3/3/2019 10:40 AM

هه‌ڵگرتنی ده‌رمان به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌ نێوماڵدا

به‌پێی ڕێنماییه‌كانی د.خۆشی حه‌مید پسپۆڕی ده‌رمانسازی به‌مجۆره‌ ده‌بێت ده‌رمان له‌نێو ماڵه‌كاندا هه‌ڵبگیرێت:

1-شوێنی هه‌ڵگرتنی ده‌رمان كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئیشكردنی ده‌رمانه‌كه‌،  شێوازی هه‌ڵگرتنی دروستی ده‌رمانه‌كه‌ فێرببه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكه‌یت له‌ خراپبوونیان.

2-ده‌رمانه‌كانت له‌ شوێنێكی ساردو وشكدا هه‌ڵبگره‌ بۆ نموونه‌ له‌ چه‌كمه‌جه‌ی تایبه‌ت، كه‌وانته‌ر یان سندوقی تایبه‌ت به‌ مه‌رجێك دووربێت له‌ ئاگردان و ده‌ستشۆرو هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی تری گه‌رمی.

3-بزانه‌ كه‌ گه‌رمی، ڕووناكی، هه‌وا، شێ، له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی تێكچوونی ده‌رمانه‌كانت.

4-پێویسته‌ ده‌رمانه‌كانت دوور له‌ شوێنی گه‌رماو (حه‌مام) هه‌ڵبگریت له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرترین كات ته‌ڕو گه‌رم و شێداره‌.

5-له‌كاتی هه‌ڵگرتنی ده‌رمانه‌كان، له‌ شوێنێكی نه‌گونجاودا ده‌رمانه‌كان كاریگه‌رییان كه‌متر ده‌بێت هه‌روه‌ها پێش به‌رواری به‌سه‌رچوونی سه‌ر پاكه‌تی ده‌رمانه‌كه‌ به‌سه‌رده‌چن.

6-گولاج و ده‌نكۆڵه‌ی حه‌ب به‌ئاسانی به‌ گه‌رمی و شێ خراپ ده‌بن،  پێویسته‌ زووزوو ته‌ماشای به‌رواری به‌سه‌رچوونی ده‌رمانه‌كان بكرێت، لانیكه‌م دوو هه‌فته‌ جارێك.

7-هه‌میشه‌ ده‌رمانه‌كانت له‌ پاكه‌تی تایبه‌ت به‌ خۆیدا هه‌ڵبگره‌، پێویسته‌ لۆكه‌ی ناو قوتووی ده‌رمانه‌كان دوای كردنه‌وه‌ی قوتووه‌كه‌ فڕێبدرێت، چونكه‌ ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بڕێكی زۆر شێ له‌خۆی بگرێت و ببێته‌ هۆی خراپبوونی ده‌رمانه‌كه‌.

8-هه‌میشه‌ ده‌رمانه‌كان له‌ شوێنێكی دوور له‌ چاوی منداڵ و شوێنێك كه‌ ده‌ستی منداڵی پێنه‌گات، هه‌ڵبگیرێت.

9-هه‌ر ده‌رمانێك كه‌ ڕه‌نگ یاخود بۆن یان تامی گۆڕا، پێویسته‌ به‌كارنه‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر كاتی به‌رواری به‌سه‌رچوونی ته‌واویش نه‌بووبێت.

10پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ پزیشكی ده‌رمانساز پرسیاری هه‌لومه‌رجی گونجاوی هه‌ڵگرتنی ده‌رمانه‌كان بكرێت.

خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved