9/3/2019 03:39 PM

چەند ژنێک خەڵاتکران


گروپی ( کورد ئاڕت) لەڕۆژی جیهانی ( ٨ مارس ) دا لەچەند بوارێکی جیاوازدا خەڵاتی ڕێز لێنانی بەخشییە چەند ژنێکی چالاک. 
بەئامادەبوونی خاتوو ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) و چەندین ژنی چالاک لە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ئەو ژنانەی ساڵانێکە لەبوارە تایبەتەکەی خۆیاندا خزمەت پێشکەشی دەکەن.

بەرهەم کاکە زاڵ / بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری گروپی کورد ئارد بەخاکی وت:
ئەو خەڵاتی ڕێزلێنانەی لەم ڕۆژەدا ئامادەکراوە دیاریەک و ڕێزلێنانێکی کەمە دەرهەق بەو کارو چالاکیانەی ژنان لەهەریەکە لەبوارەکانی خۆیاندا بوێرانە و ماندوونەناسانە کاریان کردووە ، وەک گروپی کورد ئاڕت لەهەریەکە لەبوارەجیاوازەکاندا ژنێکی چالاک و بەئەزموون دیاری کراون ، ئامانجمان لەم مەراسیمە هەمیشە بیرهێنانەوەی ئەو ژنانەیە و ون نەبوونیانە لەکایە جیاوازەکاندا
لەم مەراسیمەدا خەڵات بەخشرایە هەریەکە لەم ژنانە:
- خەڵاتی ژنی نوسەر بۆساڵی ٢٠١٩ بەخشرایە ژنە تێکۆشەرونوسەر( خاتوو گەلاوێژ ) هاوژینی بیری کوردایەتی مامۆستا ( ئیبراهیم ئەحمەد) ، ئەم خەڵاتە پێشکەش بە خاتوو ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) کرا.
- خەڵاتی نوسەری تاواوگە بەخشرا بە ( کازیوە ساڵح)  ، لەڕێگەی نوسینەکانیەوە خزمەتی بە دۆزی ژنان لە ناوەودەرەوەی کوردستان کردووە
خەڵاتی خزمەت بەدۆزی ژن بەخشرا بە ( خەندان حمە جەزا) نوسەری کتێبی ( ئۆقیانوسێک لەتاوان)
- خەڵاتی شاعیری ژن بەخشرا بەخاتوو ( کەژاڵ ئەحمەد) کەلەبوارەکەی خۆیدا ژنانەو بوێرانە دەنوسێت
- خەڵاتی ژنی ماندوو نەناس لەبواری ئەدەب و ئەدەبیاتی کوردیدا بەخشرا بە ( پرۆفیسۆر شوکریە ڕەسوڵ)
- خەڵاتی شانۆکاری ساڵ بەخشرا بە خاتوو ( بەدیعە دارتاش) ئەوژنەی تەمەنێکە لەبواری شانۆودرامادا خزمەت دەکات
- خەڵاتی میوزیک بەخشرا بە خاتوو ( نەژین محەمەد) لەپای ئەو خزمەتەی پێشکەشی کردووە
- خەڵاتی خاتوونی دێرینی تەلە فیزیۆنی دایک بەخشرا بە خاتوو ( سۆزان ئەنوەر) ئەم خاتوونە زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە بوارەکەی خۆیدا کاری کردووە
- خەڵاتی فیلم سازی ژنان درا بەخاتوو ( گەزیزە عومەر) وەک یەکەم فیلمی سینەمای کورد کە ژن ڕۆڵی بەرچاوی تێدا بووە بەناوی ( نێرگز بووکی کوردستان)
- خەڵاتی تاقانەترین ژنی هونەرمەند بەخشرا بە بنەماڵەی خاتوونی گۆرانی بێژ(دایکی جەمال)

- خەڵاتی ژنی شاکار لەم مەراسیمەدا بەخشرا بەخاتوو ( ڤینۆس فایەق ) ژنە نوسەر کە جگە لە ژمانی کوردی بەژمانی عەرەبی نوسینەکانی خۆی دەبەخشیتە خوێنەران و خاوەنی زیاتر لە ١٠ کتێبی جۆراو جۆرە
دواخەڵاتی ئەم مەراسیمە بەخشرایە ئەو گروپە خوێنەرەی کەلەشاری کەرکووکەوە ژنان و کچان و گەنجان ئاشنای کتێب دەکەن و دەبنە دۆستی ئەم نێوەندە ئەوانیش گروپی ( کچانی ژیر) ی شاری کەرکووک

خاک-تانیا ئاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved