19/2/2019 04:01 PM

نوێژی دەریا

-لاوانەوەیەک بۆ ئالان کوردی -
نووسینی: خالید حوسەینی
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئەندیشە

وتەیەک

لە ٢ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٥دا، ڕووداوێک ڕووی دا کە ویژدانی دنیای ڕاچڵەکاند. هەرچەندە لە چەشنی ئەو ڕووداوانە لە مێژووە پڕ ژان و ئازارەکەی کورددا زۆرن، بەڵام پیشاندانی وێنەی ئەم ڕووداوە هەستێکی دڵتەزێنی لای بینەرانی دروست کرد لە جیهاندا و بووە مایەی باس و گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر دۆخی کۆچبەران و مەینەتییەکانیان. ئەو ڕووداوەش مەرگی "ئالان"ی سێ ساڵان بوو کە دواتر بە "ئالان کوردی" ناسرا و لە کەناراوەکانی تورکیادا لەگەڵ دایک و براکەیدا، وەختێ لەگەڵ باوکیاندا دەیانویست بە بەلەمێک و بە دەریادا بەرەو یۆنان هەڵێن، لە ئاوی دەریاکەدا خنکان.
خالید حوسەینی کە خۆی لە UNHCR کاردەکات، لە نزیکەوە ئاگاداری کارەسات و تراجیدیای ئەو کۆچبەرانە بووە و تەنانەت ماوەیەک و بە حوکمی کارەکەی سەردانی ئەو ناوچانەشی کرد و بە سەردانێکی کورت گەیشتە کوردستانیش. ئەم بەسەرهاتەی کردە هەوێنی ئەم کتێبە بچووکە، تا لەڕێی کارەساتەکەی "ئالان کوردی"ییەوە دۆخی نامرۆییانەی دەیان هەزار کۆچبەر و دەیان هەزار قوربانیی ڕێی هات و نەهاتی ئەو کۆچبەرانە بە بیری مرۆڤایەتی بهێنێتەوە کە لە دەست جەور و ستەمی ڕژێمە سیاسییە دڕندەکان و جەنگی نەخوازراو و سەپێنراو بەسەر مرۆڤەکاندا، بە پیر و مناڵەوە، وڵاتەکانی خۆیان جێدێڵن و بەدوای داڵدەیەکدا ڕێی مەترسیدار دەگرنە بەر.
ئەم کتێبە گەرچی بە قەوارە بچووکە و لە کورتە چیرۆکەوە نزیکە و پتر لە نامەیەک و لە لاوانەوەی باوکێک دەچێت کە ئاڕاستەی مناڵەکەی دەکات، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەڵگری پەیامێکی ئینسانی زۆر قووڵە و وەکو دەقێکی ئەدەبییش ئەتمۆسفێرێکی شیعریی هەیە و ناخهەژێن و زەینڕاگرە و وێنەکانی (دان ولیامز)یش هێندەی تر جوانییان بە کارەکە بەخشیوە.
خالید حوسەینی ناوێکی نامۆ نییە بە خوێنەری کورد و پێشتریش هەر لەلایەن ئەم وەرگێڕەوە هەردوو ڕۆمانی "هەزار خۆری درەوشاوە" و "چیاکانیش دەنگیان دایەوە"ی کراوە بە کوردی کە لە زمانی ئەسڵییاندا ملیۆنان دانەیان لێ فرۆشراوە.
ئێمەش لێرەدا هەم لە ڕووی ئەمەکەوە بۆ ئەم نووسەرە بەتوانایە کە لەم کارەدا ئاوڕی لە کارەساتی ئەم مناڵە کوردە و هاوچەشنەکانی داوەتەوە و هەم لەو ڕووەشەوە کە ئەو کارەساتە دۆکیومێنتێکی گرنگە بۆ مێژوومان، بە باشمان زانی ئەم کارەی بکەین بە کوردی.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved