17/3/2019 10:06 AM

به‌هێزكردنی ماسولكه‌كان مه‌ترسی شه‌كره‌ی جۆری2 كه‌مده‌كاته‌وه‌

له‌ 30 ملیۆن كه‌سی ئه‌مریكایی كه‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ 90بۆ95%یان نه‌خۆشی شه‌كره‌ی جۆری2یان هه‌یه‌.

توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ریده‌خات كه‌ به‌هێزكردنی ماسولكه‌كان ڕه‌نگه‌ ڕێگه‌یه‌ك بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی نه‌خۆشی شه‌كره‌ی جۆری2.

توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر زیاتر له‌ 4500 كه‌س، ده‌ریده‌خات كه‌ بارستایی مامناوه‌ندی ماسولكه‌كان، مه‌ترسی شه‌كره‌ی جۆری2 به‌ڕێژه‌ی 32% كه‌مده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بارستایی ماسولكه‌كان له‌وه‌ زیاتر بێت ڕێژه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ زیاتر كه‌منابێته‌وه‌.

داك هاڵ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له‌ زانكۆی ئایۆوا سته‌یت كه‌ به‌رپرسی توێژینه‌وه‌كه‌یه‌ ده‌ڵێت: توێژینه‌وه‌كان هانده‌رن چونكه‌ ته‌نانه‌ت بڕێكی كه‌می وه‌رزشه‌كانی خۆڕاگری له‌ڕێگه‌ی به‌هێزبوونی ماسولكه‌كانه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ شه‌كره‌ی جۆری2. هه‌رچه‌ند سه‌خته‌ كه‌ باشترین ئاست پێشنیار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ باشترین ئاكام، چونكه‌ له‌ڕاستیدا پێوانه‌یه‌كی ستاندارد بۆ پێوانی به‌هێزی ماسولكه‌كان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.

توێژه‌ران ده‌شڵێن كه‌ ئێمه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین له‌ ڕاهێنانێكی كه‌می خۆڕاگرییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن و پێویست ناكات ڕاهێنانێكی قورس و ئاڵۆز بكه‌ن. وه‌رزشی خۆڕاگری یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ره‌كترین ڕێگه‌كانی به‌هێزكردنی ماسولكه‌كانه‌و جگه‌ له‌وه‌ ئاستی گلوكۆزی له‌شیش باش ده‌كات و ده‌وری كه‌مه‌ر كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ پیشانده‌ری چه‌وری زیاده‌یه‌و په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ شه‌كره‌ی جۆری2.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved