14/3/2019 03:29 PM

مەحموود دەرویش

بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی"مەحموود دەرویش"ەوە کە ڕێکەوتی ١٣/٣/١٩٤١ ە.چەند شیعرێک لە کتێبی "لەبیر دەچیتەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت" ژیان و شیعری مەحموود دەرویش" هەڵبژاردن و پێشەکی و وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی.
لە چاپکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس ساڵی ٢٠١٧.


"ئەو لە ئێوارەدا"

ئێوارەیە و ئەو بەتەنیا هەر خۆیەتی
منیش وەک ئەو تەنیا خۆمم
لە ڕیستۆرانێکی زستانەدا
دوو مێزی بەتاڵ 
لەنێوانی من و مۆمەکانی ئەودا هەیە
(هیچ شتێ بێدەنگیمان شلوێ ناکا)
ئەو من نابینێ کاتێ ئەیبینم
گوڵێ لە سنگی ئەکاتەوە
منیش نایبینم کاتێ ئەمبینێ
قومەماچێ لە شەرابەکەی بەردەمم ئەدەم
ئەو نانەکەی لەتلەت ناکا
منیش ئاوەکە ناڕێژم
بەسەر سەرمێزی کاغەزا
(هیچ شتێ بێدەنگیمان شلوێ ناکا)
ئەو هەر بە تەنیا خۆیەتی و 
منیش لە ئاست جوانییەکەی ئەودا هەر خۆمم
ئەم خۆشییە بۆ بە یەکمان ناگەیەنێ؟
من لە دڵی خۆمدا وتم: بۆ تامی بادەکەی نەکەم؟
ئەو من نابینێ کاتێ ئەیبینم
قاچی لەسەر قاچ لائەبا
منیش نایبینم کاتێ ئەمبینێ
پاڵتۆکەی بەرم دائەکەنم
ئەو بە هیچ شتێکی من بێزار نابێ
منیش بە هیچی ئەو بێزار نابم
لەو فەرامۆشییەدا
هەردووکمان پێکەوە گونجاوین
شێوی هەریەکەمان بە جیا بەتام بوو
شەویش... ڕەنگی شین بوو
من بە تەنیا نەبووم... ئەویش بە تەنیا نەبوو
پێکەوە گوێمان بۆ بلوور شل کردبوو
(هیچ شتێ شەومانی تێک نه‌ئەشکاند)
ئەو ناڵێ:
خۆشەویستی بە زیندوویی لەدایک ئەبێ و
پاشان ئەبێتە بیرۆکەیەک...
منیش ناڵێم:
خۆشەویستی بووەتە بیرۆکەیه‌ک

بەڵام پێئەچێ هەر وا بێ!

"بۆ دایکم"

بیری نانەکەی دایکم ئەکەم
بیری قاوەکەی
بیری دەستی... کاتێ ئەیهێنا بە سەرما
ڕۆژ بە ڕۆژ مناڵی لە ناخما گەورە ئەبێ و
عاشقی تەمەنی خۆم ئەبم
لەبەر ئەوەی ئەگەر بمرم
شەرم لە ئەشکی دایکم ئەکەم
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە شاڵ بۆ برژانگی چاوەکانت
بە گژوگیا ئێسقانەکانم داپۆشە
من ئەمەوێ بە بنی پێیەکانی تۆ پاک بمەوە
بە چەند تاڵێ لە پرچی خۆت بمبەستەوە
بە داوێ لە داوەدەزووی دامێنی کراسەکەت
بەڵکو... ببم بە خواوەند
ئەگەر دەستم بەر قووڵایی دڵت کەوێ
ئەبمە خواوەند
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە دار بۆ ئاگری تەنوورەکەت
بمکە بە تەناف بۆ جلەکانی خۆت لە سەربان
لەوەتەی لە دووعاکانت بێبەشم
خۆم بۆ ڕاناگیرێ بەپێوە
پیر بووم دایە
ئەستێرەکانی مناڵیم بۆ بێنەوە
تا لەگەڵ زەڕنەقووتەکانا
بەرەو هێلانەی چاوەڕوانیی تۆ بێمەوە

"من یوسفم بابە"

من یوسفم بابە
براکانم منیان خۆش ناوێ بابە
نایانەوێ لەگەڵیان بم بابە
دەسدرێژیم ئەکەنە سەر و 
بەردباران و جنێوبارانم ئەکەن و
ئەیانەوێ بمرم تا مەدح و سەنام کەن
دەرگای ماڵەکەی تۆیان لەسەر داخستم
لە مەزراکە دەریان کردم
ڕەزەکەیان ژاراوی کردم.. بابە
یارییەکانیان وردوخاش کردم.. بابە
کە نەسیمێ هەڵیکرد و یاریی بە قژم کرد
ئیرەییان پێ بردم و لە منیش و لە تۆش تووڕە بوون
بابە من چیم کردووە لەوان؟
پەپوولەکان خۆیان لەسەر شانم نیشتنەوە
گوڵەگەنمەکان خۆیان بۆم چەمانەوە
باڵندەکان خۆیان لەسەر لەپی دەستم هەڵنیشتن
ئیتر من چیم کردووە بابە؟
بۆچی من؟
تۆ ناوت نام یوسف
براکانم فڕێیاندامە بنی بیرەکەوە و 
گورگیشیان بەو کارە تاوانبار کرد
گورگ لە براکانم بەڕەحمترە.. بابە
ئاخۆ من غەدرم لە کەس کرد کاتێ وتم:
"یانزە هەسارەم بینی
لەگەڵ خۆر و مانگدا
بینیمن سوجدەیان بۆ ئەبردم؟"*
-----------------------
*ئاماژەیە بۆ ئەو ئایەتەی سوورەتی یوسف کە دەڵێت:" إنِّی رَأَیْتُ أَحدَ عَشَرَ كَوْكبًا، والشَّمْسَ والقَمَرَ، رَأَیتُهُم لِی سَاجِدِینْ."

"پاشماوەی ژیانێک"

ئەگەر ڕۆژێ پێیان وتم:
تۆ ئەم ئێوارەیە ئەمریت
ئەم ماوە کورتەی كه ماوە چی ئەکەی؟
- سەیری سەعاتەکەی دەستم ئەکەم
پەرداخێ شەربەت ئەخۆمەوە
گازێک لە سێوێ ئەگرم
لە مێروولەیەک ورد ئەبمەوە
کە ئازووقەی بۆ خۆی پەیدا کردووە
ئینجا سەیری سەعاتەکەم ئەکەمەوە
کاتم بەدەستەوە ماوە بۆ ڕیشتاشین
ئەچمە حەمام و خۆم ئەشۆم
شتێ بە بیرما گوزەر ئەکا:
"نووسین ڕازانەوەی ئەوێ
کەواتە با جلەکە شین بێ"
تا نیوەڕۆ لەسەر مێزی کارەکەی خۆم دائەنیشم
ئاسەواری ڕەنگ لە وشەکانا نابینم
سپی... سپی... سپی
دوا قاوەڵتیی خۆم ساز ئەکەم
دوو پێک شەرابیش تێئەکەم
یەکێ بۆ خۆم
یەکێکیش بۆ ئەو میوانەی بێ وادە دێ
ئینجا... لە بەینی دوو خەونا سەرخەوێ ئەشکێنم
بەڵام لە پرخەپرخی خۆم بەئاگا دێم
پاشان سەیری سەعاتەکەی دەستم ئەکەمەوە:
کاتم بەدەستەوە ماوە بۆ خوێندنەوە
بەشێ لە "دانتی" و نیو "موعەللەقە" ئەخوێنمەوە و
ئەبینم چۆن ژیان لە منەوە ئەڕوا بۆ ئەوانی دی
ناشپرسم کێ ئەو بۆشاییە پڕ ئەکاتەوە
- ئاوا؟
- ئاوا، بەڵێ ئاوا
- ئەی دوای ئەوە؟
- قژم دائەهێنم، شیعرەکە فڕێ ئەدەم
ئەم شیعرە فڕێ ئەدەمە تەنەکەی خۆڵەکەوە
ئینجا تازەترین کراسی ئیتاڵیم لە بەر ئەکەم
ئاپۆرەیەک کەمانچەی ئیسپانی دوای خۆم ئەخەم و
بەرەو گۆڕستان مل ئەنێم.

"ڕوانینێک"

جیاوازی لەنێوان نێرگز و گوڵەبەڕۆژەدا
جیاوازییە لەنێوان دوو ڕوانینا:
یەکەمیان سەیری وێنەکەی خۆی
لە ئاودا ئەکات و ئەڵێ:
جگە لە من، هیچ منێکی دیکە نییە!
دووەمیشیان سەیری خۆر ئەکات و ئەڵێ:
من ئەو شتەم ئەیپەرستم
کە شەویش دێ
ئەو جیاوازییە کاڵ ئەبێتەوە و
بەری ڕاڤە واڵا ئەبێ.

"لەسەر ئەم زەوییە"

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
دووبارەبوونەوەی گوڵان
بۆنی نانی بەرەبەیان
ڕاوبۆچوونەکانی ژنێ لەسەر پیاوان
نووسینەکانی ئەسخیلیۆس
سەرەتاکانی دڵداری
چیمەنی ڕواوی سەر بەردێ
ئەو دایکانەی لەسەر دەزووی نایەک وەستاون
ترسی داگیرکەر لە یادەوەری

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
کۆتاییەکانی خەرمانان
خانمێ بە جەستەیەکی ساغەوە 
کە چل ساڵی بەڕێ ئەکا
چرکەساتی خۆرکەوتن لە بەندیخانە
گەواڵەهەورێ کە لاسایی بوونەوەرانێ ئەکاتەوە
هاواری خەڵکێ بۆ ئەو کەسانەی
بەدەم خەندەوە بۆ مەرگی خۆیان هەڵئەکشێن
ترسی زۆردار لە گۆرانی

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
دایکی هەموو سەرەتاکان
دایکی هەموو کۆتاییەکان
کە پێیان ئەوت فەلەستین
کە پێی ئەڵێن فەلەستین
خانمەکەم: چونکە تۆ خانمی منی
ئەهێنێ... ئەهێنێ بژیم.

"بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە"

کاتێ بەرچایی ئامادە ئەکەی
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
خواردنی کۆترەکانت بیرنەچێ
کاتێ شەڕ هەڵئەگیرسێنی
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
ئەو کەسانەت لە بیر نەچێ
کە شەیدا و هەڵوەدای ئاشتین
کاتێ کە پارەی ئاو ئەدەی
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
ئەو کەسانەی کە چاوەڕێن
مەمکی هەورەکان بمژن
کاتێ ئەگەڕێیتەوە بۆ ماڵ، ماڵەکەی خۆت
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
ئەو خەڵکانەی لە خێوەتگه‌کانا ئه‌ژین
کاتێ ئەخەوی و ئەستێرە هەژمار ئەکەی
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
ئەوانەی شوێنێ شک نابەن تیا بخەون
کاتێ بە خوازە خۆت ئازاد ئەکەی
بیر لە کەسانێکی دیکە بکەرەوە
ئەوانەی مافی قسەیان زەوت کراوە
کاتێکیش بیر لە کەسە دوورەکان ئەکەیتەوە
بیر لە خۆت بکەوە و بڵێ:
بریا ئەبوومە مۆمێ لە تاریکییا.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved