مهڵاشووكهوتن له منداڵدا چییه‌و بوونی هه‌یه؟ سووده‌كانی چین؟ چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته ده‌كرێت؟ له‌وباره‌یه‌وه د.پشده‌ر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان به سایتی خاكی ڕاگه‌یاند: له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵدا كۆمه‌ڵێك كون له ئێسقانی سه‌ردا هه‌یه كه دیارترین و گه‌وره‌ترینیان ئه‌وه‌یه كه له به‌شی پێشه‌وه‌ی سه‌ردا هه‌یه‌و پێیده‌ڵێن مه‌ڵاشوو. مه‌ڵاشوو قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌و له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دائه‌خرێت 9-18) مانگ، پێویسته مه‌ڵاشوو ته‌خت بێت و نیمچه نه‌رم بێت، هه‌ندێكجار لێدانی هه‌یه وه‌ك لێدانی خۆینبهر، مه‌ڵاشوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وێت. سووده‌كانی مه‌ڵاشوو 1-له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵدا یارمه‌تیده‌ر ئه‌بێت بۆ تێپه‌ڕبوونی كۆرپه‌له به‌ناو له‌شی ئافره‌تدا، چونكه ئێسقانه‌كانی سه‌ر ئه‌چنه سه‌ریه‌ك به‌هۆی بوونی ئه‌و كونانه له‌سه‌ردا. 2-یارمه‌تیده‌ر ئه‌بن بۆ گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌ی مێشك، واته ئه‌گه‌ر ئه‌م كونه زوو دابخرێت و ئێسقانه‌كان یه‌كبگرن، مێشك ناتوانێت له‌وه زیاتر گه‌وره بێت و گه‌شه‌بكات. 3-له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كونه‌وه زانیاری له‌سه‌ر مێشك له‌ڕێگه‌ی سۆنه‌رو ئامێری تری دیاریكردنی نه‌خۆشی به‌ئاسانی وه‌رئه‌گیرێت. 4-پزیشك له‌ڕێگه‌ی ده‌ستلێدانی ئه‌توانێت زانیاری ده‌ستبكه‌وێت له‌سه‌ر په‌ستانی ناو مێشك، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چاڵ بووبێت واتا نه‌خۆشه‌كه له‌وانه‌یه وشك بووبێته‌وه، یان ئه‌گه‌ر ده‌رچووبێت له‌وانه‌یه په‌ستانی ناو مێشك زیادی كردبێت. 5-ئاگاداربن له‌كاتی گریان و پاڵكه‌وتن و ڕشانه‌وه مه‌ڵاشوو بۆ ده‌ره‌وه ده‌رئه‌چێت. هه‌ندێك كه‌س له‌كاتێكدا كه مه‌ڵاشوو ئه‌چێت بهناوهوهو چاڵدهبێت له‌كاتی وشكبوونه‌وه‌دا په‌ستان ئه‌خه‌نه‌سه‌ر به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ناو ده‌م، وائه‌زانن مه‌ڵاشووی منداڵه‌كه‌یان كه‌وتووه‌و به‌وه ئه‌یهێننه‌وه، به‌ڵام نازانن كه ئێسقانێكی زۆر پته‌و له‌نێوان ده‌م و مێشكدا هه‌یه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و په‌ستانه كاریگه‌ری نیه، به‌ڵكو ته‌نها ئازاری منداڵه‌كه ئه‌دات. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure