13/3/2019 03:40 PM

وازهێنانی راگه‌یاند

دوای 3 ساڵ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ له‌ یانه‌ی‌ مانچسته‌ر یونایتد لویس ڤان خاڵی راهێنه‌ری دیاری تۆپی پێ وازهێنانی یه‌كجاری له‌ كاری راهێنه‌رایه‌تی رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوو راهێنه‌رایه‌تی چه‌ندین یانه‌ی‌ گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌یاكس و بارسێلۆنا و بایرن مونشن و هه‌ڵبژارده‌ی‌ هۆڵه‌ندا كرد.
ڤان خال به‌ یه‌كێك له‌ دیارترین راهێنه‌رایه‌نی هۆڵه‌ندا داده‌نرێت كه‌ له‌ماوه‌ی‌ كاری راهێنه‌رایه‌تی چه‌ندین نازناوی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانانه‌ بردۆته‌وه‌ كه‌ كاری له‌گه‌ڵدا كردون.
دواین كاری ڤان خال له‌ یانه‌ی‌ مانچسته‌ر یونایتد بوو كه‌ دواجار له‌ ساڵی 2016 له‌سه‌ر كار لابرا.
ڤان خال رایگه‌یاند له‌ماوه‌ی‌ داهاتوو پۆستی راهێنه‌رایه‌تی هیچ یانه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ك وه‌رناگرێت و داوای لێبوردنیشی له‌و یانانه‌ كرد گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردوه‌.
ڤان خال وتی: ئه‌مڕۆ كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ كۆتایی كاروانی وه‌رزشیم وه‌كو راهێنه‌ر رابگه‌یه‌نم و ده‌مه‌وێت له‌هه‌موو كارێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ تۆپی پێ دووركه‌ومه‌وه‌، بڕیاره‌كه‌شم دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر هات.
وتیشی: هاوسه‌ره‌كه‌م 22 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا وازی له‌ كاره‌كه‌ی‌ هێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانم له‌گه‌ڵم بێت ئه‌و كات پێم وت له‌ ته‌مه‌نی 55 ساڵی وازده‌هێنم، به‌ڵام تا 67 ساڵی به‌رده‌وام بوم، ئه‌و ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕی، به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ژیانێكی خۆش و دوور له‌ تۆپی پێ و گوشاره‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ بژین.
ڤان خال له‌هه‌موو ئه‌و یانانه‌ی‌ كاری كردوه‌ نازناوی بردۆته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی 4 نازناوی خولی هۆڵه‌نداو 2 نازناوی خولی ئیسپانیا و نازناوێكی بۆندس لیگاو جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رایه‌و چامپیۆنس لیگیشی بۆ ئه‌یاكس بردۆته‌وه‌و له‌گه‌ڵ هۆڵه‌نداش سێیه‌می مۆندیالی 2014 بووه‌.

خاك-ئاژانسەكان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved