15/2/2019 06:54 PM

ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ

ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ، ڕۆمانێک کە ٣٥ ساڵ بەر لە ساڵی ناونیشانی کتێبەکە نوسراوە.


ڕۆمانەکە دەچێتە قاڵبی پێشبینیکردنی داهاتوو، هەروەها وەک ڕۆمانێکی ئاگادارکەرەوە دادەندرێت بۆ مرۆڤایەتی، ڕۆمانەکە زیاتر لەوەی ڕۆمانێکی ئەدەبی سادە بێت، ڕۆمانێکی ئەدەبی سیاسیە، لە ڕۆمانەکەدا ئۆروێڵ نەخشەیەکی نوێی بۆ جیهان دروست کردوە کە لە سێ هەرێمی سەرەکی پێک دێت و تەواوی جیهان دابەشدەبن بەسەر ئەو سێ هەرێمەدا، ئەوانیش (ئۆشیانا، ئیورئەیژیا، ئێست- ئەیژیا)، ڕووداوەکانی ناو کتێبەکە لە هەرێمی ئۆشیانا ڕوودەدەن کە بە پێی ئۆروێڵ لەندەن بەشێکە لە ئۆشیانا، بە ورد و درشتی باس لەوە دەکات کە سیستەمێک چۆن گەلەکەی چەوساندۆتەوە و چۆن توانیویانە هەموو شتێک وهەموو شوێنێک کۆنترۆڵ بکەن، چ ماڵەکانیان و چ شوێنی کارەکانیان و هەموو وردەکاریەکانیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، بەشێوەیەکی گشتی زۆر جەخت لەسەر تەکنەلۆژیای نوێ دەکاتەوە کە دەکرێت چۆن بەکاربهێندرێت، بەشێکی زۆری ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە ئۆروێل لە ڕۆمانەکەدا باسیان دەکات لە کاتی نوسینی ڕۆمانەکە بوونیان نەبووە، بەڵام بە هۆکارێکی ترسناکی دادەنێت کە دەکرێت بەکاربێت بۆ بە کۆیلەکردن و سنووربەستکردنی مرۆڤ. کاتێک لە بارەی هەندێک لە پاشخانی ئۆروێڵ دەخوێنیتەوە، دەزانیت کە ئۆروێڵ لە کەناڵی (بی بی سی) بەڕیتانی کاریکردوە، لە ڕۆمانەکەشدا کارەکتەری سەرکی کە ناوی (وینستن)ە لە وەزارەتی ڕاستی کار دەکات لە بەشی تۆمارەکان، ئەمەش بە بڕوای بەشیک لە خوێنەران دەکرێت کارەکتەری وینستن خودی خۆی بێت، ئۆروێڵ لە نوسینی ئەم ڕۆمانەدا کۆمەڵیک دەستەواژەی نوێی داهێناوە، وەک بەکارهێنانی دەستەواژەی وەزارەتی ڕاستی کە مەبەستی لەو وەزارەتەیە کە بەڵگەکان دەستکاری دەکەن و پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە، هەروەها ئۆروێل لە نوسینی ڕۆمانەکانیدا کاریگەری شۆڕشی ڕووسی ١٩١٧ و جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم بەسەریەوە دیارە، بە تایبەتتر کە دەبینی ١٩٨٤ ی لە ساڵی ١٩٤٩ دا نوسیەوە کاریگەریەکی زۆری لەسەر هەیە بە ڕووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەم و هیتلەر و فاشیستەکانی ئیتاڵیا و چەندانی تر، بە یەکێک لەو نوسەرانە دادەندرێک کە کۆمەڵێک وشەی بۆ زمانی ئینگلیزی زیادکردوە، کتێبی ١٩٨٤ دەربارەی جیهانێکی خەیاڵی تۆتالیتاری( دیکتاتۆری) یە، کتێبەکە توانی کارتێکردنێکی قوڵ درووست بکات، بە ناونیشانەکەی وە هەروەها بە کۆمەڵێک دەستەواژەی ناوی، وەک (برای گەورە چاودێریت دەکات) ، نیوسپیک (زمانێکی چەواشەکار کە سیستەم بەکاری دەهێنێت بۆ لەناوبردنی زمانی سەرکی، هەروەها بۆیا وا لە خەڵک بکات نەتوانن بیرۆکەکانیان دەرببڕن)  (قبوڵکردنی دوو بیرۆکەی تەواو دژبەیەک لە هەمان کاتتدا) بوون بە بەشێک لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی خەڵک، ئەمەش یەکێکە لەو کارانەی کە کارێکی باو نیە و کەمن ئەو کەسانەی ئەو توانایانەیان هەبێت، وەک شکسپیر لە سەدەکانی کلاسیک کردویەتی و نمونەیەکیش بۆ ئەدیبێکی کورد بە شێوەیەکی سەرەکی (شێرکۆ بێکەس) ی شاعیر توانیویەتی ئەمە بکات.
ئۆروێڵ خاوەنی چەندین ڕۆمانی بەهێزە لەوانە (مەزرای ئاژەڵان، ١٩٨٤) کە وەک وانەیەک لە زۆرێک لە بەشەکانی تایبەت بە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زۆرێک وڵاتانی جیهان دەخوێندرێت و تا وەکو ئێستاش نوسینەکانی توێژینەوە و وردبوونەوەیان تێدا دەکرێت، وە بە یەکێک لە نوسەرەکاریگەرەکانی سەدەی بیست دادەندرێت.
ئۆروێڵ لە دوای تەنها یەک ساڵ لە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە بە نوخۆشی سیل کۆچی دوای کرد لە ٢١ ی ١ ی ١٩٥٠دا.


خاك- لاس لوقمان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved