هه‌رچه‌ند زانایان تائێستا نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌رێك بۆ نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر بدۆزنه‌وه به‌ڵام ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خواردنه‌كانه‌وه نیشانه‌كانی كه‌مبكه‌نه‌وه. توێژه‌رانی زانكۆی كالیفۆرنیای باشوور له‌مدواییه‌دا توێژینه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا تا بزانن كه خۆراك چۆن له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به كه‌مبوونه‌وه‌ی توانایی مێشك كاریگه‌ری دابنێت. ئه‌وان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دوو مادده كاریان كرد یه‌كیان EGCG كه مادده‌یه‌كی ناو چای سه‌وزه‌و ئه‌وی تر ترشی فێرولیك كه له‌ناو گێزه‌ر، ته‌ماته، برنج، گه‌نم و جۆدا هه‌یه. له توێژینه‌وه‌كه‌دا كه‌ڵكیان له كۆمه‌ڵه مشكێك وه‌رگرت كه نیشانه‌ی نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ریان بوو. سه‌ره‌تا تاقیكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌و یاده‌وه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامدان. مشكه‌كان دابه‌ش كرانه‌سه‌ر چوار گروپ كه به دانه‌یه‌كیان ته‌نیا چای سه‌وز، گروپێكی تر ته‌نیا گێزه‌ر، گروپی دواتر هه‌م گێزه‌رو هه‌م چای سه‌وزو به گروپی چواره‌میش هیچكامیان نه‌درابوو. دوای سێ مانگ ده‌ركه‌وت كه ئه‌و گروپه‌ی هه‌ردوو خواردنه‌كه‌یان پێدراوه به‌ته‌واوه‌تی بیرگه‌ی كاری فه‌زاییان بۆ گه‌ڕاوه‌ته به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ مشكێكی ته‌واو ته‌ندروست جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بووه. توێژه‌ران ده‌ڵێن ڕه‌نگه ئاسته‌نگێك ئه‌وه بێت كه وه‌ك زۆر توێژینه‌وه‌ی تر كه له‌سه‌ر مشك وه‌ڵامده‌داته‌وه، بۆ مرۆڤ كاریگه‌ر نه‌بێت. خاك – سه‌مه‌د كورده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure