11/2/2019 09:05 AM

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مێرمنداڵه‌كان به‌ره‌و خه‌مۆكی زیاتر ده‌به‌ن؟

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ، كات به‌سه‌ربردن له‌سه‌ر ئینستاگرام، سناپچات یان فه‌یسبووك نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵان زیاتر خه‌مۆك ببن.

توێژه‌رانی كه‌نه‌دایی بۆیان ده‌ركه‌وت كچانی مێرمنداڵ كه‌ پێشتر خه‌مۆكییان بووه‌، له‌ حاڵه‌تی به‌كارهێنانی زیاتری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا خه‌مۆكییه‌كه‌یان خراپتر نه‌بووه‌.

ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مدواییه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن مێرمنداڵان و كه‌سانی گه‌وره‌ساڵ به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خه‌مۆكییان زیاتر ده‌بێت.

كێشه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌كانی پێشوو ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زیاتر له‌ خه‌مۆكی گه‌وره‌ساڵان و به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له‌ كاتێكی تایبه‌تدا كۆڵیوه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی كاته‌كان یه‌ك هۆكاریان له‌به‌رچاو گرتووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كه‌ هۆكاره‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كتر داده‌نێن.

له‌ توێژینه‌وه‌ نوێیه‌كدا هه‌وڵدرا كه‌ هه‌ڵسوكه‌تی به‌شداربووان له‌ ماوه‌یه‌كی كاتی درێژدا بخرێته‌به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌. له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2017ه‌وه‌و ساڵی دوو جار، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌گه‌ڵ 600 كه‌س له‌ به‌شداربووانی پۆله‌كانی شه‌ش و حه‌وت و هه‌شت وتووێژ كراوه‌. له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت كه‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ره‌سه‌ندنی خه‌مكۆی پێشبینی ناكات. به‌ڵام ئه‌و كچه‌ خوێندكارانه‌ی كه‌ نیشانه‌كانی خه‌مۆییان زیاتر بووه‌، زیاتر حه‌زیان به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووه‌. توێژه‌ران ئه‌و ئه‌نجامه‌یان بۆ كوڕان پشتڕاست نه‌كرده‌وه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved