د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: پرۆفیسۆری داهێنه‌ری گه‌له‌كه‌مان (كۆچه‌ر بیركار) جێگه‌ی شانازی میللـه‌ته‌كه‌مانه، بۆیه ئه‌خوازم به‌رده‌وامی به‌ڕێچكه‌ی پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كانی بدات، ئێمه‌ش له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی پاڵپشتی و پشتیوانی ته‌واوی ئامانج و هیواكانی ده‌كه‌ین. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕۆژى 27-3-2019 له دیوانی وه‌زاره‌ت له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی بوو له پرۆفیسۆری داهێنه‌ر كۆچه‌ر بیركار. له دیدراێكدا كه به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و، د.له‌زگین عه‌بدی جه‌میل سه‌رۆكی زانكۆی زاخۆ و، د. سه‌ڵاح ڕه‌زا سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رموو و، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و یاریده‌ده‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌چو، وه‌زیری خوێندنی باڵا ستایشی كار‌و ده‌سكه‌وت و داهێنانه زانستیه‌كانی (كۆچه‌ر بیركاری) كرد. له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی د. كۆچه‌ر بیركار بۆ هه‌رێمی كوردستان و، جارێكی دیكه، به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی فیڵدز پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی د.كۆچه‌ر بیركار كرد و، وتی: به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی فیڵدز خۆشحاڵ بوم كه له بواری زانستی بیركاری به‌ده‌ستتهێناوه، سه‌ركه‌وتن له‌و بواره گرنگه‌دا خۆشحاڵ و دڵخۆشی كردین، بۆیه جارێكی دیكه به‌ناوی خۆم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت پیرۆزبایی وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ت لێده‌كه‌م. وتیشی: پرۆفیسۆرو داهێنه‌ری گه‌له‌كه‌مان (د. كۆچه‌ر بیركار) جێگه‌ی شانازی میلـله‌ته‌كه‌مانه‌و، خه‌ڵكی كوردستان سه‌ربه‌رزن كه داهێنه‌ری وه‌ك ئێوه‌ی هه‌یه، بۆیه ئه‌خوازم به‌رده‌وامی به‌ڕێچكه‌ی پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كانی بدات، ئێمه‌ش له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پاڵپشتی و پشتیوانی ته‌واوی ئامانج و هیواكانی ده‌كه‌ین. هه‌ر له میانه‌ی وته‌كانیدا، د.یوسف گۆران وتی: تۆ له ماڵی خۆتی و له كوردستانیكی بچوكه‌وه هاتۆی بۆ كوردستانی گه‌وره، وتیشی وه‌ك وه‌زاره‌ت و زانكۆكان ئاره‌زوو ده‌كه‌ین ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه به‌رده‌وام بێت تا بتوانین پڕۆژه‌ی زانستی گه‌وره بۆ خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان و خه‌ڵكی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ین، هیواشی خواست به‌هۆی ئه‌و ژینگه زانستیه تایبه‌ته‌ی تێیدا ده‌ژی و ئه‌و ئه‌زمونه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی په‌یدایكردوه سودێكی زۆر پێشكه‌ش به زانكۆكانی كوردستان بكه‌ن، هه‌روه‌ك داواشی لێ‌كرد هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیان هه‌یه و، ده‌زانن خزمه‌ت به‌زانكۆكان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات پێشكه‌شی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن. له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای ئه‌وه‌ی پشتگیری خۆی بۆ وۆركشۆپی به‌شه‌كانی ماتماتیك دوپاتكرده‌وه، له‌هه‌مان كاتدا د.كۆچه‌ر بیركاری ڕاسپارد له‌و وۆركشۆپه‌دا به‌وردی كیشه و شێوه‌كانی خوێندن و وانه‌وتنه‌و به‌تایبه‌ت له بواری ماتماتیك تۆمار بكه‌ن و پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی بكه‌ن، وتیشی به‌داخه‌وه دۆخی ماتماتیك له كوردستان خراپه و ئاره‌زوی خه‌ڵك بۆ ماتماتیك كه‌مبۆته‌وه، هیواشی خواست میكانزمیك بدۆزنه‌وه تا بتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئه‌كادیمی و ورد له‌و بواره بكه‌ن، به‌ئامانجی باشتركردنی ئه‌و بواره‌ی زانست. له به‌رامبه‌ردا، پرۆفیسۆرو داهێنه‌ر د.كۆچه‌ر بیركار دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و پێشوازی و میواندارییه‌ی كرد، وتی: ئاره‌زو ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كار بكه‌م، وتیشی ئه‌م سه‌ردانه‌م بۆ كوردستان هه‌نگاوی یه‌كه‌مه و، له داهاتودا سه‌ردانی زیاترمان ده‌بێت و پڕۆژه و كاری هاوبه‌ش جیبه‌جێ ده‌كه‌ین، وتیشی له ئێستادا كار له‌سه‌ر دروستكردنی ڕێكخراوێك دروست ده‌كه‌ین، كه بتوانێت زانایان و ئه‌كادیمیستانی كورد و دۆستانی كورد له تاراوه‌گه له‌خۆ بگرێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خزمه‌ت به‌زانكۆكانی كوردستان و بواری زانست له كوردستان بكه‌ین. له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، كۆچه‌ر بیركار باسی له بابه‌تی بیركاری كرد وئه‌و وۆركشۆپه كرد، كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو به‌میوانداری زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و به‌شه‌كانی ماتماتیك له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت. له كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دیاری و لۆگۆی وه‌زاره‌تی پێشكه‌ش به پ.د. كۆچه‌ر بیركار كرد. رۆژی (1-8-2018) له (ڕیۆ دی جانیرۆی) به‌رازیل مه‌راسیمی خه‌ڵاتی فیڵدزی بواری بیركاری به‌ڕێوه‌چوو، چوار كه‌س خه‌ڵاته‌كه‌یان برده‌وه، یه‌كێكیان كۆچه‌ر بیركار، پڕۆفیسۆری بواری بیركاری خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو. خاك - ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure