4/3/2019 10:22 AM

ئایا ئه‌پڵ به‌ره‌و دروستكردنی ئایفۆنی نووشتاوه‌ ده‌چێت؟

شه‌پۆلێك له‌ مۆبایله‌ نووشتاوه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی سامسۆنگ، هواوی و فلێكسپه‌ی دروستبووه‌و هه‌ركامیان ده‌یانه‌وێت له‌ زووترین كاتدا مۆبایله‌ نووشتاوه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ستی كڕیاره‌كانیان. هێشتا ڕوون نییه‌ كه‌ ئایا داهاتووی مۆبایله‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی مۆبایله‌ نووشتاوه‌كان یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابێت، دوورنییه‌ كه‌ ئایفۆنی نووشتاوه‌ش به‌مزووانه‌ به‌رهه‌مبێت.

زۆر به‌ڵگه‌ له‌به‌رده‌ستدان كه‌ ده‌ریدخه‌ن كۆمپانیای ئه‌پڵیش به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنانی ئایفۆنی نووشتاوه‌ بڕوات. كۆمپانیاكه‌ داهێنانی له‌م بواره‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2011. ئه‌پڵ یه‌كه‌م په‌تێنتی له‌بواری ئامێره‌ نووشتاوه‌كان له‌ ساڵی 2014دا تۆماركردووه‌. له‌و ساڵه‌دا ئه‌پڵ به‌رهه‌مێكی تۆماركرد كه‌ زیاتر له‌ درێژكراوه‌ی دیزاینه‌ ئۆرجیناڵه‌كان ده‌چوو و هه‌ندێك ورده‌كاری زیاتری بوو.

كێشه‌یه‌ك كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌دا بێته‌سه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌پڵ، كێشه‌ی شاشه‌كانه‌، شتێكی شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌پڵ بۆ به‌شێك له‌ شاشه‌كانی پشت به‌ كۆمپانیای سامسۆنگ ده‌به‌ستێت و ڕه‌نگه‌ له‌ ئێستادا سامسۆنگ حه‌زنه‌كات كه‌ ته‌كنۆلۆژی به‌رهه‌مهێنانی شاشه‌ی نووشتاوه‌ هاوبه‌ش بكات.

هاوكات باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌پڵ كۆمپانیای ئێڵ.جی وه‌ك بژارده‌ی دووهه‌م بۆ به‌رهه‌مهێنانی شاشه‌ له‌به‌رچاو گرتبێت. له‌ ئێستادا ئێڵ.جی خه‌ریكی تاقیكردنه‌وه‌ی ته‌كنۆلۆژی شاشه‌ی نووشتاوه‌یه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆن و ڕه‌نگه‌ له‌م بواره‌دا چه‌ند ساڵ له‌دوای كۆمپانیای سامسۆنگه‌وه‌ بێت.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved