هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار‌و ده‌رهێنه‌ری كورد جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ده‌بێته نوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی و له‌و رێگه‌یه‌وه فیلمه كوردییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته وڵاتی ئیتاڵیا. ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئه‌و فێستیڤاڵه رایگه‌یاندووه: به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌لایه‌ن فێستیڤاڵی كلات نیسای سینه‌مایی كه له وڵاتی ئیتاڵیا ئه‌نجامده‌درێت، وه‌ك نوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی فێستیڤاڵه‌كه ده‌ستنیشانكراوم. وتیشی: فیلمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی منه‌وه ده‌نێردرێت بۆ ئه‌و فێستیڤاڵه كه له‌بواری سینه‌مای جیهانیدا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی باشه. جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر داوای له ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مایی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان كرد ئه‌وانه‌ی كه خوازیارن فیلمه‌كانیان له‌و فێستیڤاڵه‌دا به‌شداری بكات، په‌یوه‌ندی پێوه بكه‌ن‌و فیلمه‌كان بنێرن تا هه‌لی به‌شداریكردنیان له‌و فێستیڤاڵه‌دا بۆ بڕه‌خسێنرێت. جێی باسه، ساڵی ر‌ابردوو له 26ی ئایاری 2018دا فیلمێكی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر به‌ناوی (ئه‌یلان) به‌شداری خولی ئه‌و ساڵه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ی كرد‌و له كۆتایی فێستیڤاڵه‌كه‌دا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا. فیلمی (ئه‌یلان) به سپۆنسه‌ری زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌و له‌نێو 437 فیلم كه به نوێنه‌رایه‌تی 60 وڵاتی جیهان كه به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌یان كردبوو خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا. چیرۆكی فیلمه‌كه باس له ئه‌یلان كوردی ده‌كات كه له سوریا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی رێگه‌ی تاراوگه ده‌گرنه‌به‌رو به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌وێ به‌رله‌وه‌ی بگه‌ن به كه‌ناری ئارامی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا ده‌یكاته قوربانی. دواهه‌مین فیلمی سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر فیلمێك بوو به‌ناوی (بێده‌نگی ئاسمان) كه له‌كه‌متر له ساڵێكدا له 54 فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانیدا به‌شداری كرد‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا. جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبووی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره، له ساڵی 2001ه‌وه ده‌ستیداوه‌ته كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته فیلم‌دا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بووه‌و له 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بووه‌و له ساڵی 2010ه‌وه كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات. بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ئه‌م لینكه بكه‌ره‌وه.. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure