26/3/2019 09:07 AM

خه‌ڵاته‌كانی كان دابه‌شكران

دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران "جەعفەر پەناهی" لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە "عەباس کیارۆستەمی" دەستپێکردو خۆم بە قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم.
 
"جەعفەر پەناهی" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "سە رخ" واتە "سێ ڕوخسار" Three Faces کە لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتاو یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکراو لەلایەن ڕەخنەگرانی سینەمای جیهان و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە "عەباس کیارۆستەمی" دەستپێکردو خۆم بە قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم. ئەوکاتەی یەکەمین فیلمی بڵندی خۆم سازکردو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" خەڵاتم بەدەستهێنا، هات بۆ فڕۆکەخانە بە پێشوازیم و زۆر بەداخم کە لە ژیاندا نییەو ئەوە یەگجار زور توشی خەفەتی کردووم.
 
فیلمی سینەمایی "سێ ڕوخسار" لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتاو یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی باشترین سیناریۆی پێبەخشراو بەشێوەی هاوبەش ئەم خەڵاتە بە خاتوو "ئالیس رۆرواچێر" Alice Rohrwacher لە وڵاتی ئیاڵیا بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "لازارۆی بەختەوەر" Happy as Lazzaro بەخشرا.
 
"سۆڵماز پەناهی" کچ و هەروەها "پەناە پەناهی" کوڕی "جەعفەر پەناهی" بەجیاتی باوکیان ئەم خەڵاتەیان لە هۆڵی "تیئاتری لۆمییەر" Théâtre Lumière لە ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرنگەی سینەمای جیهان وەرگرت و پەیامەکەی باوکیان خوێندەوە.
 
"سۆڵماز پەناهی" لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتە گرنگە لە وەڵامی پرسیاری "مەنسوور جیهانی" سەبارەت بە ڕێزلێنانی "جەعفەر پەناهی" لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی "عەباس کیارۆستەمی" وتی: ڕوون و ئاشکرایە کە بەڕێز کیارۆستەمی نە تەنیا بۆ "جەعفەر پەناهی" بەڵکو بۆ تەواوی دەرهێنەرانی ئێران و تەنانەت هونەرمەندانی ئێران و جیهان زۆر گەورەیەو پێگەیەکی تایبەتی هەیە. نەبوونی بەڕێزیان بۆ هەمووان کارەساتێکی دڵتەزێنە. "جەعفەر پەناهی" سینەمای لەگەڵ ئاغای کیارۆستەمی دەستپێکردو بەڕێزیان مامۆستای جەعفەر بوو و ئەوە بۆ باوکم یەگجار زور گرنگە. تەنانەت بەڕێز کیارۆستەمی سیناریۆی یەکەمین فیلمی جەعفەر بە ناوی "بادکنک سفید"ی نووسی.
 
وتیشی: بۆ باوکم، ئاغای کیارۆستەمی بێجگە لە مامۆستایەکی گەورە بەڵکو هۆگرییەکی یەگجار زۆرو تایبەت لەنێوانیاندا هەبوو و نەبوونی بەڕێزیان "جەعفەر پەناهی" زۆر خەمبار کردووە. هەر شوێنێک بێت و هەر ڕووداوێک ڕووبدات، باوک بە باشی و بە شانازییە ڕێزی تایبەت لە ئاغای کیارۆستەمی دەگرێت. 
 
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" حەفتاو یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا بریتیبوون لە: "کێت بلانشێت" Cate Blanchett ئەکتەرو بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئوستوڕڵیا ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "چانگ چێن" Chang Chen ئەکتەر لە وڵاتی چین، خاتوو "ئاوا دۆ وێڕنای" Ava DuVernay سیناریۆنووس، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەرو بڵاوکەرەوەی فیلم لە وڵاتی ئەمریکا، "رۆبێرت گۆدگۆیان" Robert Guédiguian دەرهێنەرو سیناریۆنووس لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو "خاجە نین" Khadja Nin گۆرانیێبژو موزیکزان لە وڵاتی بڕۆنۆئی، خاتوو "لێئا سێیدۆخ" Léa Seydoux ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو "کریستییەن ئێستوارت" Kristen Stewart ئەکتەر لە وڵاتی ئەمریکا، "دێنیس ویلێنیۆڤ" Denis Villeneuve دەرهێنەرو سیناریۆنووس لە وڵاتی کەنەداو "ئاندرێ زۆیاگینتسێف" Andrey Zvyagintsev دەرهێنەرو سیناریۆنووس لە وڵاتی ڕوسیا.
 
خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی Palme d'Or باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"، بە فیلمی سینەمایی "دزەکانی دوکان" Shoplifters لە دەرهێنانی "هیرۆکازۆ کۆرئیدا" Hirokazu Kore-eda لە وڵاتی ژاپۆن بەخشرا.
 
خەڵاتی گەورەی GRAND PRIX لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرنگەی سینەمای جیهان دوای خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی کان، بە فیلمی سینەمایی ""بلکک کلزێمان" Black Klansman لە دەرهێنانی "ئێسپایک لی" Spike Lee لە وڵاتی ئەمریکا بەخشراو خەڵاتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی سینەمایی "کفرناحووم" Capharnaum لە دەرهێنانی خاتوو "نادینە لەبەکی" Nadine Labaki لە وڵاتی لوبنان پێشکەشکرا.

"مارسێلۆ فۆنتێ" Marcello Fonte خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی ئەم فێستیڤاڵەی بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "دۆگمان" Dogman لە دەرهێنانی "ماتێئۆ گارۆنێ" Matteo Garrone لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.
 
هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە "پاوێڵ پالیکۆفسکی" Paweł Pawlikowski بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "شەڕی سارد" Cold War لە وڵاتی پۆڵەندا بەخشرا.
 
"ژان لۆک گۆدار" Jean-Luc Godard دەرهێنەری ناوداری سینەمای فەڕەنساش بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "کتێبی دیمەن" The Image Book بە پێشکەشکردنی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی تایبەت Special Palme d'Or ڕێزی لێگیرا.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵەش بە "ساماڵ ئێسلێمۆڤا" Samal Yeslyamova بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "ئایکا" Ayka لە دەرهێنانی "سێرگێئی دڤورتسڤۆی" Sergey Dvortsevoy پێشکەشکرا.
 
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" The Cinéfondation بە کورتە فیلمی "هەمووی ئەم بوونەوەرانە" All These Creatures لە دەرهێنانی "چاڵز ڤیلیام" Charles William لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەخشرا.
 
خەڵاتی کامێڕای زێڕینی Caméra d'Or کان بۆ باشترین فیلمی سینەمایی یەکەم بە فیلمی سینەمایی "کچ" Girl لە دەرهێنانی "لۆکاس دۆنت" Lukas Dhont لە وڵاتی بەلژیکا پێشکەشکراو فیلمی سینەمایی "لە سنوور" On the Border لە دەرهێنانی "وێی شۆجان" Wei Shujun لە وڵاتی چین ڕێزی لێگیرا.
 
حەفتاو یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە نمایشی 21 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، 18 فیلمی سینەمای لە بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک ڕوانین" Un Certain Regard، 7 فیلمی سینەمایی لە بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی"، 8 فیلم لە بەشی "نمایشی تایبەت"، 17 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن"، 8 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، 19 فیلمی سینەمایی لە بەشی "کلاسیکی کان"، 12 فیلمی سینەمایی لە بەشی "سینەمایی ساحلی" و هەروەها 5 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای دیکۆمێنتاری" لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە شاری کان  لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.
 
خاك - مەنسور جیهانی / کان






























created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved