له‌ڕۆژی جیهانی ژناندا له چه‌ندین وڵاتی جیهان ڕێ‌ڕۆیشتن ئه‌نجامدراو دروشمی یه‌كسانییه‌كی باشتر به‌رزكرایه‌وه به‌هیوای یه‌كسانی زیاتر له جیهاندا. بۆ نموونه له ئیسپانیا كێشه‌ی مافی ژنان یه‌كێكه له بابه‌ته سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی داهاتوو، هه‌روه‌ها خانمان له رۆژی هه‌ینی نه‌چوونه‌سه‌ر كار‌و هه‌ندێكیشیان پیاوه‌كانیان سپارد ئاگایان له منداڵه‌كانیان بێت و ئه‌ركی ماڵه‌وه به‌جێبهێنن. له ئه‌ڵمانیا رۆژی جیهانی ژنان كرایه پشووی ره‌سمی به‌وپێیه‌ی له وڵاتانی رۆژئاوا رۆژانی شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه پشووه، له سه‌رتاسه‌ری ئه‌ڵمانیا چه‌ندین رێڕۆیشتن ئه‌نجامدرا له‌كاتێكدا بۆنه وه‌رزشییه‌كان تێكه‌ڵی ئه‌م بۆنه‌یه بوون. له هیندستان به سه‌ده‌ها خاتوون هاتنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی نیودلهی و داوای دانانی سنورێكیان ده‌كرد بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی نێو ماڵ و گێچه‌ڵی سێكسی و جیاوازی له هه‌لی كاردا. له كۆریای باشوور خانمان رۆبی ره‌ش و كڵاوی جادووه‌كانیان له‌سه‌ركرد دژی ئه‌وانه‌ی ئه‌م رۆژیان به‌وه وه‌سف كردبوو كه راوكردنی ژنانه له‌لایه‌ن جادووه‌كانه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پارێزگاردا. له فلیپین سه‌ده‌ها خانم به قه‌میسی ئه‌رخه‌وانیه‌وه هاتنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له رێڕۆیشتنێكی تونددا دژی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته رۆدریگۆ دوتیرتی كه ره‌خنه‌یه‌كی زۆری لێگیراوه به‌وه‌ی به‌رده‌وام نوكته‌كانی لایه‌نگیری ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ری تێدایه. خاك - سیڤا ئازاد س: سكای نیوز
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure