9/3/2019 09:38 AM

تێسلا مۆدێل Y له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌دا نمایش ده‌كرێت

ئێلۆن ماسك، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای تێسلا، ئاشكرایكرد كه‌ كۆمپانیاكه‌ی له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ لۆس ئه‌نجلێس ئۆتۆمبێلی تێسلا Model Y نمایش ده‌كات.

تێسلا مۆدێل وای، ئۆتۆمبێلێكی SUVیه‌و 75%ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆدێل 3 هاوبه‌شه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هه‌رزانترین ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای تێسلایه‌. ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ -له‌كاتی دامه‌زراندنی كۆمپانیاكه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003 تائێستا- ده‌بێته‌ پێنجه‌م ئۆتۆمبێلی به‌رهه‌مهاتووی كۆمپانیاكه‌.

پێشتر ده‌نگۆی نمایشكردنی ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ هه‌بوو به‌ڵام كاتی نمایشكردنه‌كه‌ی زووتره‌ له‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا. پێشتر ماسك وتبووی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ تا ساڵی 2020 ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی كڕیاره‌كان و شۆڕشێك ده‌بێت له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلدا.

ماسك ده‌ڵێت به‌وپێیه‌ی كه‌ قه‌باره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ 10% له‌ مۆدێل 3 گه‌وره‌تره‌، پێده‌چێت كه‌ نرخه‌كه‌شی 10% زیاتر بێت.

له‌ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوودا كۆمپانیای تێسلا ئۆتۆمبێلی مۆدێل 3ی نمایشكرد كه‌ نرخه‌كه‌ی 35 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكییه‌و به‌ مه‌به‌ستی هه‌رزانبوونی ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ستێنێكی سه‌رهێڵی بۆ كڕیاران دابینكرد كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكڕن.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved