10/2/2019 03:58 PM

نواندنی سینتاكسی لە زمانی كوردیدا

   لە چوارچێوەی ئەو لێكۆڵینەوە زانستییانەی لە بواری زمانەوانیی كوردیداو بەتایبەت لەسەر ئاستی زانكۆكان ئەنجامدراون، گەلێك كاری زانستیی بەپێز لەلایەن خوێندكارانی خوێندنی باڵاوە بەپێی تیۆرو میتۆدە جیهانییەكان پێشكەشكراون، بەوەش ڕەوتی زمانەوانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێم بەگشتی‌و زانكۆی سلێمانی بەتایبەتی، گەشەكردن‌و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

    لەم ڕووەوە ڕۆژی (23/1/2019)، لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی لەبواری زمانەوانیی كوردی_ئاستی سینتاكسدا، لە دووتوێی تێزێكی دكتۆرادا لەلایەن خوێندكاری خوێندنی باڵا (سازان زاهیر سعید)ەوە بە ناونیشانی (نواندنی سینتاكسی لە زمانی كوردیدا)، كە (پ.ی.د.عەبدولجەبار مستەفا مەعرووف) سەرپەرشتیكردووە، لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی، بەسەركەوتوویی گفتوگۆكرا.

لێكۆڵینەوەكە، هەوڵێكە بۆ نواندن‌و بەرجەستەكردنی زانیاریی ئەبستراكتی توخمە پێكهێنەرەكانی فەرهەنگ لە گشت ئاستەكانی نواندندا، كە لە سنوری ڕێزمانی بەرهەمهێنان‌و گوێزانەوەی چۆمسكیدا كاری تێداكراوە، تێیدا وەچەتیۆرییەكانی تیۆری (دەسەڵات‌و بەستنەوە_ GB)، بەتایبەت تیۆری (X-bar) مەوداو چوارچێوەی زانستیی لێكۆڵینەوەكەیان پێكهێناوە. لەو ڕووەوە، كۆی ئەو زانیارییە زمانییانەی، بەشێوەیەكی نادیار لە فەرهەنگی ئاوەزیی تاكدا هەڵگیراون، لە دروستە زمانییەكانی وەك پڕۆژە (ناوەندییەكان، ڕستەییەكان، پاش_ڕستەییەكان)دا پەیوەست بە زمانی كوردییەوە هەڵهێنجراون، چونكە ئەو دروستانە هەڵگری هەموو ئەو زانیارییانەن، كە لە توخمە فەرهەنگییەكەی X0 دا وەك بنەڕەتی بەرهەمهێنانی دروستە سینتاكسییەكان X-، هەن‌و گەنجكراون. بۆ ئەوەش، بەڵگەو داتاكان لە شێوەزاری سلێمانییەوە وەرگیراون‌و تاقیكراونەتەوە. گرنگە ئەوەش بگوترێت، كارەكە بەپێی ڕێبازی (پەسنی شیكاریی) ئەنجامدراوەو هەنگاوەكانیشی لە چێوەی سێ بەشدا نراون، كە هەر بەشێك چەند پارو وەچەپارێك لەخۆدەگرێت. 
    لێكۆڵەر، بەشی یەكەمی نامەكەی (فەرهەنگ‌و بنەما تیۆرییەكان)، بۆ لایەنی تیۆریی كارەكە تەرخانكردووە، بەجۆرێك زانیارییە زمانییەكان لەناو پێكهاتەی فەرهەنگدا پەیوەست بە نواندنی فۆنۆلۆژیی‌و مۆرفۆلۆژییەوە خراونەتەڕوو، بەوپێیەی ئەم زانیارییانە دەبنە بنەمای بەرهەمهێنانی هەر دروستەیەكی سینتاكسی‌و سیمانتیكی، پاشان ئەو وەچەتیۆریی‌و تیۆرانە خراونەتەڕوو، كە لە لێكۆڵینەوەكەوەدا كاریانپێكراوە.
بەشی دووەمی لێكۆڵینەوەكە، بەناونیشانی (پڕۆژە ناوەندییەكان‌و نواندنیان)، تایبەتكراوە بە لایەنی پراكتیكیی خستنەڕووی هەنگاوەكانی بونیاتنانی پڕۆژە ناوەندییەكانی دەستەواژیلەو دەستەواژە بەپێی ڕێسای پڕۆژەسازدان، وەك پڕۆژە سینتاكسییەكانی (T-, P-, V-, Conj-, D-, A-, N-)، كە ناوبراو پەیوەست بە زمانی كوردییەوە، لە چەند پێكهاتەیەكی سینتاكسیدا هەنگاوەكانی بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆژانەی بەپێی تیۆری X-bar بۆ بونیاتنانی دروستەی سینتاكسیی تێرو بێكەموكوریی، جێبەجێكردووە.
لە بەشی سێیەمدا، جەختكراوەتە سەر (نواندنی پڕۆژە ڕستەیی‌و پاش_ڕستەییەكان)و تێیدا پڕۆژەی (فرێزی ڕێككەوتن)، پەیوەست بە پێكهاتە سینتاكسی‌و واتاییەكانەوە پەسنكراوە، دواتر نواندنی پاش_ڕستەیی كردارەكان بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەی ڕستەیی جیا خراوەتەڕوو، لە پارەكانی دواتریشدا، هەریەك لە پڕۆژەكانی (مۆرفۆسینتاكس، ترۆپك) وەك لێكەوتەی پڕۆژە ڕستەییەكان، نوێنراون. وێڕای ئەوەش، لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكەدا ئەو ئەنجامانەی لێكۆڵەر پێیانگەیشتووە، خراونەتەڕوو.
جێی باسە، لیژنەی گفتوگۆ لە بەڕێزان (پ.د.وریا عومەر ئەمین_سەرۆك، پ.د.فەرەیدون عەبدول محەمەد_ئەندام، پ.د.ئەبوبەكر عومەر قادر_ئەندام، پ.ی.د.شەهاب تەیب تاهیر_ئەندام، پ.ی.د.ئازاد ئەحمەد حسەین_ئەندام، پ.ی.د.عەبدولجەبار مستەفا مەعرووف_ئەندام‌و سەرپەرشت) پێكهاتبوو. 

خاك








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved