23/2/2019 02:49 PM

رۆژی جیهانی زمانی دایك‌و تێكۆشانی بەڕەسمی ناسینی زمانی كوردی!



خەلیل عەبدوڵڵا

زمانی دایك بەیەكێك لەبنەما‌و رەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت‌و لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێدەرێت.
هەر لەبەر ئەو بایەخە مەزنەیە كەرێكخراوی یونسكۆ لەساڵی 1999ەوە بەبڕیارێك رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بەرۆژی جیهانیی زمانی دایك ناساندووە. 
كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش پشتیوانی لەو پرسە كردووە‌و بەبڕیارێك جەختی لەپاراستنی هەموو زمانەكان لەسەرانسەری جیهاندا كردۆتەوە‌و بڕوای وایە كەداننان بەفرەزمانی راستەقینەدا، یەكێتیی گەلان لەرێی هەمەرەنگی‌و لێكتێگەیسشتنی هاوبەشەوە بەهێز دەكات.
هەموو گەل‌و نەتەوەكان بایەخ بەزمانەكەیان دەدەن‌و یاسای تایبەتیان بۆ پاراستن‌و بژاركردن‌و گەشەپێدانی داناوە.
كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 15ی شوباتی 2002 بڕیاریكی تایبەتی بۆ بەرجەستەكردنی فرە زمانی دەركردو داوای لەدەوڵەتانی ئەندام‌و سكرتاریەتی گشتی رێكخراوەكە كرد كە هەوڵی پارێزگاریكردن‌وپاراستنی هەموو زمانەكان لەسەرانسەری جیهاندا بدەن. چونكە بەبڕوای ئەو رێكخراوە داننان بەفرەزمانی راستەقینەدا یەكێتی گەلان لەرێی هەمەرەنگی‌و لێكتێگەیسشتنی نێودەوڵەتییەوە بەهێز دەكات.
هەر لەو بڕیارەدا جەخت لە بایەخی فرەزمانی لەچالاكییەكانی بەشی راگەیاندن‌و پەیوەندییە گشتییەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و دانانی رێكخەرێكی نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری زمانەكان كراوەتەوە.
داواش لەدەوڵەتانی ئەندام‌و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كراوە كە هەوڵی پاراستن‌و بەهێزكردنی زمانەكان بەگشتی‌و زمانی كەمینەكان‌و ئەو زمانانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە بەتایبەتی بدەن.
لەبەر ئەوەی زمانی دایك بەیەكێك لە بنەماو رەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت، هەموو گەل‌و نەتەوەكان بایەخیان بەزمانەكەیان داوە‌و یاسای تایبەتیان بۆ پاراستن‌و بژاركردن‌و گەشەپێدانی داناوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا لەسەرانسەری جیهاندا 193 دەوڵەت بەفەرمی ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانن، بەڵام 470 یاسای تایبەت بەزمانی رەسمی لەوڵاتان‌و هەرێمەكاندا دەرچوون. ئەوەش بەمانای ئەوەیە كە تەنیا ئەو نەتەوانە یاسای زمانی رەسمییان نییە كە خاوەن دەوڵەتن، بەڵكو گەل و نەتەوە بێ‌ دەوڵەتەكانیش مافی ئەوەیان پێبەخشراوە كەیاسای تایبەت بەزمانەكانی خۆیان هەبێت. نەتەوەیەكگرتووەكان وەك رێكخراوێكی نێودەوڵەتی چەند بڕیارێكی تایبەتی بۆ پاراستن‌و گەشەپێدانی زمانی دایكی سەرجەم گەلانی جیهان دەركردووە.
گەلی كوردستانیش وەك هەموو گەلانی دیكەی جیهان، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەوڵی پاراستنی زمانەكەی‌و بەرەسمی ناسینی داوە.
هەوڵە سەرەتاییەكانی گەلی كوردستان بۆ بەرەسمی ناسینی زمانەكەی وەك زمانی خوێندن بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوەو لەساڵی 1910 بەهەوڵی بێوچانی كۆمەڵەی تەعالی‌و تەرەقی كوردستان، یەكەم قوتابخانەی كوردی لەشاری ئەستەنبوڵ كرایەوە.
لەدوای جەنگی یەكەمی جیهان‌و هاتنی ئینگلیزەكان بۆ عیراق، لەسایەتی حكومەتەكەی شێخ مەحمود لەشاری سلێمانی زەمینەیەكی لەبار بۆ بەكارهێنانی زمانی كوردی‌و گەشەپێدانی رەخسا‌و شێوە زاری كرمانجی خواروو رەگوریشەی خۆی بە قووڵی داكوتا.
لەدوای روخاندنی حكومەتەكەی شێخ مەحمودیش، خەباتی گەلی كورد بۆ پاراستن‌و بەرەسمی ناسینی زمانەكەی بەردەوام بوو، هەر بۆیەش لەژێر فشاری خەڵك‌و كۆمەڵەی گەلاندا، لەساڵی 1931دا یاسای ژمارە(74)ی زمانە ناوخۆییەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەركرا.
بەپێی ئەو یاسایە دەبوو لە هەموو ناوچەكانی كوردستاندا زمانی كوردی زمانی خوێندن‌و كاروباری ئیدارە‌و دادگاكان بوایە، بەڵام یاساكە وەك خۆی جێبەجێ‌ نەكرا‌و بەشێوەیەكی سنوردار رێگە بەخوێندن بەزمانی كوردی لە قوتابخانە سەرەتاییەكانی چەند ناوچەیەك درا‌و بەشێوەیەكی بەرتەسكیش رێگە بەچاپ‌و بڵاوكردنەوە بەزمانی كوردی درا.
لەساڵانی 1925 تا 1970 نەتوانرا زمانی كوردی وەك زمانی رەسمی بخرێتە دووتوێی مادە‌و بڕگەكانی دەستوورەكانی عیراقەوە‌و لەهەموو ئەو دەستورانەدا تەنیا دان بەزمانی عەرەبیدا نرابوو وەك تاكە زمانی رەسمی وڵات.
بەڵام لەدوای بەیاننامەی ئازاری 1970لەسەر داخوازی كورد، حكومەتی عیراق دەستوری كاتیی ساڵی 1968ی هەمواركردو لەدەستوری كاتیی ساڵی 1970دا دانی بەزمانی كوردیدا نا وەك زمانی ناوچەیی لە ناوچەی بەناو ئۆتۆنۆمیدا، بەوەش بۆیەكەمجار لەدەستورێكی عیراقدا زمانی كوردی بەرەسمی ناسێنرا.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، دەستورێكی كاتی بەناوی یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە لەساڵی 2004 دەرچوو، لەو دەستوورە كاتییەدا زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا بەزمانی رەسمی لەسەرانسەری وڵاتدا ناسرا، ئەوەش وەرچەرخانێكی گەورە‌وگرنگ بوو لە ژیانی دەستووریی عیراقدا، چونكە بۆ یەكەمجار بوو زمانی كوردی لەجوغزی ناوچەیی دەربچێت‌و وەك زمانی رەسمی سەرانسەری وڵاتدا بناسرێت.
دەستووری ساڵی 2005ی عیراقیش كە لەرێی راپرسیی گشتییەوە لە15ی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا پەسەند كرا، جارێكی تر زمانی كوردی بەزمانی رەسمی سەرانسەری وڵات ناساندەوە.
ئەگەرچی یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە‌و دەستوری ساڵی 2005ی عیراق رێگەیان بەوە دابوو كە یاسایەكی تایبەت بەزمانە رەسمییەكان لەئەنجومەنی نوێنەران دەربكرێت، بەڵام ژانی لەدایكبوونی ئەو یاسایە هێندە قورس بوو نزیكەی دەساڵی خایاندودوای ئەو ماوە زۆرە لە رۆژی 7ی كانوونی دووەمی 2014 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یاسای زمانە رەسمییەكان دەركرا.
ئەو یاسایە لەبەر رۆشنایی مادەی چواری دەستووری ساڵی 2005ی عیراقدا داڕێژراوەو فرەرەنگی زمان‌و نەتەوەی لە عیراق‌و سیستمە فیدراڵییەكەی لەبەرچاو گرتووە.
ئەو یاسایە زمانی عەرەبی‌و زمانی كوردی بەدوو زمانی رەسمی لەسەرانسەری وڵاتدا ناسیوە‌و ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو دوو زمانە بەكار دێن لەكۆبوونەوە رەسمییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران‌و سەرۆكایەتیی كۆمار‌و ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی‌و ئەنجومەنی باڵای دادوەری‌و دامودەزگا فیدراڵییەكانی دیكە‌و كۆبوونەوە رەسمییەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌و ئەنجومەنی وەزیران لەهەرێمی كوردستان.
ئەوەش لەیاساكەدا هاتووە كە هەردوو زمانی كوردی‌و عەرەبی بەكاردێن لەدەركردنی دراوی رەسمی‌و پولی دارایی‌و پولی پۆستە‌و پاسپۆرت‌و تابلۆكانی هاتوچۆ‌و وەزارەتەكان‌و فەرمانگە رەسمییەكان لەدەوڵەتی فیدراڵی‌و هەرێمی كوردستان.
یاسای زمانە رەسمییەكان رێگەی بەخوێندن لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بەهەریەك لەزمانەكانی دایك (عەرەبی، كوردی، توركمانی ،سریانی، ئەرمەنی، مەندائی) لەدامەزراوە حكومییەكاندا داوە.
لەو یاسایەدا زمانەكانی توركمانی‌و سریانی بەدوو زمانی رەسمی ناسێنراون لەو یەكە ئیداریانەی كە توركمان‌و سریان زۆرینەی دانیشتوانەكەی پێك دەهێنن.
مافی ئەوەش بەهەر هەرێم‌و پارێزگایەك دراوە هەر زمانێكی ناوچەیی دیكە بكەن بەزمانی رەسمی ئەگەر زۆرینەی دانیشتوانی ئەو هەرێمە یاخود ئەو پارێزگایە لەرێی راپرسیی گشتییەوە ئەو بڕیارە بدەن. 
بەرەسمی ناسینی زمانی كوردی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی‌و دەرەكی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق بەمانای بەرەسمی ناسینی گەلێكە كە هاوشانی گەلی عەرەبە‌و گەلی پلەدوو نییە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەرەسمی ناسینی زمانی كوردی بایەخی ئەوەی هەیە كە بەرپرسانی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەتوانن لەكۆڕ‌و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییە رەسمییەكاندا بەزمانی كوردی قسە بكەن.
پەرلەمانی كوردستانیش یاسای زمانە فەرمییەكانی لەهەرێمی كوردستاندا دەركردووە‌و لەو یاسایەدا دانی بەفرەیی زماندا ناوە‌و پێنج زمانی( كوردی، عەرەبی، توركمانی، سریانی، ئەرمەنی) بەفەرمی ناسیوە‌و ئەوەش بەشتێكی ناوازە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved