27/3/2019 10:08 AM

ئۆتۆمبێلی ته‌واو ئه‌له‌كتریكی تایكان كراس توریسمو ده‌خرێته‌ بازاڕ

ساڵی رابردوو كۆمپانیای پۆرشه‌ زانیارییه‌كی سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی ته‌واو ئه‌له‌كتریكی تایكان كراس توریسمو بڵاوكرده‌وه‌و وتیان كه‌ له‌ ساڵی 2021 دا ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌. له‌ ئێستادا كۆمپانیاكه‌ هه‌وڵده‌دات كه‌ زووترو خێراتر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ئاماده‌بكات و ده‌بێته‌ یه‌كه‌م SUV ته‌واو ئه‌له‌كتریكی كۆمپانیاكه‌. له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی كۆمپانیاكه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ مانگی سێپته‌مبری ساڵی 2020 دا كۆمپانیای پۆرشه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی ته‌واو ئه‌له‌كتریكی تایكان كراس توریسمو لاده‌دات.

جگه‌ له‌مه‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌یه‌وێت كه‌ زیاتر به‌ره‌و ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی بڕوات. بۆیه‌ به‌ره‌ی نوێی SUVی ماكان ده‌بێته‌ دووهه‌م ئۆتۆمبێلی ئه‌له‌كتریكی ته‌واو كاره‌بایی پۆرشه‌. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كه‌ تا ساڵی 2025 نیوه‌ی فرۆشی سه‌یاره‌كانی پۆرشه‌ ته‌واو ئه‌له‌كتریكی بن یان هیبریدی بن. ته‌نانه‌ت له‌مدواییه‌دا ڕاپۆرته‌كان ده‌ڵێن كه‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌یه‌وێت  Boxsterیش بكاته‌ ئه‌له‌كتریكی و له‌مساڵدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بڕیار ده‌ده‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پۆرشه‌، ئۆلیڤێر بلوم، ده‌ڵێت كه‌ "له‌ حه‌وت ساڵی ڕابردوودا كارێك كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشانمان دوو به‌رامبه‌ر بووه‌ته‌وه‌. هۆكارێكی ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێله‌ كاره‌باییه‌كانه‌و ته‌نیا بۆ به‌رهه‌مهێنانی تایكان 1500 پیشه‌ی نوێمان دروستكردووه‌. یه‌كه‌م ئۆتۆمبێلی وه‌رزشی ته‌واو كاره‌باییمان ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی ته‌واو نوێ و زۆر گه‌شبینین به‌وه‌ی كه‌ تایكانیش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت. ئێمه‌ له‌ ئێستاوه‌ زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌سمان هه‌یه‌ كه‌ زۆر خوازیاری كڕینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ن".

هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه‌ كه‌ هاتنه‌ئارای ئۆتۆمبێلی وه‌رزشی ئه‌له‌كتریكی هه‌واڵێكی ناخۆشه‌ به‌ڵام پۆرشه‌ دڵنیایی ده‌دات كه‌ ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ به‌هێزده‌بن و هه‌ستێكی خۆش دروستده‌كه‌ن و ده‌ورێكی گرنگیان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی پۆرشه‌دا ده‌بێت.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌








created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved