26/3/2019 03:43 PM

توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر (كاریگەرییەكانی كیمیاباران و پاشماوەكانی جەنگ لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری) ئامادە دەكرێت

 

دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و نەخۆشخانەی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئەڵمانی، پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی و زانكۆی هەڵەبجە، لە رێگەی پڕۆژە و توێژینەوەیەكی زانستیی هاوبەشەوە و بە دوو بەش كار لەسەر (كاریگەرییەكانی كیمیاباران و پاشماوەكانی جەنگ لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری) دەكەن.

بەشی یەكەمی پڕۆژەكە پەیوەندیی بە لایەنی مرۆییەوە هەیە و لەلایەن پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی و زانكۆی هەڵەبجەوە جێبەجێدەكرێت و لە رۆژی 16-3-2019-ەوە دەست بەكاركردن كراوە تێیدا و لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێدەكرێت.

بەشی دووەمی پڕۆژەكەش پەیوەندیی بەلایەنی زانستییەوە هەیە و لەلایەن نەخۆشخانەی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئەڵمانی و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستییەوە جێبەجێدەكرێت.

ئەم پڕۆژەیە بیرۆكەی دەستەی كوردستانی-یە و د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم پشتیوانیی تەواوی پڕۆژەكە دەكات.

 

بۆ كاركردن لەسەر پڕۆژەكە، پڕۆفیسۆر هارتموت كووێل (Prof. Hartmut Quell)  سەرۆكی پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی  و مامۆستا سیلڤیا نیكۆلا (Silvia Nicola)  توێژەر لە پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی  كە ماوەی چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستانن، لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوە. هەروەها رۆژی 16-3-2019، مامۆستا سیلڤیا نیكۆلا توێژەر لە پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی سەردانی زانكۆی هەڵەبجەی كرد و لەگەڵ پ.ی.د. تەحسین عەبدولكەریم زەنگەنە سەرۆكی زانكۆ و ئەنجومەنی زانكۆدا كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی پێویست دانرا و لە زانكۆی هەڵەبجە تیمێكی هەمەلایەن بۆ كاركردن لە پڕۆژەكەدا دیاریكرا.

 

ناوەڕۆكی پڕۆژەكە

لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكەوە، پڕۆفیسۆر هارتموت كووێل سەرۆكی پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی دەستەی كوردستانی (www.kissr.edu.krd)  رایگەیاند: لەگەڵ دوو هاوكاری دیكەم لە پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی سەردانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەڵەبجەمان كردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی گرنگ لەسەر (كاریگەرییەكانی كیمیاباران و پاشماوەكانی جەنگ لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری)، وتیشی: پڕۆژەكە، پڕۆژەیەكی هاوبەشە و بەدوو بەش جێبەجێدەكرێت، بەشی یەكەمی پڕۆژەكە پەیوەندیی بە لایەنی مرۆییەوە هەیە و لەلایەن پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی و زانكۆی هەڵەبجەوە جێبەجێدەكرێت و لە رۆژی 16-3-2019-ەوە دەست بەكاركردن كراوە تێیدا و لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێدەكرێت.

بەشی دووەمی پڕۆژەكەش پەیوەندیی بەلایەنی زانستییەوە هەیە و لەلایەن نەخۆشخانەی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئەڵمانی و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستییەوە جێبەجێدەكرێت.

وتیشی: لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەمانەوێت كاریگەرییەكانی كیمیاباران و پاشماوەكانی جەنگ لەسەر دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری و ژینگەی ئەم ناوچەیە و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی ئەم سنوورە روونبكەینەوە. راشیگەیاند: لە رابردوودا بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، كە هەماهەنگییەكی بەهێز لەنێوانماندا هەیە، چەندین پڕۆژەی گرنگمان پێكەوە ئەنجامداوە، یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانەش كاركردن بوو لەسەر پێشمەرگە. مەبەستیشمانە پەرەی زیاتر بەپەیوەندییەكانمان بدەین لەگەڵ دەستەی كوردستانی.

 

كار لەسەر دامەزراندنی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی دەكەین

سەرۆكی پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی ئاماژی بەوەشدا "هەر لەچوارچێوەی پەیوەندییەكانماندا لەگەڵ دەستەی كوردستانی، ئێستا كار لەسەر پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و گرنگ دەكەین كە ئەویش دامەزراندنی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی-یە، بۆ ئەوەی بتوانین بە ستانداردێكی ئەڵمانی و ئەوروپی، زانكۆیەكی ئاستبەرز لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنین. راشیگەیاند: ئێمە بەشدار دەبین لە دامەزراندنی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی، هەروەها كار لەسەر ناردنی ستافی ئەكادیمی و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لە بوارە جیاوازەكاندا دەكەین. وتیشی: بەدڵنیاییەوە زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی، خزمەتێكی بەرچاو پێشكەشدەكات و گرنگییەكی زۆری دەبێت لە بواری زانستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.

 

شایانی باسە پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی، پەیمانگەیەكی ئەكادیمی باوەڕپێكراوە لە ئەڵمانیا و ئەوروپا. پڕۆژەی ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی لە چەندین وڵاتدا هەیە. ماوەی 3 ساڵیشە لەگەڵ  دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، پڕۆژەی هاوبەش و توێژینەوەی زانستی هەیە. لەوانەش پڕۆژەی هۆكارەكانی دروستبوونی ململانێی سیاسی، پڕۆژەی نووسینەوە و كۆكردنەوەی مێژووی پێشمەرگە. هەروەها پەیمانگەی فێڵسبەرگەری ئەڵمانی بە زۆربەی ستافەكەیەوە ئامادەیە بەشدار بێت لە كردنەوەی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی لە هەرێمی كوردستان.

راگەیاندنی دەستەی كوردستانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved