3/3/2019 03:08 PM

ڕەگوڕیشە لەناو خاکدا


شیعری: فەرەیدوون موشیری
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی


( شاعیر ئەم شیعرەی لە وەڵامی هاوڕێیەکی ئازادیخوازیدا نووسیوە کە کاتی خۆینیشتمانی جێهێشتووە و ئەمیشی هان داوە بۆ جێهێشتنی. کە لەم تاریکستانەی نیشتماندا ترووسکایی بەدی ناکەن، کەچی هێشتا لە چڕینیسترانی خۆیاندا بۆ نیشتمان هەر بەردەوامن، چ ئەوانەی لە تاراوگەن و چ ئەوانەیبە ئەندازەیەک ڕەگوڕیشەیان چووەتە ناو ئەم خاکەوە کە ناتوانن لێی قوتار بن. ئازاد بەرزنجی )
ڕۆژێ هەر دێ 
ئەم هەردە وشک و ڕووتەنە جێبهێڵی و 
ئەشکم ماڵئاواییت لێ کا و بەڕێت بکا
سیمات غەمگین و دڵتەنگە
خوروشتی نائومێدی سوێی
خستۆتە پەڕەی دڵتەوە
خەمی ئەم بێسەروبەرییە
هێز و توانای لێ بڕیوی

تۆ بە خوێن و بە ئارەقە، 
تین و ڕەنگ و ڕووت بەخشییە ئەم جەنگەڵە 
تۆ بە دەستی بەتاڵەوە 
شەڕت لەگەڵ 
ئەو هەموو تۆفانەدا کرد
جێهێشتنت بۆ نیشتمان
وەک دەسهەڵگرتنە لە گیان
پەیوەندییەکی نهێنی
ئەتبەستێتەوە بە گەڵاگەڵای ئەم مێرگەوە

ئەم هەورە تاریک و تارە، بێ بەزەیی و بێ بارانە
ئەم هەموو وشکەساڵییە
یەک لەدوای یەکانە
لە نیوەی ڕێ گەڕانەوەی ئەو یارانە
درۆ و دەلەسەی ئەو خەمخۆرانە
تۆ لە پێ ئەخا
زەمەنی شوومی ئەو چەقەڵانە
قیژەی بێ وچانی ئەو قەلەڕەشانە
شەکەت و بێزارت ئەکا

تۆ بەو تەوێڵە پاک و نەجیبەی خۆتەوە
کە لەوپەڕی گەنمزارەکانەوە دەرئەکەوی
هەڵاتنی پڕ لە شکۆی نێوچەوانت
لە سەد تاجی خۆر گەلێ پرشنگدارترە
تۆ کە سەر ڕوومەتەکانت
تاوەسووتی بەر هەتاوی دەشتەکانن
تۆ بە ڕوخساری گەشتەوە؛ لە گەرمیی ئاگری غیرەتت
کە لای من لە سەد جامی جەم پڕبەهاتر و جوانترە
تۆ بە دوو چاوی پڕ لە خەمتەوە
کە ڕۆژێ کانیاوی کامەرانی بوون
وا ئێستا هەوری حەسرەت گرتوونی و
بەتەمای بڕۆی
ئەشکی منیش ماڵئاواییت لێ ئەکات و 
بەڕێت ئەکا

من لێرانە، ڕەگوڕیشەم
ئەوەتا لەناو ئەم خاکە
ئەم خاکەی چەند پیسە، کەچی
هێشتا لەلای من هەر پاکە
من تا هەناسەم تیا مابێ
هەر لێرەیە ژین و مانم
لێرە و لەم خاکە چیم ئەوێ، من نازانم
گەرچی هیوای ترووسکەیەک نییە لەم تاریکستانە
بەڵام من هەر 
لەم هەردە وشک و ڕووتەنە ئەیبەمە سەر
هەر لێرانە، 
ڕۆژێ هەر دێ، لەناو دڵی ئەم خاکەوە
بە دوو دەستی بەتاڵەوە، من دەست بکەم بە گوڵباران
لێرانە و لە قەدپاڵی ئەو کەژەوە،
ڕۆژێ هەر دێ بە چەشنی خۆر
سروودی سەرکەوتن بچڕم، من بۆ یاران
تۆش ڕۆژێ هەر دێ، بێیتەوە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved