16/2/2019 09:35 AM

هاورده‌ی ده‌رمانی قڕكه‌ر راده‌گیرێت

كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نگه‌وانانی كوردستان داوای رێگریكردن له‌ هاورده‌كردنی ده‌رمانی قڕكه‌ر ده‌كه‌ن.

بێستون عەلی سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی نوسینگه‌و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: رێگری تەواو لە هەموو ئەو ماددەو دەرمانە قڕكەرانە دەكرێت كە زیان بە هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەگەیەنێت.

لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی قائیمقامیەتی سلێمانیان كردووە، كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان داوا دەكەن رێگرێی تەواو بكرێت لە فرۆشتنی هەموو جۆرەكانی ماددەی قڕكەری زیانبەخش لەنێو بازاڕەكانی شاری سلێمانی بەتایبەت ئەو ماددانەی كە دەبنە زیانگەیاندن بە سامانی هەنگ و كاریگەری خراپیان لەسەر بەرهەمی هەنگ دەبێت.

لە كۆبوونەوەشیاندا لەگەڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بەوردی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە كراو قائیمقامی سلێمانی دڵنیایی دایە كۆمەڵەكەو وتی: لەرێگەی لیژنەی بەدواداچوونی نوسینگەو كۆمپانیا كشتوكاڵیيەكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رێگری تەواو لە هەموو ئەو دەرمان و ماددە زیانبەخشانە كراوە كە زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەگەیەنێت.

بێستون عەلی وتی: هەموو بازگەكانیان ئاگاداركردووەتەوە رێگری تەواو لە هاوردەكردنی ئەو ماددە زیانبەخشانە بكەن, ئەوەشی وت : بەهۆی بەدواداچوونەكانیانەوە  لە شاری سلێمانی تا رادەیەكی زۆر رێگری لە فرۆشتنی هەموو جۆرەكانی دەرمانی قڕكەری زیانبەخش كراوەو لە بەرنامەیاندایە لە شارو شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانیش هەڵمەتی رێگریكردن لەو ماددانە دەستپێبكەن.
    
خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved