13/3/2019 09:21 AM

بۆ ده‌خه‌وین؟ زانایان باس له‌ میكانیزمێكی نوێكردنه‌وه‌ی مێشك ده‌كه‌ن

خه‌وتن به‌شێكی گرنگی سووڕی ژیانی ڕۆژانه‌ی زۆربه‌ی گیانله‌به‌ران و له‌وانه‌ش مرۆڤ پێكدێنێت. به‌ڵام كاتێك ئاژه‌ڵێك ده‌خه‌وێت ناتوانێت له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كاندا خۆی بپارێزێت. ئێستا پرسیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چ شتێك خه‌و ئه‌وه‌نده‌ گرنگ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كانی ده‌خه‌وین؟

زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان باس له‌ گرنگی خه‌و بۆ ته‌ندروستیمان ده‌كه‌ن. دوایین توێژینه‌وه‌كان باس له‌ گرنگی خه‌و بۆ ته‌ندروستی دڵ، به‌هێزكردنی كۆئه‌ندامی به‌رگری و ڕێگری له‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ ده‌كه‌ن.

له‌ دوایین توێژینه‌وه‌دا كه‌ له‌ ئیسرائیل كراوه‌، توێژه‌ران باس له‌ هۆكاری سه‌ره‌كی خه‌وتن ده‌كه‌ن. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی خه‌ودا خانه‌كانی مێشك نوێ ده‌بنه‌وه‌. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ماسی زێبرا كراوه‌ چونكه‌ زۆر هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌. نزیكه‌ی 70%ی جینه‌كانی مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵه‌ ئاوییه‌كانیشدا ده‌رده‌كه‌ون.

له‌ڕێگه‌ی وێنه‌گری سێ ڕه‌هه‌ندییه‌وه‌، زانایان سه‌یری كاریگه‌ری خه‌ویان له‌ ئاستی میكرۆدا له‌سه‌ر خانه‌كانی مێشك كرد. توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ له‌كاتی خه‌ودا، نۆرۆنه‌كان ده‌توانن كاری ڕێكخستنه‌وه‌ (maintenance) له‌سه‌ر ناوكی خانه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن. كاتێك ناوكی خانه‌ تێكبچێت زانیاریی دی.ئێن.ئه‌ی خانه‌كه‌ له‌ به‌ین ده‌چێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پیربوون، نه‌خۆشی یان كاركردی لاوازی ئه‌ندامه‌كان و شانه‌كان.

كاتی خه‌و، خانه‌كان ئه‌و هه‌له‌یان ده‌بێت كه‌ له‌و سترێسه‌ی له‌ درێژایی ڕۆژدا پێیان دراوه‌ ڕزگاریان بێت و هه‌ر زیانێكیان پێگه‌یشتبێت قه‌ره‌بووی بكه‌نه‌وه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved