2/3/2019 09:26 AM

دوو کتێبی دلێری مەلا ئەحمەد بڵاوکرانەوە

لە ئەمنەسورەکە کۆڕێک بۆ ناساندنی دوو کتێبی رۆژنامەنووس دلێر مەلا ئەحمەد بەڕێوەچوو.

ڕۆژی 28-2-2019 لە کافێ نێتی ئەمنەسورەکە بە ئامادەبوونی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان کۆڕێک بۆ ناساندنی هەردوو کتێبی (هەڤاڵ مام جەلال و گەڕەکی خانووە قوڕەکان، کۆچ و دابڕان)ی ڕۆژنامەنووس دلێر مەلا ئەحمەد بەڕێوەچوو.

هەردوو کتێبەکەش لەسەر ئەرکی کوردستانی نوێ و دەرباز کۆسرەت رەسول چاپکراون، لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش مەراسیمی ناساندنی کتێبەکانی بۆ ئەنجامدا.

لەو کۆڕەدا کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان باسێکی کورتی لەسەر نووسەرو ڕۆژنامەنووس دلێری مەلا ئەحمەد پێشکەشکردو رایگەیاند: ئەم ڕۆژنامەنووسە بوێرە بە قەڵەمەکەی شێرپەنجەی بەزاندو لە ماوەی نەخۆشکەوتنیدا ژمارەیەک کتێبی نووسیوەو ئامادەکردوەو ئاماژەی بەوەدا کە 17 کتێبی ئەم نووسەرە ئامادەن بۆ چاپ و ئەم 2 کتێبەی لەلایەن دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و کوردستانی نوێوە چاپکراوەو کە بەدیهێنانی خەونێکی بچووکی ئەم نووسەرەیە.

وتیشی: دلێری مەلا ئەحمەد داوای دەستگیرۆیی و هاوکاری بۆ چارەسەری نەخۆشیيەکەی ناکات بەڵام هێندە ئازایە داوای هاوکاری بۆ چاپکردنی کتێبەکانی دەکات کە ئاواتێکی گەورەیەتی.

کاروان ئەنوەر بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی دلێری مەلا داوای لەو ناوەندو کەسایەتیانە کرد کە لەو بوارەدا کاردەکەن خەونەکەی بۆ بهێننەدی.

دواتر دلێری مەلا ئەحمەد سەرباری نالەباری باری تەندروستی سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو خۆشحاڵی دەربڕی بەو 2 کتێبە خەونێکی ڕۆژنامەنووسی هاتووەتەدی و باسێکی کورتی ئەو 2 بەرهەمەی کردو تەئکیدیکردەوە کە ژمارەیەک کتێبی دیکەی ئامادەن بۆ چاپ و ئاواتی خواست کە دەستگیرۆیی بکرێت بۆ چاپکردنیان و وتی یەکێک لەو کتێبانەی کە زۆرم خۆشدەوێت و 2 بەرگە بە ناوی چینی کرێکارەوەیە.

پاشان لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە لە کۆڕەکە ئامادەبوو خەڵاتی ڕێزلێنانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پێشکەش بە دلێری مەلا ئەحمەد کردو دەستخۆشی لێکردو بەڵێنیشی دا کە لەنزیکەوە ئاگاداریبێت و هەموو ئامادەییەکی دەربڕی.

خاك - پوكمیدیا








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved