28/3/2019 09:12 AM

توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامده‌درێت

توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی له‌سه‌ر (كاریگه‌رییه‌كانی كیمیاباران و پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری) ئاماده‌ ده‌كرێت.

ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئه‌ڵمانی، په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، له‌رێگه‌ی پڕۆژه‌و توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی هاوبه‌شه‌وه‌و به‌ دوو به‌ش كار له‌سه‌ر (كاریگه‌رییه‌كانی كیمیاباران و پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری) ده‌كه‌ن.

به‌شی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی مرۆییه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و له‌ رۆژی 16-3-2019-ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیداو له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا جێبه‌جێده‌كرێت.

به‌شی دووه‌می پڕۆژه‌كه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌لایه‌نی زانستییه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئه‌ڵمانی و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بیرۆكه‌ی ده‌سته‌ی كوردستانی-یه‌و د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێم پشتیوانیی ته‌واوی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات.

بۆ كاركردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌، پڕۆفیسۆر هارتموت كووێل (Prof. Hartmut Quell)  سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی  و مامۆستا سیلڤیا نیكۆلا (Silvia Nicola)  توێژه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی  كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن، له‌گه‌ڵ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، پڕۆفیسۆر پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆژی 16-3-2019، مامۆستا سیلڤیا نیكۆلا توێژه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی سه‌ردانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ پ.ی.د. ته‌حسین عه‌بدولكه‌ریم زه‌نگه‌نه‌ سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌نجومه‌نی زانكۆدا كۆبۆوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پلانی پێویست دانرا و له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ تیمێكی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ كاركردن له‌ پڕۆژه‌كه‌دا دیاریكرا.

ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌وه‌، پڕۆفیسۆر هارتموت كووێل سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سایتی ده‌سته‌ی كوردستانی (www.kissr.edu.krd)  رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ دوو هاوكاری دیكه‌م له‌ په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌مان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌سه‌ر (كاریگه‌رییه‌كانی كیمیاباران و پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری)، وتیشی: پڕۆژه‌كه‌، پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ و به‌دوو به‌ش جێبه‌جێده‌كرێت، به‌شی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نی مرۆییه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و له‌ رۆژی 16-3-2019-ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیدا و له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا جێبه‌جێده‌كرێت.

به‌شی دووه‌می پڕۆژه‌كه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌لایه‌نی زانستییه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری زانكۆی فرایبورگ-ی ئه‌ڵمانی و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.

وتیشی: له‌رێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی كیمیاباران و پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر دانیشتووانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری و ژینگه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی دانیشتووانی ئه‌م سنووره‌ روونبكه‌ینه‌وه‌. راشیگه‌یاند: له‌ رابردوودا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌هێز له‌نێوانماندا هه‌یه‌، چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگمان پێكه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌، یه‌كێك له‌و پڕۆژه‌ گرنگانه‌ش كاركردن بوو له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌. مه‌به‌ستیشمانه‌ په‌ره‌ی زیاتر به‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان بده‌ین له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كوردستانی.

كار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌ڵمانی-كوردستانی ده‌كه‌ین
سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی ئاماژی به‌وه‌شدا "هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانماندا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كوردستانی، ئێستا كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ و گرنگ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌ویش دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌ڵمانی-كوردستانی-یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ ستانداردێكی ئه‌ڵمانی و ئه‌وروپی، زانكۆیه‌كی ئاستبه‌رز له‌ هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێنین. راشیگه‌یاند: ئێمه‌ به‌شدار ده‌بین له‌ دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌ڵمانی-كوردستانی، هه‌روه‌ها كار له‌سه‌ر ناردنی ستافی ئه‌كادیمی و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ده‌كه‌ین. وتیشی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ زانكۆی ئه‌ڵمانی-كوردستانی، خزمه‌تێكی به‌رچاو پێشكه‌شده‌كات و گرنگییه‌كی زۆری ده‌بێت له‌ بواری زانستی و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیدا.

شایانی باسه‌ په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی، په‌یمانگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی باوه‌ڕپێكراوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا. پڕۆژه‌ی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ چه‌ندین وڵاتدا هه‌یه‌. ماوه‌ی 3 ساڵیشه‌ له‌گه‌ڵ  ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌. له‌وانه‌ش پڕۆژه‌ی هۆكاره‌كانی دروستبوونی ململانێی سیاسی، پڕۆژه‌ی نووسینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی مێژووی پێشمه‌رگه‌. هه‌روه‌ها په‌یمانگه‌ی فێڵسبه‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی به‌ زۆربه‌ی ستافه‌كه‌یه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ به‌شدار بێت له‌ كردنه‌وه‌ی زانكۆی ئه‌ڵمانی-كوردستانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

خاك - راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی كوردستانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved