24/3/2019 09:28 AM

گروپی ڕووناک پلەی یەکەمی له ڕێگای هەوریشم-ی چینی بەدەستهێنا

گروپی "ڕووناک" بە سەرپەرەستی گۆرانیبێژی کورد "کەیوان عەلی محەمەدی" پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" لە وڵاتی چینی بەدەستهێنا.
 
گروپی مۆسیقای "ڕووناک" بە سەرپەرستی موزیکزان و گۆرانیبێژی کورد "کەیوان عەلی محەمەدی" لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" Silk Road لە وڵاتی چین بەشداری کردو لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن و هەروەها لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری "شیان" Xian بە مێژووی زیاتر لە سێ هەزار سال و یەکێک لە چوار پێتەختی باستانی و ناوەندی پارێزگای "شا.ئان.شی" کۆنسێرتی پێشکەش کردو لەلایەن هۆگرانی موزیکەوە پێشوازیی لێکراو لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە هونەرییەوە پلەی یەکەم بەم گروپە موزیکە بەخشرا.
 
بەشداری 12 گروپی مۆسیقا لە وڵاتانی جیهان
"کەیوان عەلی محەمەدی" سەرپەرشت و گۆرانیبێژی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆنسێڕت لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" لە وڵاتی چین وتی: ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداری 12 گروپی مۆسیقا لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: هێندستان، بڕازیل، ئیسپانیا، ئازەربایجان، تورکیا، سێربستان، ڕوسیا، گورجستان، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە پێش کۆتاییهاتنی سەری ساڵی نوێی و جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوەچوو و گروپی مۆسیقای "ڕووناک" لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی 11 کەسییەوە وەکو باشترین گروپی فۆلکلۆری ئەم فێستیڤاڵە دەستنیشان کرا.
 
مانگێک کۆنسێرت لە شاری "شیان"ی چین
وتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تا ڕادەیەک کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" گۆرانییەکان و جلوبەرگی کوردی و نەتەوەکانی دیکەو هەروەها زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئێمەیان پێی خۆشبوو کە نزیکەی مانگێک لە "شیان" کۆنسێرتمان پێشکەشکرد. شیان شارێکی گەشتیاری نێودەوڵەتی گرنگی پیشەسازی، زانستی و تەکنۆلۆژیا، پەروەردەو کەلتووری، بازرگانی و ئابووری وڵاتی چینەو لەلایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی زۆرباش لە بەرنامەکانمان کرا بە شێوەیەک کە هەر ڕۆژ نزیکەی 5 هەزار کەس کۆنسێرتەکانی ئێمەیان لە نزیکەوە دەبینی و بەبڕوای من ئەم بەرنامانە یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو.
 
بینینی 5 هەزار کەس لەهەر کۆنسێرتێکی گروپی مۆسیقای "ڕووناک"
وتیشی: ئێمە یەکەمین کۆنسێرتی خۆمان لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن سازکرد کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای چین، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها هۆگرانی موزیک تیایدا بەشدارییان کرد کە پێشوازییان تا ڕادەیەک بوو کە کۆنسێرتەکانی دواییمان لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری شیان بەڕێوەبرد کە لەهەر کۆنسێرتێکدا نزیکەی 5 هەزار کەس لەنزیکەوە بەرنامەکەی ئێمەیان بینی.
 
پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان
ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم"، ساڵی نوێی چینییەکانیش بوو کە ڕێوڕەسمی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەهۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم ڕووداوە هونەرییە لەلایەن گروپی مۆسیقای "ڕووناک"، ئێمەیان بۆ پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان هەڵبژاردو لەم بەرنامەیەشدا کۆنسێرتمان پێشکەشکردو بەهۆی پێشوازی باشی خەڵکییەوە، بۆ ماوەی 20 ڕۆژ کۆنسێرتیان بۆ ئێمە دانا.
 
ئاهەنگی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە چین
وتیشی: شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم"، یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو، چونکە توانیمان بە پێشکەشکردنی گۆرانییە کوردییەکان و هەروەها گۆرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران و هەروەها بڵاوبوونەوەی دیمەنە ناوچە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی ئێران لەپشت سەرمانەوە بۆ چینییەکان و گەشتیارە بیانییەکان لە وڵاتانی جۆراجۆری جیهانەوە، دابونەریتی کوردەواری و زمان و هەروەها جلووبەرگی خۆمان نمایش بکەین کە لەلایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا. تەنانەت خەڵکی لە شەوەکانی دوایی کۆنسێرتدا هۆگرییان بە گۆرانییەکانی ئێمە بەتایبەت گۆرانی "ڕەعنا" هەبوو و هاوکات لەگەڵ ئێمە گۆرانییەکانیان دەوتەوە.
 
ماڵئاوایی چینییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە
ئەم ژەنیارە بەئەزموونەی ئامێری دەف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێشوازی هۆگرانی موزیک لە کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" لە وڵاتی چین تا ڕادەیەک بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ماندوو دەبووین، بەڵام ناچاربووین کە شەو لەدوای یەک، کۆنسێرت پێشکەش بکەین و ژمارەیەکی زۆر لە چینییەکان بەهۆی ئەو هۆگرییەی کە بە گروپی ئێمە بوویان، لە ڕۆژی کۆتاییدا بۆ ماڵئاوایى هاتن بۆ فڕۆکەخانەو خۆشەویستی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ماڵئاواییان لێکردین.
 
پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نەمسا
عەلی محەمەدی سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆنسێرتی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" لە وڵاتی نەمسا وتی: دوای بەرنامەی سەرکەوتووانە لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم"، بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی مۆسیقای ئێرانییەکان لە شاری ڤییەنا لە وڵاتی نەمسا دەستنیشان کراین و لەوێش کۆنسێرتمان پێشکەشکرد کە لەلایەن ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نەمساوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
 
گۆرانی کوردی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر" لە چین
سەرپەرەستی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" سەبارەت بە پارچە موزیک و گۆرانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" وتی: لەم فێستیڤالەدا گۆرانی کوردی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر"، گۆرانی بەلووچی "چەمەنی تارا"، گۆرانی گیلانی "ڕەعنا"، گۆرانە لوڕییەکان "تەرە دۆر" و "باروو، باروو"، گۆرانی خوراسانی "لەیلا دەر واکۆن"، گۆرانی ئازەری "نارگیلە"، گۆرانی بەندەری "ڕۆژی هەینی"، گۆرانی بەختیاری "ئەهای گوڵ"، گۆرانی عەڕەبی "مەیحانە"، گۆرانی ئینگلیزی "بهێڵە ژیان بەسەربەرم" و هەروەها گۆرانییەکی تێکەڵاوی کوردی، عەڕەبی و هیندی بە ناوی "کەرەندی".
 
کۆنسێرت لە دوورگەی کیش و بەندەری عەسەلووییە بەبۆنەی نەورۆز
ئەم موزیکزانە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە وتی: بڕیاربوو کە رۆژی 19 تاکو 24ی مارسی 2019 لە شاری پیکەن لە وڵاتی چین و هەروەها دوای ئەویش لە وڵاتی قیبرس کۆنسێرت پێشکەشبکەین کە بەهۆی هاتنی جەژنی نەورۆزی ساڵی پار، لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕوسیاو لە درێژەشدا لە فێستیڤاڵی ڕانیە لە هەرێمی کوردستان، نەمسا، چین و تورکیا کۆنسێرتمان هەبوو، هەر بەم هۆیەوە زۆرم پێی خۆشبوو کە ئەمساڵ بۆ ڕێزلێنان بە هاووڵاتیانی خۆشەویستم، بە پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە خزمەتیاندابم. لە شەو یەکەم و دووهەمی نەورۆزدا واتە 19 و 20ی مارسی 2019 لە دوورگەی کیش بەبۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە کۆنسێرتمان پێشکەشکردو بەگشتی 8 شەوی دیکەش لە دوورگەی کیش واتە لە رۆژانی 28ی مارس تا 6ی ئەپرێلی 2019 و 5 شەویش لە بەندەری عەسەلووییە لە رۆژانی 22 تا 26ی مارسی 2019 بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆنسێرتمان پێشکەش دەکەین.
 
زنجیرە کۆنسێرتی گروپی "ڕووناک" لە وڵاتانی ئەورووپی لە ساڵی نوێدا
ئەم گۆانیبێژە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتە بیانییەکانی گروپی موزیکی "ڕووناک" وتی: لە ئێستادا سەرقاڵی بەرنامەداڕێژی بۆ زنجیرە کۆنسێرتە ئەوروپیەکانی گروپی "ڕووناک"ین. هەروەها لەلایەن سێ شاری وڵاتی چین، شارەوانی ڤییەن لە وڵاتی نەمسا دوو کۆنسێرت و هەروەها دوو کۆنسێرتیش لە وڵاتی ئەڵمانیا داوەتنامەمان بەدەستگەیشتووە کە بەئومێدی خودا مانگی خەزەلوەری ئەمساڵ کۆنسێرتە ئەوروپییەکانی خۆمان دەستپێدەکەین.
 
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
"کەیوان عەلی محەمەدی" لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا وتی: بەبڕوای من 2018 ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ گروپی موزیکی "ڕووناک" بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو و هیوادارم ئەم ڕووداوە باشە بۆ ئێمە درێژەی هەبێت و لەمساڵیشدا بە گڕوتینێکی زیاترەوە هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵێنین. لێرەشدا ئەو مزگێنییە بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەدەم کە بە کارو بەرهەمەکانیان خۆشحاڵیان بکەین. هەر بەبۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە نوێترین کلیپی خۆمان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەمان گرتووە، بە شانازییەوە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویست دەکەین.
 
ئەندامانی گروپی موزیکی "ڕووناک" لە کۆنسێرتی چین
گروپی موزیکی "ڕووناک" لە کۆنسێرتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای هەوریشم" بریتیبوون لە: کەیوان عەلی محەمەدی ـ سەرپەرەستی گروپ، دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری دەف و گۆرانیبێژ، کاویان عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری کەمانچە، حانییە عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری تار، نێدا ڕەزاییان ـ ژەنیاری نەی ئەنبان، عودو ئامێرە کوتراوەکان، مریەم مەرزبانی ـ ژەنیاری دەف و نەقارە، موجتەبا شاداب فەر ـ ژەنیاری گیتار باس و مێهرداد مەحموودی ـ ژەنیاری کیبۆرد.
 
"یەکێتی نەتەوەیی" و "ئاشتی و دۆستایەتی"
گروپی موزیکی "ڕووناک" ساڵی 2001 بە بەرپرسیاری "کەیوان عەلی محەمەدی" بە مەبەستی "یەکێتی نەتەوەیی" و "ئاشتی و دۆستایەتی" دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد، لە سەرەتادا تەرکیزی خستەسەر مۆسیقای نەتەوەکانی ئێران بەجۆرێک کە هەرکام لە مۆسیقای ناوچەیی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەوانە: گۆرانی، ئامێر، زاراوەو جلوبەرگ، توانیان تیایدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی خۆیان هەبێت. گروپی "ڕووناک" تائێستا سێ ئەلبومی موزیکی بە ناوەکانی "ڕووناک"، "ئێران وڵاتی من" و "حاجی فیرووز" بڵاوکردۆتەوەو لە تەلاری وەحدەتی تاران و شارەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە: ڕوسیا، تورکەمنیستان، کوەیت، مالیزی، فەڕەنسا، ئیماڕات، بەحرەین، ئەڵمانیا، تورکیا، نەمسا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.
 

خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی گروپی مۆسیقای "ڕووناک".








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved