لووله‌ی میز به‌شی خواره‌وه‌ی كۆئه‌ندامی میزكردن پێكده‌هێنێت. بۆرییه‌كه كه میز له میزه‌ڵدانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی له‌ش ده‌بات. هه‌ندێكجار لووله‌ی میز هه‌وده‌كات و ئازاری هه‌یه، لێره‌دا باس له دوو هۆكاری ئازاری لووله‌ی میزو چاره‌سه‌ره‌كانی ده‌كه‌ین: *هه‌وكردنی ڕێچكه‌ی میز: هه‌وكردنی ڕێكچهی میز ده‌توانێت سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی كۆئه‌ندامی میزكردن وه‌ك لووله‌ی میز، میزه‌ڕۆ، میزه‌ڵدان و گورچیله‌كان بخاته ژێر كاریگه‌رییه‌وه. ئه‌وه‌ش كاتێك ڕووده‌دات به‌كتریاكان له كۆڵۆن یان كۆمه‌وه بچنه لووله‌ی میزكردنه‌وه. نیشانه‌كانیشی بریتین له: میزكردنی خێرا خێرا، ئازار‌و كزانه‌وه‌ی كاتی میزكردن، ئازاری لووله‌ی میز، بۆنی توندی میز، خوێناوی بوونی میزو له زۆربه‌ی كاته‌كاندا پزیشك له‌ڕێگه‌ی ئانتی بایۆتیكهوه ئه‌م حاڵه‌ته چاره‌سه‌ر ده‌كات. خواردنه‌وه‌ی ئاوی پێویست و میزكردنی زوو زوو ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت. هه‌روه‌ها له خواردنه ترشه‌كان و شیرینه‌كان كه ده‌بنه هۆی ورووژانی میزه‌ڵدان پارێز بكه‌ن. *كۆنیشانه‌ی لووله‌ی میز: كۆنیشانه‌ی لووله‌ی میز، هه‌وكردن و ورووژانی لووله‌ی میزه كه به‌هۆی توشبوونی به‌كتریاكانه‌وه نییه. ئه‌مجۆره‌ی ئازاری لووله‌ی میز به یه‌كێك له‌م هۆكارانه ڕووده‌دات: سابوون، عه‌تر، سه‌رجێیی، كۆندۆم، جێلهكانی به‌رگری، چاره‌سه‌ری كیمیایی، چاره‌سه‌ری تیشكی، برینداری لووله‌ی میز. بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه ڕه‌نگه پزیشكه‌كان ده‌رمانی دژه‌ئازار بده‌ن به نه‌خۆشه‌كان به‌ڵام به‌گشتی چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه له‌و هۆكارانه‌ی ناوبران پارێز بكه‌ن. خاك – سه‌مه‌د كورده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure