3/4/2019 09:20 AM

12 تاقیگەی زانستی لە زانكۆی تیشك دەكرێتەوە

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: هێنانی مامۆستای نێودەوڵەتی بۆ زانكۆكان بە دەستكەوتێكی گەورە سەیردەكرێت، هیوادارم ئەو پلانە كورتخایەن و درێژخایەنانەی زانكۆی تیشك بێنەدی و ئامانجەكانیان بپێكن.

ئەم وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژى 2\4\2019 لەمیانی كردنەوەی 12 تاقیگەی زانستی زانكۆی تیشكی نێودەوڵەتی هات، كە بۆ هەشت بەشی زانكۆكەیان ئامادەكرابوون، كە ڕاوێژكارو ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی یاوەریان كرد.

لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكیشدا ڕوو لە مامۆستاو خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆی تیشك د.یوسف گۆران وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەناو مامۆستاو خوێندكارو قوتابیانی زانكۆی تیشكم، ئێمە پێمانوایە ئەم زانكۆیە یەكێكە لە زانكۆ هەرەباشەكانی كوردستان و ئایندەتان گەشە، پێویستە بایەخی زیاتر بە ئایندەو ئێستاو داهاتووی خوێندن و زانست بدەن.

وتیشی: پیرۆزبایی كردنەوەی ئەو تاقیگانەتان لێدەكەم و دڵنیام سوودبەخش دەبێت بۆ داهاتووی كاركردنی پیشەییتان، چونكە بەرلەوەی بە شێوەیەكی كردارەكی بچنە نێو كارەكانتان ئەمە كارامەیی بۆ ئێوە دروستدەكات، وتیشی: كردنەوەی ئەم تاقیگە زانستییانە‌ واتان لێدەكات كە نامۆ نەبن بە كارەكانتان.

هەر لە وتەكەیدا د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: هێنانی مامۆستای نێودەوڵەتی بۆ زانكۆكان بە دەستكەوتێكی گەورە سەیردەكرێت، هیوادارم ئەو پلانە كورتخایەن و درێژخایەنانەی زانكۆی تیشك بێنەدی و ئامانجەكانیان بپێكن.

لەلایەن خۆشیەوە د.ئیدریس هادی سەرۆكی زانكۆی تیشكی نێودەوڵەتی بە ناوی زانكۆو خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەفدی یاوەری كرد بۆ بەشداریكردن لە كردنەوەی 12 تاقیگەی زانستی لە زانكۆكەیان، وتیشی: ئێمە لەگەڵ فراوانبوونی زانكۆكەمان و زیادبوونی ڕێژەی خوێندكاران و قوتابیانمان پێداویستیيەكانی خوێندنمان زیاد دەكەین و ئەمكارەشمان لەم چوارچێوەدایە.

هەر لە وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی تیشكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەو بڕوانامەو ڕێزلێنانە نێودەوڵەتیانە كرد كە زانكۆكەیان لە ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستیاندەهێنێت لەو چوارچێوەیشدا ئاماژەی بەدواین دەسكەوتی زانكۆكەیان كرد كە د.ئازاد شێخانی سەرۆكی بەشی تەلارسازی زانكۆكەیان لەنێو چل وڵاتی جیهان بە دروستكردنی تابلۆیەكی تەلارسازی ناوازە پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.

د.ئیدریس هادی لەبارەی پەیوەندیەكانیشیان لەگەڵ زانكۆكانی ناوخۆو دەرەوە وتی: پەیوەندیەكانمان لە ئاستێكی باشدان و لەگەل زانكۆ ناوخۆییەكان لەگەڵ 4 زانكۆ 32 پڕۆگرامی هاوبەشی ماستەرمان هەیەو پەرەی زیاتریش بە داهاتووی كارە زانستییەكانمان دەدەین، وتیشی: لەگەڵ زانكۆ جیهانیەكانیش پەیوەندیمان هەیە، جگە لە بەرنامەی سكۆڵەرشیپ دەمانەوێت كاری دیكهی هاوبەش‌ لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكان ئەنجامبدەین.

دوابەدوای وتەكانیش د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری د.ئیدریس هادی سەرۆكی زانكۆی تیشكی نێودەوڵەتی و ڕاوێژكارو ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی یەكە بەیەكەی ئەو تاقیگە زانسیتیانەی زانكۆی تیشكی بەسەركردنەوەو لەنزیكەوە لەگەڵ مامۆستاو خوێندكاران و قوتابیانی ئەو بەشانە گفتوگۆی وردی زانستی ئەنجامداو گرنگی هەبوونی تاقیگەی بۆ روونكردنەوە، لەلایەن خۆشیانەوە مامۆستاو خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆی تیشك جگە لە خۆشحاڵبوون لە بەشداربوونی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەو بۆنە زانستیەی زانكۆكەیان بە ئەنجامدانی چەندین تاقیكردنەوەو ڕوونكردنەوەی پێویست لەبارەی تاقیگەكانیان زانیاریان بە ئامادەبووان دا.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved