدا، کە دنیایەکە هیچی لە فەلسەفە و تەواوی ژانەرەکانی تر کەمتر نییە و لە قوڵاییدا بەر مەعریفە و پرسیار و کەشفکردن و وردبوونەوە دەکەویت کە گرنگە شاعیر بەم نەفەسەوە دەستبەرێت بۆ دنیای شیعر. خاک-تانیائاوارە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure