18/2/2019 10:42 AM

بەهۆی قەڵەویەوە شێرپەنجە ڕووی لە زیادبوون کردووە

بەپێی توێژینەوەکان شێرپەنجە بەهۆی قەڵەوییەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی ئەو شیکاریانەی کە لە لایەن کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکییەوە بڵاو کراوەتەوە ڕێژەی شێرپەنجە لە نێو گەنجاندا بەهۆی قەڵەوییەوە ڕووی لە زیاد بوون کردووە و لە تەمەنێکی گەنجترەوە دەرەکەوێت. 

بەپێی توێژینەوەیەك کەلە (لانسێت پوبلیک هێلس) بڵاو کراوەتەوە،  ١٢ جۆری شێرپەنجە کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەبوو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠١٤ وە هەروەها ١٨ جۆری دیکەی شێرپەنجە کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە نەبووە. ئاڕاستەیەکی مەترسیدارە بۆ کەسانی نێوان ٢٤ بۆ ٤٩ ساڵ. 

ئەحمەدین جەمالی هاو-نوسسەری توێژینەوەکە کە هاوسەرۆکی پرۆژەی توێژینەوە و چاودێری تەندروستییە لە کۆمەڵگەی شێرپەنجەی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە"مەترسی شێرپەنجە لە گەنجاندا بۆ نیوەی نەخۆشییەکان کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە ڕووی لە زیاد بوون کردووە وە لە گەنجەکانیشدا ڕێژەکە زیاترە".

ئەوەشی خستۆتە ڕوو " ئەنجامی توێژینەوەکان هۆشداریە بۆ هاوڵاتیان لە داهاتوودا لە ئەو شێرپەنجانەی کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە ئەمەش دەبێتە هۆی وەستاندن یاخود هەڵگەڕانەوەی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا کراوە".

ئەو ٦ نەخۆشیەی شێرپەنجە کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە و لە گەنجەکاندا سەری هەڵداوە ئەمانەن، (شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی منداڵدان، شێرپەنجەی کیسەی زەرداو، شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی پەنکرسیاس، شێرپەنجەی ئێسقان). 
زۆرێک لەم نەخۆشیانە لە کەسانی بە تەمندا دەرکەوتوون لە ڕابردوودا بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٦٠ تا ٧٠ ساڵیدایە.

لە توێژینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە کە تاکە گرووپ کە ڕێژەی شێرپەنجە تێیاندا ڕووی لە زیاد بوون کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو گەنجەکانن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی شێرپەنجە لە ڕەگەزی نێردا ڕووی لە کەم بوونەوە کردووە و لە ڕەگەزی مێینەشدا لە ئاستی خۆیدا وەستاوە و جێگیر بووە لە ئەمریکادا.

بۆ نموونە شێرپەنجەی پەنکریاس کە زۆربەی کات لە کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵدەردەکەوێت. ڕیژەی بەرزبوونەوەی شێرپەنجەی پەنکریاس لە کەسانی نێوان (٢٥ بۆ ٢٩ ساڵ) ٪٤،٣٤ بوو، (٣٠ بۆ ٣٤ ساڵ) ٪٢.٤٧ بوو، (٣٥ بۆ ٣٩ ساڵ) ١.٣١٪ بوو. وە لە کەسانی (٤٠ بۆ ٤٤ ساڵ) تەنهابە ڕێژەی ٠.٧٢٪ ڕووی لە زیادبوون کردووە. 
توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە ڕێژەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و مناڵدان و پەنکریاس و زەرداو لە نەوەی نوێدا دوو هێندەی نەوەکانی پێش خۆیانە. 
لە بەرامبەریشدا لە ئەو ١٨ نەخۆشی شێرپەنجەییە کە پەیوەیندی بە قەڵەوییەوە نییە جگە لە دوو دانەیان کە بەهۆی جگەرە کێشان و میکرۆبەوە مرۆڤ توشی شێرپەنجە دەکەن، ڕێژەکانی ئەوەکانی دیکە ڕووی لە کەمبوونەوە یاخود لە ڕێژەیەکی جێگیردا ماونەتەوە. ئەو دوو شێرپەنجەییە کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە نییە و لە گەنجەکاندا ڕووی لە زیادبوون کردوە بریتین لە (شێرپەنجەی گەدە و ڕیخۆڵە، شێرپەنجەی خوێن).
د.جۆرج چانگ لە سەنتەری شێرپەنجەی ئەندەرسۆن دەڵێت" توێژینەوەکە دەریدەخات کە ئەو شێرپەنجانەی کە پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو گرووپەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە کە لە چەن سەدەی ڕابردووەدا لە دایک بوون".

 چانگ دەشڵێت "نابێت دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە زۆر گەورەبکەین و بیکەینە شتێکی تۆقێنەر".

چانگ ووتی " توێژینەوەکە بەدوای هۆکارەکاندا نەگەڕاوە کە بۆچی ئەم نەخۆشیانە ڕوویان لە زیاد بوون کردووە، ئێمە دەزانین کە زۆر هۆکار هەیە کە کار دەکاتە سەر قەڵەوی و شیرپەنجە، لەوانە وەرزش نەکردن و خواردنی ناتەندروست. چەندێک ئەم هۆکارانە کاریگەریان دەبێت بۆ سەر شێرپەنجە روون نییە".

قەڵەوی نەخۆشییەکی جیهانییە، لە جیهاندا گەشتۆتە ڕێژەیەکی مەترسیدار بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مەزەندەی ئەوە دەکات نزیکەی ١ ملیار کەس قەڵەون و ٣٠٠ ملیۆنیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. 

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە لە وڵاتی بەریتانیا ٧ کەس لە هەر ١٠ کەسێک کە لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا لە دایک بووبێتن تا دەگەنە تەمەنی ٣٠ ساڵی و ٤٠ ساڵی توشی قەڵەوی دەبن. لە هەمان کاتدا لە نەوەی پێش خۆیان تەنها ٥ کەس لە ١٠ کەس توشی هەمان حاڵەت دەبوون.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکازیاتر لە ٪٤٠ هاوڵاتیانی ئەمریکا نەخۆشی قەڵەویان هەیە، هەروەها یەکێک لە ٦ منداڵی تەمەن ٢ بۆ ١٩ ساڵ توشی قەڵەوی بوون. 

توێژینەوەیەک لە (نیو ئینگلاند جۆرناڵ ئۆف مێدیسن) ساڵی ڕابردوو دەریخست کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ٪٦٠ منداڵ و هەرزەکارەکانی بەریتانیا توشی قەڵەوی دەبن لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا، وە نیوەی ئەو قەڵەویەش لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێدەکات. 
ئەم بەرزبوونەوەیەی ڕێژەی قەڵەوی دکتۆرەکانی توشی نیگەرانی کردووە بەهۆی پەیوەندی قەڵەوی بە نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە و ١٣ جۆری شێرپەنجە. 

د. نایسان بێرگێر لە زانکۆی کایس وێستێرن ڕیزێرڤ دەڵێت" هاوڵاتیان هۆشداریان نییە کە قەڵەوی پەیوەندی بە نەخۆشی شێرپەنجەوە هەیە".


پەیوەندی نێوان چەوری و شێرپەنجە

خانەی چەوری کە بە (ئەدیۆپۆس) ناسراون لە هەڵگرتنی ووزەی کالۆری ئەرکی زیاتر ئەنجام دەدەن. ئەو خانانە ڕژێنەری (فاتی-ئەسید، ترشە-چەوری)ن کە وەک هۆرمۆن کار دەکات و کار دەکاتە سەر کرداری هەرس کردن و زا و زێ و کێشی لەش، زانایان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە ئەو هۆرمۆنانە چۆن کار دەکەنە سەر هەندێک لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە. 

بێرگێر کە تاقیگەیەک بەڕێوە دەبات کە کار لەسەر قەڵەوی و شێرپەنجە دەکات، پێی وایە کە هەندێک لەو هۆرمۆنانە لەگەڵ هەندێک لە نەخۆشی شێرپەنجەکان بەباشی یەک دەگرن و تەواوکەری یەکترن و وادەکەن کە لە شوێنێکە خانەی زیاد لە پێویست دروست ببێت کە گونجاون پێکەوە. 
هەرچۆنێک کە ڕوو بدات زانایان دڵنیان لەوەی کە قەلەوی و شێرپەنجە پەیوەندیان هەیە. 

بێرگێر ووتیشی "لە ئاژەڵەکانەوە بۆمان دەرکەوتووە کە قەڵەوی کرداری نەخۆشی شێرپەنجە خێراتر دەکات. وە دەشزانین کە قەڵەوی هۆکارێکە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە و زیانیشی زیاتر بۆ ئەو نەخۆشانەی کە خۆیان شێرپەنجەیان هەیە. ئەوە بەشێوەیەکی بەرچاو چەسپێنراوە".

چانگ کە دکتۆری نەشتەرگەری شێرپەنجەیە دەڵێت " یەکێک لە هۆکارەکانی درەنگ چاکبوونەوە کاریگەری قەڵەوییە لەسەر ئەنجام و شوێنی نەشتەرگەریەکان. وە باسی لەوەش کرد کە پێنج لە ئەو ٦ نەخۆشی شیرپەنجەیەی کە لە نێو گەنجەکاندا ڕووی لە زیاد بوون کردووە کە بریتین لە (شیرپەنجەی کۆڵۆن، منداڵان، زەرداو، گورچیلە، پەنکریاس) بە شێوەی نەشتەرگەری چارەسەریان بۆ دەکرێت، نەخۆشیك کە قەڵەو بێت نەشتەرگەریەکەی ئاڵۆزتر دەبێت وەک لە یەکێک کە کێشی ئاسای بێت. 

بە ئاگا هاتنەوە لە قەڵەوی
بێرگێر دەڵێت ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان قەڵەوی و شێرپەنجەدا کە تابێت لە تەمەنی گەنجتردا دەردەکەوێت. ئەمەش دەبێت بە ئاگا هێنانەوەیەکی بەهێز بێت بۆ پزیشکەکان، یاسا دانەرەکان و هاوڵاتیان بە گشتی، بە تایبەت لە بابەتی قەڵەوی لە منداڵاندا. 

ئاماژەبەوەش دەکات " ئەبێت ڕای گشتی لەوە تێبگەیەنرێت کە هیچ کاتێک ئاسای نییە کە قەڵەوبین. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە قەت نابێت بڵێین 'ئەمە چەند منداڵێکی خرپن و جوانە و گوێی مەیەنێ کە قەڵەوە. دواتر قەڵەوییەکەیان لە دەست دەدەن'،  لەبەر ئەوەی قەڵەویەکە لەوانەیە دەستی کردبێت بە کارکردن لەسەر دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنججە لە منداڵەکەدا". 

چانگ ووتیشی "قەڵەوی لە تەمەنی منداڵیدا نیشاندەرێکی بەهێزە کە بە گەورەیش ئەو کەسە هەر بە قەڵەوی دەمێنێتەوە. وە بە ڕای من گرنگی ئەوەش دەردەخات کە قەڵەویەکە دەبێت بەهۆی ڕێک خستنی ژەمە خۆراکەکانەوە و وەرزشکردنی زۆر و باش قەڵەوییەکە نەهێڵدرێت. ئەو شتانە دەبێت جێگای گرنگی هەر یاسایەکی تەندروستی گشتی بێت".

خاك _ ئاسیا ئەحمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved