25/2/2019 02:35 PM

ته‌له‌فۆنی زیره‌ك و هیدفۆن رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی هێنایه‌ ده‌نگ


ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی زۆربه‌كارهێنانی ته‌له‌فۆنی زیره‌ك و هه‌یدفۆن هۆشداری ده‌دات.
ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی(WHO) هۆشداری ده‌دات له‌ مه‌ترسییه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی مۆبایلی زیره‌ك و ئه‌و ئامێرانه‌ی بۆ گوێگرتن له‌ مۆزیك و گۆرانی به‌كاردێن و به‌ ( MP3) ناسراون بۆ سه‌ر گوێی مرۆڤ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات ئه‌و ئامێرانه‌ هه‌ستی بیستن لاواز ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆی نابیستیی.
ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكی درێژیدا ئاشكرایكرد، نزیكه‌ی یه‌ك ملیار كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی گوێچكه‌ و هه‌ستی بیستندان ئه‌گه‌ر بێتو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ و به‌ شێوه‌یه‌كی بێ به‌رنامه‌ ته‌له‌فۆنی زیره‌ك و هه‌یدفۆن به‌كاربهێنن و ته‌نانه‌ت گوێ له‌و مۆزیك و ده‌نگانه‌ بگرن كه‌ زۆر ده‌نگیان به‌رزه‌.
ئه‌و ڕێكخراوه‌ چه‌ند ڕێنماییه‌كی خستووه‌ته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كۆنترۆڵ بكرێن، به‌ تایبه‌ت له‌ مۆبایل و ئامێره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك (CD playar) و(MP3)و داوای له‌ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ته‌له‌فۆنی زیره‌ك كردووه‌ كه‌ ڕێگه‌ چاره‌ی به‌په‌له‌ دابنێن بۆ ئه‌و كێشه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ ڕووی له‌ جیهان كردووه‌ و به‌ هاریكاریی یه‌كێتی نیوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش كار ده‌كات بۆ گه‌ڵاڵه‌ كردنی پرۆژه‌یه‌ك بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر كۆمپانیاكان بۆ ئه‌وه‌ی ستیكه‌ری تایبه‌ت به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ له‌ گوێگرتن به‌ ده‌نگیی به‌رز له‌سه‌ر ئامێره‌كانیان دابنێن و به‌كاربه‌ران له‌ مه‌ترسیی گوێگرتن له‌و گۆرانی و میوزیكانه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ئاگاداربكرێنه‌وه‌
ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا سه‌رنجی هه‌موان بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشێت كه‌ (50%)ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گوێ له‌ مۆزیك و گۆرانی ده‌گرن به‌ ده‌نگی به‌رز ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 12 بۆ 35 ساڵه‌، واته‌ نزیكه‌ی(1.1) ملیار كه‌سه‌ له‌ جیهاندا و ئه‌مانه‌ش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیی كێشه‌ گه‌وره‌كانی هه‌ستی بیستندان.
هه‌روه‌ها له‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌(5%)ی دانیشتوانی جیهان كه‌ ده‌كاته‌ 466 ملیۆن كه‌س و له‌ نێویشیادا 34 ملیۆن مناڵ به‌ده‌ست له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بیستنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
وته‌بێژی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ تائێستا ژماره‌ی دیاریكراوی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ به‌ هۆی شێوازی هه‌ڵه‌ی به‌ كارهێنانی ئامێره‌كانی وه‌ك ته‌له‌فۆن و هه‌یدفۆنه‌وه‌ هه‌ستی بیستنیان له‌ده‌ستداوه‌ یان له‌ده‌ستی ده‌ده‌ن.
(شیلی شادها) كه‌ خانمه‌ دكتۆرێكی ئه‌ندامی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ جنێڤ ئاشكرایكرد و وتی : مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك لێخوڕینی ئۆتۆمبیله‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی خێرا بێ ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ ئامێری پێوانه‌كردنی خێرایی هه‌بێت»
ئه‌و وتی» ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌مان داوای ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌له‌فۆنه‌ زیره‌كه‌كان جۆره‌ پێوه‌رێكی له‌سه‌ر بێت بۆ ئاستی ده‌نگ و له‌ كاتی پێویستتدا به‌كارهێنه‌ر له‌ ئاستی ده‌نگه‌كه‌ و مه‌ترسیی بۆ هه‌ستی بیستن ئاگادار بكاته‌وه‌»
هه‌روه‌ها وتیشی « سه‌باره‌ت به‌ مناڵان و نه‌وجه‌وانانیش پێویسته‌ كه‌سوكاریان هه‌میشه‌ ڕێنماییان بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ كارهێنانی ته‌له‌فۆنی زیره‌ك و هه‌یدفۆن و له‌و كاتانه‌شی به‌كاری ده‌هێنن پێویسته‌ ده‌نگه‌كه‌ی زۆر گونجاو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دوور بن له‌ مه‌ترسیی له‌ ده‌ستدانی هه‌ستی بیستن و گرفته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ نه‌خۆشییه‌كانی گوێ كه‌ دواتریش كاریگه‌ریی مه‌ترسیداری هه‌یه‌ بۆ سه‌ر مێشك»

سه‌رچاوه‌: فرانس 24



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved