28/2/2019 10:03 AM

وه‌رزشكردن له‌ ته‌مه‌نی لاویدا نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ له‌ پیریدا كه‌مده‌كاته‌وه‌

نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌و زه‌هایمه‌ر له‌ كۆتایی ژیاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. توێژه‌ران ده‌ڵێن كاتێك كه‌ لاون هه‌ندێك كار وه‌ك خوێندنه‌وه‌، جموجوڵ و باخداری كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ له‌ پیریدا داده‌نێن.

له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا كه‌ له‌ وڵاتی سوید كراوه‌، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌و چالاكییانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی وروژاندنی ده‌روون یان چالاكی جه‌سته‌یی ده‌توانێت ئه‌گه‌ری توشبوونی زۆربه‌ی جۆره‌كانی بیرچوونه‌وه‌و هه‌روه‌ها نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر له‌ ته‌مه‌نی پیریدا كه‌متربكه‌نه‌وه‌.

ئه‌م توێژینه‌وه‌ 800 به‌شداربووی ئافره‌تی بووه‌ كه‌ كاتی ده‌ستپێكی توێژینه‌وه‌كه‌ مامناوه‌ندی ته‌مه‌نیان 47 ساڵ بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای توێژینه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر چالاكی جه‌سته‌یی و ده‌روونییان پرسیار كراوه‌. مه‌به‌ست له‌ چالاكی ده‌روونی هه‌ر كارێكه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ بگره‌ تا سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌، چوونه‌ كۆنسێرت، ژه‌نینی ئامێرێكی موزیك، ئه‌ندامبوون له‌ یانه‌یه‌كدا یان سه‌ردانی كلیسا. مه‌به‌ستیش له‌ چالاكی جه‌سته‌یی: پیاسه‌كردن، باخداری، یاری تێنیس، پاسكیل سواری، مه‌له‌و به‌شداری كێبڕكێی وه‌رزشی بووه‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌نده‌ ئه‌م كارانه‌یان كردبێت، به‌شداربووان پۆلێنبه‌ندی كران. له‌میانه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا زیاتر له‌ شه‌ش جار هه‌ر به‌شداربوویه‌ك تێستی توانایی مێشكی لێگیراوه‌.

ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ به‌شداری زیاتریان له‌ چالاكییه‌ مێشكی و ده‌روونییه‌كانیاندا هه‌بووه‌ به‌ڕێژه‌ی 34% مه‌ترسی توشبوونیان به‌ هه‌رجۆره‌ نه‌خۆشییه‌كی بیرچوونه‌وه‌ كه‌متر بووه‌ له‌چاو ئه‌و كه‌سانه‌ی چالاكییان كه‌متر بووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو چالاكی جه‌سته‌ییان بووه‌ 57% مه‌ترسی توشبوونیان به‌ زه‌هایمه‌رو بیرچوونه‌وه‌ كه‌متر بووه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved