31/3/2019 09:09 AM

له‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ پێویسته‌ خۆراك بدرێت به‌ منداڵ

دایكان پێویسته‌ له‌كام ته‌مه‌نه‌وه‌ خۆراك بده‌ن به‌ منداڵه‌كانیان كه‌ له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌؟ كام جۆره‌ خۆراكه‌ بۆ ته‌ندروستی و گه‌شه‌ی منداڵ گرنگه‌؟

له‌وباره‌یه‌وه‌ د.كامه‌ران ره‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی و  ئه‌ندامی كۆلیژی ئه‌مریكی بۆ زانستی خۆراك به‌ سایتی خاكی راگه‌یاند: منداڵی ساوا له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش مانگییه‌وه‌ پێویسته‌ خۆراكیان پێبدرێت، به‌ڵام هه‌ندێكجاریش پاش چوار مانگی به‌گوێره‌ی توانای منداڵه‌كه‌ بۆ خواردن و پێداویستییه‌ خۆراكییه‌كانی.

باشترین ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت منداڵه‌كه‌ت ئاماده‌یه‌ بۆ پێدانی خۆراك بریتین له‌:
1-منداڵه‌كه‌ ئه‌توانێت سه‌ری به‌ڕێكی به‌رزبكاته‌وه‌و سه‌ری به‌ڕێكی ڕابگرێت.
2-كاتێك خواردنی لێ نزیكده‌كه‌یته‌وه‌، ده‌می ئه‌كاته‌وه‌ یان ده‌ستی بۆ ئه‌بات.
3-منداڵه‌كه‌ گرنگی ئه‌دات به‌ خواردنی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری یان هه‌وڵده‌دات تامی بكات.

جۆرو بڕی خۆراك به‌گوێره‌ی ته‌مه‌ن: 
1-له‌كاتی له‌دایكبوونه‌وه‌ تا 4 مانگ: ته‌نها شیری دایك.

2-ته‌مه‌نی (4٤ تا 6) مانگ: سه‌ره‌تا  -سریلاكی برنج، پاشان سریلاكی شۆفان یان جۆ بڕی 1 یان 2 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌ دوو جار.

3-ته‌مه‌نی (6 تا 8) مانگ:
*سه‌وزه‌ بگوشرێت و ئاوه‌كه‌ی پێبدرێت وه‌ك ته‌ماته‌و خه‌یار یان پاكبكرێت و بدرێت له‌ ڕنه‌و به‌ كوڵاوی پێیبدرێت 2 یان 3 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.
*میوه‌ بگوشرێت و ئاوه‌كه‌ی پێبدرێت یان پاكبكرێت و بدرێت له‌ ڕنه‌ 2 یان 3 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.
*شه‌ربه‌تی میوه‌ی سروشتی 100%: باشتره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خۆت ئاماده‌ی بكه‌یت 2 یان 3 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.
*گۆشت به‌ باشی بكوڵێت و جوان له‌تبكرێت یان بدرێت له‌ قیمه‌ دوای كوڵاندنی 1 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.
*پاقله‌مه‌نییه‌كان به‌باشی بكوڵێت و جوان له‌تبكرێت یان بدرێت له‌ قیمه‌ دوای كوڵاندنی 1 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.
*ئاوی شۆربای برنج و سه‌وزه‌و گۆشت 2 یان 3 كه‌وچكی چێشت ڕۆژانه‌.

4-ته‌مه‌نی (9 تا 10) مانگ:
*زه‌ردێنه‌ی هێلكه‌ به‌ باشی كوڵابێت و جوان له‌ت كرابێت.
*په‌نیر جوان له‌ت كرابێت.
*ماست بێ سه‌رتوێژ.
*میوه‌ی تازه‌ پاكبكرێت و بكرێت به‌ پارچه‌ی زۆر بچووكه‌وه‌.
*سه‌وزه‌ پاكبكرێت و بكرێت به‌ پارچه‌ی زۆر بچووكه‌وه‌.
*نان ته‌ڕو نه‌رم بێت و بكرێت به‌ پارچه‌ی زۆر بچووكه‌وه‌.
-پێویسته‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا زۆر له‌ منداڵه‌كه‌ت نه‌كه‌یت بڕێكی زۆر بخوات كاتێك وازی هێنا له‌ خواردن.

5-ته‌مه‌نی (11 تا 12) مانگ:
*چیتر ڕێگه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ ئه‌درێت خۆراكی ئاسایی خێزانه‌كه‌ بخوات به‌مه‌رجێك كوڵاو بێت یان شل بێت و بكرێت به‌ پارچه‌ی زۆر بچووكه‌وه‌.
*ڕێگه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ت بده‌ ئاره‌زووی له‌كام جۆری خۆراكه‌، ئه‌وه‌ بخوات و هانی مه‌ده‌ كه‌ بڕێكی زیاتر بخوات له‌وه‌ی ده‌یه‌وێت.
 

ئه‌و خۆراكانه‌ی نابێت منداڵ پێش یه‌ك ساڵ بیخوات یان ئه‌و خۆراكانه‌ی ڕه‌نگه‌ حه‌ساسیه‌ت دروستبكات:
*سپێنه‌ی هێلكه‌و مزره‌مه‌نییه‌ ترشه‌كان و شیری مانگاو كه‌ره‌ی فستق عه‌بید.
*هه‌نگوین و ئاو و شۆربای گه‌نمه‌شامی.
8ئه‌و خۆراكانه‌ی ڕه‌نگه‌ له‌ قورگ بگیرێن و ببنه‌ هۆی خنكان وه‌ك خواردنی گه‌رم و ترێ و چه‌ره‌س و گوێزه‌رو سێو و شیرینی و گۆشتی نه‌كوڵاو و له‌ت نه‌كراو.
*به‌هارات و تونی له‌ خواردن و ترشیات.
*خۆراكی زۆر شیرین.

خاك – تانیا ئاواره‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved