12/3/2019 09:25 AM

وه‌رزشكردن له‌ ساڵه‌كانی ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیشدا ده‌بێته‌ هۆی درێژبوونی ته‌مه‌ن

هه‌رگیز بۆ وه‌رزشكردن دره‌نگ نییه‌. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ ساڵانی گه‌نجێتیدا ته‌نها دانیشتوون، وه‌رزشكردن له‌ ساڵه‌كانی ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ندا ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌ مردن به‌هه‌ر هۆكارێك دووریان بخاته‌وه‌.

له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا كه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی و وه‌رزشكردنی زیاتر له‌ 315.000 كه‌س كراوه‌، ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌موو ته‌مه‌نیاندا وه‌رزشیان كردووه‌ ڕێژه‌ی مردنیان له‌ماوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا 36% له‌و كه‌سانه‌ كه‌متر بووه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ ژیانیاندا وه‌رزشیان نه‌كردووه‌.

به‌ڵام ئه‌نجامێكی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌بوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ته‌مه‌نی بیست یان سییه‌كانی ژیانیاندا وه‌رزشیان نه‌كردووه‌ به‌ڵام له‌ چله‌كان و په‌نجاكانی ژیاندا چالاكی جه‌سته‌ییان زۆر بووه‌، ڕێژه‌ی مردنیان 35% كه‌متر بووه‌ له‌وانه‌ی وه‌رزشیان نه‌كردووه‌.

ئه‌م ئه‌نجامانه‌ پێمانده‌ڵێن كه‌ ده‌ستپێكردنی وه‌رزش له‌ ناوه‌ڕاسته‌كانی ته‌مه‌ندا دره‌نگ نییه‌. جگه‌ له‌مه‌ ده‌ستپێكردنی وه‌رزش له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ندا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی مردن واته‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و شێرپه‌نجه‌دا پارێزراو بن. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ندا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ وه‌رزشكردن ئه‌گه‌ری مردنیان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ 43% و ڕێژه‌ی مردنیان 16% كه‌متره‌ له‌و كه‌سانه‌ی هه‌رگیز وه‌رزشیان نه‌كردووه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved