3/3/2019 03:14 PM

پڕۆژەی تایگرس زانكۆكانی ئەوروپا و هەرێمی كوردستانی لە زانكۆی گوتنگن لە ئەڵمانیا كۆكردەوە

 


پڕۆژەی تایگرس، زانكۆكانی ئەوروپا و هەرێمی كوردستانی لە زانكۆی گوتنگن لە ئەڵمانیا كۆكردەوە بەمەبەستی رێكخستنی دوو ۆركشۆپ بۆ تاوتوێكردنی پلانی ستراتیجی بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن.

پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: لەمیانی پڕۆژەی تایگرس بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە تەمویل دەكرێت، چەندین ۆركشۆپ و سیمینار رێكخراوە و رێكدەخرێت. وتیشی: لە ماوەی رابردوودا لەمیانی پڕۆژەی تایگرس-دا چەندین ۆركشۆپ و سیمینار  لە هەرێمی كوردستان و ئەوروپا رێكخراوە و ئێستاش لە زانكۆی گوتنگن لە ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و نوێنەری ئەو زانكۆیانەی هەرێمی كوردستان كە بەشدارن لەپڕۆژەكەدا، هەروەها نوێنەری چوار زانكۆی ئەڵمانی و هۆڵەندی و بەلجیكی و چیكی، 42 پسپۆڕ لە هەرێمی كوردستان و چەند پسپۆڕێكی ئەوروپی، دوو ۆركشۆپ رێكدەخرێت و رۆژی 19-2-2019، یەكەم ۆركشۆپ بەڕێوەچوو.  باسی لەوەشكرد: لە ۆركشۆپەكاندا گفتوگۆی چڕوپڕ دەكرێت بۆ دانانی پلانی ستراتیجی بەمەبەستی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن و دانانی بەرنامە و پلانی پێویست بۆ پڕۆژەی هاوبەش.

سەرۆكی دەستەی كوردستانی راشیگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پشتیوان و هاوكارێكی سەرەكین بۆ سەرخستنی پڕۆژەی تایگرس. ئاماژەی بەوەشدا "پڕۆژەی تایگرس، پڕۆژەیەكی ستراتیجیی زۆر گرنگە بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان" .

شایانی باسە، لەماوەی رابردوودا لە سلێمانی، هەولێر، رانیە، چەمچەماڵ هەروەها لە بەلجیکاو چیک و هۆڵەندا،  چەندین ۆركشۆپ و سیمینار لەسەر پڕۆژەی تایگرس رێکخراوە.

پڕۆژەی تایگرس یەكێكی دیكەیە لە بەرهەمی سەردانی وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەسەرۆكایەتیی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەهاوڕێیەتیی پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەڵمانیا كە لە سەرەتای ساڵی 2015-دا سەردانەكە ئەنجامدرا و  لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پەیوەندییەكانی ئەكادیمی دەرەكی ئەڵمانی (DAAD)، دەزگای باڵای ئەنجومەنی زانكۆكانی ئەڵمانیادا كۆبوونەوەو ئەمەش بوو بەهۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا لە بواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا.

هەرلەو چوارچێوەیەدا رۆژی 8-10-2015، زانكۆی جۆرج ئۆگەست لەشاری گوتنگنی ئەڵمانیا ئۆفیسی پەیوەندییەكانی خۆی لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كردەوە.  رۆژی 5-4-2018 ش لە رێوڕەسمێكدا لە دەستەی كوردستانی، زانكۆی گوتنگن پەرەی زیاتری بە ئۆفیسەكە دا و كارمەندی بۆ دانا.

پڕۆژەی تایگرس

زانكۆی (گوتنگن) لە ئەڵمانیا كە زانكۆیەكی بەناوبانگی جیهانییە، لەگەڵ زانكۆكانی (خرۆنینگن لە هۆڵەندا، لیوڤن لە بەلجیكا، مەساریك لە چیك، پەیمانگەی گلۆبەڵ ئیمپاكت لە چیك)، پڕۆژەیەكی ئەوروپی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و (9) دام و دەزگای سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵادا، بەناونیشانی پڕۆژەی تایگرس لەمانگی 11ی 2017-ەوە خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

مەبەستی سەرەكی پڕۆژەكە كە بەبڕی زیاتر لە یەك ملیۆن یۆرۆ لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە فەند دەكرێت و ماوەی (3) ساڵ دەخایەنێت، بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش تائێستا چەندین ۆركشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم رێكخراوە و رێكدەخرێت.

ئەم پڕۆژەیە پێی دەوترێت پڕۆژەی كلیل كە لەمیانی ئەم پڕۆژەیەدا زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زانكۆكانی ئەوروپادا دەتوانن پڕۆژەی دیكە لە یەكێتیی ئەوروپا پێشكەش بكەن. دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی رێكخەری ناوخۆیی پڕۆژەكەیە.

لە پڕۆژەی تایگرس-دا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (سەڵاحەدین-هەولێر، سلێمانی، چەرموو، راپەڕین، هەڵەبجە، زانكۆكانی پۆلیتەكنیك لە هەولێر و سلێمانی  و دهۆك) بەشدارن.

 

زانكۆی گوتنگن

زانكۆی جۆرج ئۆگەست گوتنگن لە ئەڵمانیا یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگ و ئاستبەرزەكانی جیهان و لە ساڵی  1737 دامەزراوە، جگە لە پێگەیاندنی دەیان زانا و توێژەری نێودەوڵەتی، نزیكەی ٥٠ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری زانستی و توێژینەوەدا بەدەستهێناوە و پلەی یەكەمی زانكۆكانی ئەڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندیی دەرەكی هەیە،  لەهەمانكاتدا هاوبەشی لەگەڵ دەز‌گای (ماكس پلانگ) هەیە، كە ئەوەش بەپێنجەم دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.پەیوەندییەكی پتەویشی لەگەڵ 242 زانكۆی ئەڵمانیا و سەدان زانكۆی جیهاندا هەیە.

 

دەستەی كوردستانی

دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌و توێژینەوەی زانستی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەكۆتایی ساڵی 2005، لەسەر فەرمانی سەرۆك مام جەلال دامەزراوە، لەڕێگەی مامۆستا و پسپۆڕی زانستی لەبوارە جیاوازەكان‌و 17 تاقیگەی پێشكەوتووەوە، بەردەوامە لەخزمەتكردن بەزانست‌و زانستخوازان‌و هەمیشە لەهەوڵی پەرەپێدانی كارەكانیدایە. دەستەی كوردستانی لەئاستی جیهاندا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ 88 ناوەندو دەزگای زانستیدا هەیە.

دەستەی كوردستانی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە بایەخی زۆری پێدەدرێت. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیش بەرنامەی تۆكمەی هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستاندا.

راپۆرتی، راگەیاندنی دەستەی كوردستانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved