25/3/2019 03:20 PM

نامەی مامۆستا عەبدولا پەشێو بۆ شاعیرانی نوێ

هاوڕێم!

دیوانه‌شیعره‌که‌تم به‌ده‌ستگه‌یشت، خوێندنه‌وه‌ی چه‌شنه‌بێگارێک بوو، تامن جارێک ئه‌وم ته‌واوکرد، ئه‌وهه‌زارجارمنی ته‌واوکرد!

هاوڕێم گوێم لێ بگره‌، هه‌رله‌گه‌ڵ تۆم نییه‌، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرتانمه‌؛ شیعری ‘تازه‌‌ی کوردی، له‌سه‌رده‌ستی خواستراوی ئێوه‌ خه‌ریکه ‌ده‌دۆڕێ، له‌ڕیشه‌ی خۆیپچڕاوه‌، نامه‌یه‌که‌ ئه‌دره‌سه‌که‌ی ناخوێندرێته‌وه‌، ناگاته‌ده‌ست خاوه‌نی خۆی، ئه‌وه‌ی ئێوه ‌ناویده‌نێن شیعر، ته‌نکه‌ئاوێکی لێڵه‌، ئێوه‌یش بۆق ئاسا هه‌م لێیده‌خۆنه‌وه‌، هه‌م تێیدا ده‌ڕشێنه‌وه‌!
شیعر – یاقینێکی زۆرئه‌ستووره‌، یا خۆشه‌ویستی‌ یه‌کی زۆرته‌نک؛
به‌شیعری ئێوه ‌نه‌ئاگری قینم کڵپه‌ده‌سێنێ، نه‌ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستی داده‌ڕژێنه‌ ژووره‌که‌م.

هاوڕێم، هه‌رله‌گه‌ڵ تۆم نییه‌، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆرتانمه‌:

به‌ من ‌بێ حوجره‌یه‌کتان بۆده‌که‌مه‌وه‌، هه‌مووتان دەنێرمە ‌به‌رخوێندن، بۆئه‌وه‌ی له‌به‌یانییه‌وه‌ تائێوارێ شیعری به‌رده‌شانی وجزیری وخانی وحاجی ونالی ومه‌حوی ومه‌وله‌وی وگۆران وپیره‌مێرد وهه‌ردیتان بۆبخوێنرێته‌وه‌، ئێوارانیش، کۆمه‌ڵێک هه‌قایه‌تخوان و لاوک بێژ و حه‌یرانبێژ و زوڕاناژه‌ن و دۆڵه‌نگێوتان به‌گژه‌وه‌ده‌نێم تا تاریک وڕوونی به‌یانیان له‌بنگوێتان بخوێنن و ‘میزاجی کورده‌وارییتان‌ ببوژێته‌وه‌.

هاوڕێم هه‌رله‌گه‌ڵ تۆم نییه‌، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆرتانمه‌:
شیعر- کۆترێکی ماڵی‌یه‌، حه‌زله‌خوێندنی ناوحه‌وشه‌و به‌رپه‌نجه‌ره‌ی ماڵان ده‌کا: باڵیمه‌که‌ن.
شیعر- ئه‌سپێکی شێ‌یه‌، هاوڕێی دێرینمانه‌: چوارپه‌لی له‌مس مه‌گرن.
شیعر- مناڵێکی سادیستە، باوکی خۆی یائازارده‌دا، یان ده‌یکوژێ، ئه‌گه‌ر زۆرده‌ربه‌ستی ته‌مه‌نیدرێژن، باشتره‌ وه‌جاخ‌ کوێربن.
شیعر- خه‌نجه‌ره‌، ئه‌وه‌ی نایوه‌شێنی، باهه‌ڵینه‌کێشێ!

 

عەبدوڵڵا پەشێو 

پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵئاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند".

ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی "ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی" بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا. کۆتایی ئابی ١٩٧٣دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەوسای یەکیەتیی نووسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یووسفی، زەمانەی خوێندن لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەردەگرێ و ئیدی بەرەو وڵاتی پوشکین و گۆگل و تۆلستۆی دەڕوا. ساڵی ١٩٧٩ ماجستێری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە مۆسکۆ وەرگرت. ھەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێ کۆمەڵە شیعری "شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم" لە ڕێی کاک محەمەدی مەلا کەریم ساڵی ١٩٨٠ لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٤ دوکتۆرای ئەدەبییاتی وەرگرت کە تێزەکەی لەسەر شاعیر و نووسەری گەورەی کورد پیرەمێرد بووە. ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانکۆی ئەلفاتیح (بە عەڕەبی: جامعە گرابلس) لە لیبیا مامۆستا بوو. پەشێو لە ١٩٩٥ەوە دانیشتووی شاری ھێلسینکی وڵاتی فینلاندە. پەشێو جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و ئالمانی زۆر باش دەزانێ و وەرگێڕدراوەکانی لەسەر پووشکین و ویتمەن بەڵگەی لێھاتوویی و بەتوانایی پەشێو نیشان دەدا لە وەرگێڕاندا.

بەرھەمەکان
پەشێو یەکەم ھۆنراوەی لە ١٩٦٣ و یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ١٩٦٧ بڵاو کردوەتەوە.

فرمێسک و زام (١٩٦٥-١٩٦٧)، چاپی یەکەم لە کەرکووک ١٩٦٧
بتی شکاو (١٩٦٧-١٩٦٨)، چاپی یەکەم کەرکووک ١٩٦٨
شەونامەی شاعیرێکی تینوو (١٩٦٨-١٩٧٢)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٧٢
دیوانی براکوژی، چاپی یەکەم ھەولێر ١٩٩٤
دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغە (١٩٦٩-١٩٧٣)، چاپی یەکەم بەرلین ١٩٩٧
شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم (١٩٧٣-١٩٧٩)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٨٠
برووسکە چاندن (١٩٨٠-١٩٨٨)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠٠
بەرەو زەردەپەڕ (١٩٨٩-٢٠٠١)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠١
پرێسکەی عاشقێکی زگماک، چاپی یەکەم کوردستان ٢٠٠٦
پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە ٢٠٠٦ ـ (کۆی شێعرەکانی ١٩٦٥ تا ١٩٧٩) ـ ھەولێر
ھەسپم ھەورە و ڕکێفم چیا ٢٠٠٦ ـ (کۆی شێعرەکانی١٩٨٠ تا ٢٠٠٥) ـ ھەولێر
پەشێو ھەروەھا بەرھەمەکانی چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی جیھان وەک واڵت ویتمەن و پووشکین وەرگەڕاندوەتە سەر زمانی کوردی.

بەشێک لە شێعرەکانی وەرگێڕانی پووشکینی لەم کتێبەدا بڵاو کردۆتەوە:

پووشکین، ژیان و بەرھەمی شاکاری ١٩٨٣ ـ س. م. پێتڕۆف ـ وەرگێڕان: محەممەدی مەلاکەریم و عەبدوڵڵا پەشێو
ڕاو بۆچوونی نووسەر و ئەدیب و شاعیرانی کورد لە سەر عەبدوڵڵا پەشێو
پڕۆفسۆر دوکتورمارف خەزنەدار (وێژەوان): زستانی باکوور بێ بەفر نابێ، کوردستانی ئێمە بێ گوڵ نابێ، پەشێوی شاعیریش بێ شێعر نابێ. پەشێو توانیویەتی تۆزێ وردەکاریی ڕۆمانتیکی، ھەندێ شیکردنەوەی سایکۆلۆژی، بڕێک وردبوونەوە و سەرنجدان لە تەنگوچەڵەمەی ژیان و دڵداری و بزووتنەوەی نەتەوایەتی بکا بە ھەوێنی شێعرەکانی.[٣]

شێرکۆ بێکەس(شاعیر): عەبدوڵلا پەشێو یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، ھاوتەمەن و ھاوجیلی یەکترین. پەشێو خۆی بە خۆی تەئسیرێکی گەورەی کردە سەر بەشێک لە شاعیران و بەھرەدارانی شاری ھەولێر. دیوانەکانی دواییشی تا ئەوەی ئاخر کە من دیومە، ھیچ وەختێک خاڵی نەبووە لە نما و جووڵەی جوانی شیعری کوردی.

پڕۆفسۆر شوکریە ڕەسووڵ: جگە لەوەی خەڵکی شاری ھەولێرە، بەڵام لە ڕاستیدا پەشێو شاعیرێکی کوردستانییە. ڕاستە پەشێو پەیوەندی بە ھیچ حیزبێکی کوردستانییەوە نییە، بەڵام خوێنی کوردە و عەقڵی کوردە و ھەڵوێستەکانی کوردە. باشترین بەڵگەشم بۆ ئەوە ھەر چەندە ژنێکی ڕووسی ھەیە، وەکوو بیستوومە لای کەس‌وکاری، فێری کوردییەکی جوانی کردووە و منداڵەکانی فێری کوردی کردووە ئەوەش دەلالەتی کوردایەتی پەشێوە.

کەریم دەشتی (شاعیر): پەشێو ڕۆڵی گاندی بینی لە بەنرخ کردنی خۆی و دەنگی ئەراگۆنی نواند لە بانگەشەی ئازادی و ڕۆڵی "ئێلیۆت"ی بینی لە تازە کردنەوەدا!

سەلاحەددین ئاشتی (نووسەر): عەبدوڵڵا پەشێو شاعیری بۆنەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو شاعیری گەل و نیشتمانەکەیەتی، توانیویەتی لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە.

ئیسماعیل بەرزنجی (شاعیر و ڕۆژنامەنووس): پەشێو یەکێک لەو کەسانەیە بۆ ئێمەی ھەولێری، مۆسیقا و جۆش و خرۆشی لە لا دروست کردووین، خۆشەویستی کچ و جوانی ئافرەت و شاخ و گوڵ و فێری کوردایەتی و دروست بوونی ھەڵوێستی کردووین، من دەڵێم پەشێو یەکسانە بە ھەولێر.

ئەنوەر مەسیفی (شاعیر): ئێمەی نەوەی دوای پەشێو بە شانازییەوە تەماشای شیعرەکانی دەکەین، ھەندێ جاریش من خۆم شیعرەکانی دەخوێنمەوە و ناتوانم ئەو جۆرە شیعرانە بنووسم، پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە تاک و تەرایانەی کە وەکوو شاعیرێکی جەماوەردۆست خۆی لە کتابی شیعری جەماوەر نووسی، ئەگەر مۆزەیەکی مەڕمەڕی بۆ شاعیرانی کورد دروست بکرێ، دەبێ پەیکەری پەشێویش ھەبێ وەک چۆن بۆ نالی و بابا تاھیر و... ھتد دەبێ ھەبن.



ئەو شیعرانەی عەبدوڵڵا پەشێو کراونەتە بەرھەمی مۆسیقایی
ئەو شیعرانەی عەبدوڵڵا پەشێو کرانە بەرھەمی گۆرانی ئەمانەن لەگەڵ ئەو ھونەرمەندەی وتوویەتی

بژار دیلان: شیعری ئاڵای کوردستان
عەدنان کەریم: شیعرەکانی خاتوون و چاوەنواری و دارستانی سووتاو و لەبەر دەگا
مریەم ئیبراھیم پوور: شیعرەکانی لەبەر دەرگا و دڵی من و کێ بێ و نەورۆزی ٧٩
خاڵید ڕەشید: شیعرەکانی لەو ڕۆژەوە لەگەڵمانیت و نیشتیمان و سەربازی ون
عەزیز شاھڕوخ: شیعرەکانی دوازدە وانە و چۆن دەتوانم لەبیرت کەم
تایەر تۆفیق: شیعری لە دەستم دێ
محەمەد جەزا: شیعری لە دەستم دێ
ھەردی سەڵاح: شیعری لە دەستم دێ
ھاوتا ئەسعەد: شیعری دەرگەکەتم لێ بکەوە
مەرزیە فەریقی: شیعری نامە
عەتا قەرەداغی: شیعری جوانی ئەفسوناوی
مەحەمەد ناتلی: شیعری نامە
ناسر کەریمی: شیعری ساردیت دەمکوژێ
کاروان عوسمان: شیعرەکانی گەر ھاتی بەتەنیا وەرە و سەربازی ون و تۆش بەجێم دێڵی

سەرچاوە
 پەشێو لە ڕوانگەی کەسایەتی، ھەڵوێست و شاعیرییەوە، بەشی یەکەم، سەعدوڵڵا نووری، گۆڤاری مەھاباد، ژمارە: ٤١



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved