له رێوره‌سمێكدا 6 كتێب له‌سه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشی نوێی گه‌لی كورد بڵاوكرانه‌وه كه له‌لایه‌ن نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د نووسه‌رو لێكۆڵه‌ره‌وه ئاماده‌كراون، هاوكاتی مه‌راسیمه‌كه‌ش ساڵیادی راپه‌رینی رۆژی 7ی3ی1991ی شاری سلێمانی و كافێی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌سووره‌كه‌دا بوو. سه‌ره‌تا ئاماده‌بووان ساتێك به بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی راپه‌رين و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان به بێده‌نگی راوه‌ستان. كۆڕی ناساندنی كتێبه‌كان له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ رێكخراوه‌و سپۆنسه‌ری چاپكردنی هه‌ر شه‌ش كتێبه‌كه‌ش كه به‌شێكن له مێژووی پڕسه‌روه‌ری و شانازی یه‌كێتیی و شۆڕشی نوێ، هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی له ئه‌ستۆی گرتووه. سه‌ره‌تا ستران عه‌بدوڵڵا سه‌رنووسه‌ری كوردستانی نوێ، وێرای ده‌ستخۆشی، كار‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشی نوێی به‌گرنگ و پێویست زانی وه‌ك ناسنامه‌و خستنه‌ڕووی قۆناغی رابردوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌ركێكی دیكه پاراستن و زیندووكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنت و ئه‌رشیفه. وتیشی: ماندووبوونی ئه‌م شه‌ش كتێبه‌و دۆزینه‌وه‌ی سپۆنسه‌رو ماندووبوونه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌ده. ستران عه‌بدوڵڵا ده‌ستگیرۆیی نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسانی به‌پێویست زانی بۆ چاپكردنی كتێب و به‌رهه‌مه رۆژنامه‌نووسییه‌كان، كه ئه‌وان بێ پشتی ناوه‌ندو خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ن، بۆیه وه‌بیریهێنایه‌وه كه كوردستانی نوێ پرۆژه‌ی سندوقی كتێبی راگه‌یاندووه، به‌ڵام وتی: تائێستا هیچ كۆمه‌كێكی دارایی پێشكه‌ش نه‌كراوه‌و دووباره داوایكرد كه هاوكاری سندوقی كتێب له‌پێناوی چاپكردنی كتێبدا بكرێت. دواتر نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د ئاماده‌كاری كتێبه‌كان به‌وردی باسی له شه‌ونخونی و ماندووبوونی كۆكردنه‌وه به‌ڵگه‌و نوسراوه‌كانی نێو ئه‌و شه‌ش كتێبه‌ى كرد‌و گله‌یی ئه‌وه‌شیكرد كه ئه‌م شه‌ش كتێبه ماوه‌ی 5 ساڵه ئاماده‌ن و له ده‌رگای زۆر به‌رپرسی بردووه بۆ چاپكردنیان، به‌ڵام وه‌ڵامی دڵخۆشكه‌رو ئه‌رێنیان نه‌بووه تا ئه‌وكاته‌ی به نامه‌یه‌ك بۆ نوسینگه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی ده‌رگای چاپكردنیان به‌بێ هیچ مه‌رجێك كرایه‌وه. نه‌وزاد عه‌لی باسی له‌وه‌شكرد كه به‌شێكی زۆری به‌ڵگه‌و گۆڤاره‌كانی له‌لای خۆی پاراستووه كه له قۆناغێكدا بووه كه حزبی به‌عسی دیكتاتۆر ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌و شاردنه‌وه‌و پاراستنی ئه‌و هه‌موو نووسراو به‌ڵگانه سه‌خت و مه‌ترسیدار بووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه گرنگی ئه‌مكاره به‌شێكی بۆ پاراستنی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشی نوێیه‌و به‌شێكی دیكه‌شی بۆ ئاسانكاری توێژینه‌وه‌و لێكۆلێنه‌وه‌یه بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها به‌پێویستی زانی دوای 28 ساڵ له خۆبه‌رێوه‌بردن، ئیتر ناوی نووسه‌ره‌كان له گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌كانی سه‌رده‌می شاخ و نهێنی شار ساغبكرێنه‌وه‌و وتی ئه‌م كتێبانه به‌شێكن له مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری یه‌كێتی. پاشان ئاماژه‌ی به چه‌ند كارێكی داهاتووی كرد كه یه‌كێكیان كۆدی نامه‌كانی مام جه‌لال-ه، كه خاوه‌نی چه‌ندین نامه‌یه كه به كۆد ناردوێتی و ئێستا پێویستیان به پاراستن و كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانه. دابه‌شكردنی كتێبه‌كان به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا كۆتایی مه‌راسیمه‌كه بوو، كه بریتین له: 1-راپه‌رین، گۆڤاری كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌ولێر-1982-1983 2-پێشمه‌رگه 3- ژیانی رێكخراوه‌ییمان 4-سروشت 5-سه‌نگه‌ر 6-هه‌ڵوێست خاك - فۆتۆ: گۆران قادر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure