16/3/2019 01:59 PM

یادەوەرییەك لە جیلی ئالتونیەوە

 

جە میل عە لی 

پێدەچێت تامەزرۆیی بۆ رابردوو بەهێزتر بێت لە ئارەزوو بۆ داهاتوو .. ئەمڕۆ لەگەڵ پۆلێك لە هاوكارانی دێرین لە شوێنی كار لە دەمەتەقێیەكدا گەڕاینەوە بۆ ساڵانی پێش راپەرین كە بەلای منەوە ( دوور لە سیاسەت و سەركوتكاریی ) چەندین وێستگەی خۆشی تێدابوو بۆ ئێمەی منداڵ، هەرزەكار و نەوجەوان تا قۆناغی شەشەمی ئامادەیی كە لەوێوە (پاش ئازادیی و نەمانی ستەمكاریی رژێم) زۆر لە جوانییەكان تۆران و نەمان و كایەكانی ژیان لە سایەی ئازادییدا رووەو ئاقارێكی تر چوون كە زۆربەیان مایەی خۆشحاڵیی نەبوون و نین . لەو دەمە تەقێیەدا كەوتینە باسكردن لە بەشێك لەو فیلم و پرۆگرام و فیلم كارتۆنانەی نەخشی رۆشنبیریی و زانیاریی و كات بەسەربردن و ئاستی زمانەوانیی و حەز و خولیاكانی ئێمەیان نەخشاندبوو .

 

من هەمیشە وای دەبینم كە تی ڤی بەعس (بەو هەموو رەخنانەوە كە ئەكادیمیستان و شارەزایان دەتوانن لێی بگرن و گرتوشیانە) دەرەتانێك بوو بۆ ئێمەی كوردی بن دەستی بێ كەس و پشت و پەنا كە زۆر شت فێرببین و سوود وەربگرین لەو كەمە بەرهەمەی كە لەو سەردەمەدا هەبوون .

 

بۆ ئەوانەی هاوتەمەنین ، كەمێك جیاوازیی تەمەن لە نێوانماندا هەیە ، یادەوەرییەكان لەگەڵ هەر دوو كەناڵی عەرەبیی و كوردیی ئەو رژێمە زۆرن و خۆشن ئەگەر بە بابەتییانە و دوور لە سیاسەت قسە بكەین. بۆ نموونە یەكێك لە فلمە جوانەكانی جیهان رەین مان یاخود پیاوی بارانە كە لە ساڵی بڵاوبوونەوەیدا لە ئەمریكا و جیهان زۆرێك لە ئێمە لە كەناڵی یەك (بەغداد)ەوە لە دوا بابەتی شەو لە نێو خەوی خۆشی كەس و كاردا و بە دەنگی نزمەوە بینومانە و كاریگەریی لەسەرمان هەبووە كە دواتر بە تێپەڕبوونی كات زانیاریی زیاترمان لەسەر ئەكتەر و نووسەر و دەرهێنەر و خەڵاتەكانیان وەرگرتووە .

ئەمە نموونەیەكە بۆ سەدان فلمی سەركەوتووی كاریگەر لە هەموو ژانرەكان كە بە بینینیان شادبووین ، بە فلمە جەنگیی یان حەربییەكانیشەوە بەهۆی جەنگی ناڕەوای هەشت ساڵەی عێراق - ئێرانەوە. بەشێك لەو پرۆگرامە عەرەبیی و كوردییانەی لە ساڵانی 80 بۆ 91 بینیومانن ، تا ئێستاش لە یادەورییماندا ماون بە موزیك و تایتڵ و پێشكەشكارەكانیانەوە ، دەشێت دكتۆری رەحمەتیی كامل الدباغ و العلم للجمیع، عدسە الفن و ست خیریە حبیب، عشر دقائق و دقائق ، الریاچە فی الاسبوع و مۆسیقا بە ناوبانگەكەی و پێشكەشكارە بلیمەتەكەی كە مۆید البدری بوو ، مدینە القواعد و افتح یا سمسم، زنجیرەی تەلەفزیۆنیی ناوخۆیی كوردیی (ژاڵە)و عێراقیی (الامانی الضالە) و عەرەبیی (لیالی الحلمیە)و بیانییەكان(الحسنا‌‌و و الوحش ) بە نموونە، گۆرانییە جوانەكانی زەمەنی زێرینی موزیكی كوردیی و عێراقیی كە زۆر و زەوەندن ، و فلم كارتۆنە جیهانییەكان كە هەموویان شاكار بوون لە وەرگێڕان و دۆبلاژكردندا، ئۆسكار و تاكایاتۆدرۆكی و گران دایزەر و هتد ...

 

ئۆپەرێتە كوردییە سەرنج راكێشەكان (بەیتی رێزان خاتوون و گەنجینەی سلێمان)ی كوڕان و كچانی هەڵكەوتووی سلێمانی (رێوی و لە پیستی شێردایە) لە هەڵەبجەكەی شاری شاعێران و زێدی دایك و باپیران ، ئەمانە هەموو پێكڤە بە شەو و بەرۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ لە نێو ناخ و دڵ و دەروونی ئێمەدا رەگیان دادەكوتا كە تا ئەم ساتە وەختەش زۆرێكیان هەروەك خۆیان ماون و كاڵ نەبوونەتەوە و دەشێت و دەكرێت لە نێو كایەی ئەكادیمیی و میدیایی ئیـَمەدا سوودیان لێ وەربگیرێت وەك چۆن لە دوای راپەرینەوە ئەم رەوتە لە كاری تەلەفزیۆنیی (كە هی داگیركاربوو) كاریگەریی خۆی بەجیهێشت بەسەر تەلەفزیۆنی كوردیی (داگیركراوی ئازاد بوو)ەوە وەك بەرنامەی كەشكۆڵ كە درێژكراوەی ئیستراحەت ئەلزەهیرەبوو ، سینەما وەك كۆپیی مەكتەبە سینەماییەكەی فریال حسێن ، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە وەختە و لەو ساڵە زۆر نالەبارانەی پاش راپەرینیشدا بەرنامەیەكی كاریگەری وەك سینما الاطفالم بۆ منداڵانی كورد لە هیچ تی ڤییەكی كوردییدا نەبینیوە. دەتوانم بلێم نەمانی ئەو سنووردارییە لە ژمارەی تەلەفزیۆنەكاندا (2 دانە ، عەرەبییەك و كوردییەك - ئەگەر كەمیش بێت-) و سەرهەڵدانی تەنها تەلەفزیۆنی كوردیی بەشێكی زۆر لە دەرفەتی فێربوونی زمانی عەرەبیی لەدەست نەوەی دوای راپەرین دا ، هەروەك چۆن سەرهەڵدانی بەرنامەی ئاست نزم و خراپ لە رووی كواڵتییەوە و نەمانی زنجیرە بیانییە سەب تایتڵكراوەكان و زاڵ بوونی زنجیرە لاتینیە بە عەرەبیی كراوەكان چانسی بەهرەمەندبوونی لە زمانی ئینگلیزیی نەهێشت - ئەمە وەك بیرۆكەیەكی رێژەیی كە دەشێت وانەبێت.

 

بەڵام ئەوەی جێی خەم و پەژارەیەكی زۆرە بۆ من ئەو هەموو سەعاتانەیە كە ئەم تەلەفزیۆنانەی تێدا تەرخان دەكرا بۆ دیدار و كۆبوونەوە زۆر و زەوەندەكانی سەدام حسێن سەرۆكی ئەو رژێمە سەركوتكارە كە بەداخەوە لەوەشدا نەمانتوانیوە نەریتە ناشرین و قێزەونەكانی ئەو رژێمە تێ بپەڕێنین و هەندێك كەناڵمان هەیە كە درێغی ناكەن لە پیشاندانی دیدار و وتە درێژەكانی سەرۆكی حزبە كان بەدەر لە بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان كە پێویستە پەیامی كورت و پوخت بن .








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved