هێزه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری له شاری سلێمانی تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی گه‌نجێكی دابوو. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاندووه: ڕۆژى 24-2-2019 هاوڵاتی (ن،م،ع) له‌دایكبووی 1998، پیشه خوێندكار، سكاڵای له‌دژی كه‌سێكی نه‌ناسراو تۆماركرد كه له‌ڕێگه‌ی هاكه‌وه چۆته ناو ماسنجه‌ری فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه‌و وێنه‌كانی ناوی بردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی ده‌كات ئه‌گه‌ر بڕی دوو هه‌زار دۆلار (2000$)ی پێنه‌دات. روونیشكراوه‌ته‌وه: دوای به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری و وه‌رگرتنی فه‌رمانی به‌ڕێز دادوه‌ر ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژو له سنوری قه‌زای سه‌یدسادق توانرا تۆمه‌تبار (س،ع،م) له‌دایكبووی 2000، دانیشتووی سه‌یدسادق، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیارییه‌وه ده‌ستگیربكرێت. ئاماژه به‌وه‌ش كراوه: له ئێستادا تۆمه‌تبار به فه‌رمانی به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی مادده‌ی 2 له یاسای ژماره 6ی خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل ڕاگیراوه‌و دانی ناوه به تاوانه‌كه‌یدا، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیشی سه‌رجه‌م وێنه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه كه به‌نیازبووه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی بكاته‌وه. خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure