3/4/2019 09:25 AM

قۆناغی دووه‌می به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندنی باڵا ده‌ستپێده‌كات

قۆناغی دووه‌می به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ستیپێكرد.

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی پرۆسه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌ستپێكردو له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان و چه‌ند زانكۆیه‌ك جێبه‌جێكرا، له‌ قۆناغی دووه‌میشدا له‌ چه‌ند زانكۆیه‌كی تر پرۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن ده‌ستیپێكردووه‌.

ڕۆژى 2-4-2019 به‌ سه‌رپه‌رشتی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئاماده‌بوونی راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كان كۆبونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا پرۆسه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراو دووپاتكرایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت پرۆسه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان و چه‌ند زانكۆیه‌ك جێبه‌جێكرد، له‌ ئێستاشدا وه‌زاره‌ت پرۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی له‌ زانكۆكانی (هه‌ولێری پزیشكی و چه‌رموو و راپه‌ڕین و ده‌سته‌ی كوردستان) جێبه‌جێكردووه‌و له‌ قۆناغی دووه‌میداو له‌م هه‌فته‌یه‌ پرۆسه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن له‌ زانكۆی دهۆك ده‌ستپێده‌كات، هه‌روه‌ك دوای ناردنی داتاو زانیارییه‌كانی زانكۆكانی (زاخۆ) و (كۆیه‌) له‌م دوو زانكۆیه‌ش پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، دواتریش به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ زانكۆكانی دیكه‌ش پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامده‌بێت، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ گرنگی زۆری بۆ زانكۆكان و وه‌زاره‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ له‌بواری به‌ڕێوه‌بردن و داڕشتنی پلانی تۆكمه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان.

له‌ وته‌یه‌كدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ گرنگی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی وه‌زاره‌ت و زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی، به‌وپێیه‌ی زانكۆكان ناوه‌ندیكی گرنگی مه‌عریفه‌و زانیاری و پێشكه‌وتی كۆمه‌ڵگه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت خوێندنی باڵا ببێته‌ نمونه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ زانكۆكان خۆیان مه‌عریفه‌و زانیاری پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت هه‌رخۆشیان پێش كه‌رته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئاشنایی زانیاری و گۆڕانكارییه‌ تازه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌كان بن.

د.یوسف گۆران وتیشی: پڕۆژه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی  خوێندنی باڵا یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی وه‌زاره‌ت كه‌ جێبه‌جێمانكردووه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بۆته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراسیه‌ت و شه‌فافیه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، له‌ڕووی كاتیشه‌وه جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هاریكار بووه‌ له‌ زوو ڕاپه‌ڕاندنی كارو ئه‌ركه‌كانی خوێندنی باڵا، هه‌روه‌ك له‌دره‌نگ گه‌یشتنی زانیاری و پێویستیه‌كان به‌دوری گرتووین. له‌ڕووی دارایشه‌وه‌ به‌هۆی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی زۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت. هه‌روه‌ك له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ هاریكار بووه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داتاو زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكان.

له‌ كۆتایشدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌كه‌ی له‌ زانكۆكانی تر  به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ و بایه‌خ بۆ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان وه‌سفكرد.

خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved