4/4/2019 09:10 AM

بۆکان.. کۆنسێرتی گەورەی موزیکی فۆلکلۆری کوردی بەڕێوەدەچێت

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لەلایەن ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک" و ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" لە شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لەلایەن ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک" و ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" لەپێناو پاراستنی مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواری و بە ئامانجی پەرەپێدان و ناساندنی مۆسیقای دەوڵەمەندی کوردی و هەروەها زیندووڕاگرتنی ئەمجۆرە مۆسیقایە کە بەداخەوە لە مەترسی لەبیرچوونەوەو لەناوچووندایەو بەمەبەستی دامەزراندنی بنەماکانی هونەری و کەلتووری و بەرزڕاگرتنی دوایین جیل لە مامۆستایانی بلیمەتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی کاتژمێر 9ی شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

لەم کۆنسێرتەدا کۆمەڵێک بەرهەمی هەرمانی مۆسیقای شادی کوردی بە دەنگی گۆرانیبێژانی کورد "جەعفەر بوغدەداغی"، "عومەر فەرەجی" و "کەریم خاکی" بە هاوڕێیەتی مۆسیقای فۆلکلۆری ناوچەی موکریان، لەلایەن مامۆستا "عوسمان محەمەدی" ناسراو بە "عوسمانە سوور" ژەنیاری بەتواناو بەرجەستەی ئامێری نەرمەنای، "ئیسماعیل کۆچەری" ژەنیاریی بەتواناو ناوداری زەربی کوردی و "ئەیوب تازە کار" ژەنیاری داهاتووڕوونی ئامێری دیوان پێشکەش دەکرێت.

پارچە مۆسیقا فۆلکلۆری، گۆرانی و مەقامە ڕەسنەکانی کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بۆکان لە دەزگای شوور، مەقامی بەیاتی تورک، گۆشەی شەهناز، دەزگای سێ گاە و مەقامەکانی مۆسیقای ناوچەی موکریان کە بەشێوەی پێکەوەژەنین، ژەنینی بوداهەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی، گۆرانی کوتنی تاکەکەسی و "گەڕە لاوژە" یا گۆرانیوتن بە شێوەی گروپی مەقامە تایبەتەکانی ناوچەی موکریان پێشکەش دەکرێت.

ناوی پارچە موزیک و گۆرانییەکانی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: ئێران، شەوبۆ، تۆم دەوێی، وەرە لام، ڕیحانە، گریان، بەهاران، بریندارم، شیرین بەهارە، جەلسە، دڵسۆزان، لێوە ئاڵەکەی و چەپکە گوڵ.

زۆربەی ئەم گۆرانی و پارچە موزیکانە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن هونەرمەندانی مۆسیقای بلیمەت و ڕەسەنی کوردەواریی لەوانە: مامۆستا "حەسەن زیرەک" ئەفسانەی بێوێنەی مۆسیقای کوردی و گۆرانیبێژانی ناوداری مۆسیقای کوردستان لەوانە: مامۆستایان "عەلی فەیزی" ناسراو بە "عەلی خەندان"،
"عەبدوڵڵا هوشمەند" ناسراو "بە عەبە دەڕژێ"، "ئیبڕاهیم فەتاحی" و سەید "عەلی ڕەحیم پوور" ناسراو بە سەید "عەلی سەردەشتی" پێشکەش کراون.

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بە بەرپرسیاری و بەرهەمهێنەری "محەمەد مەعڕوفی" بەڕێوەبەری گشتی ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک"، ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" بە بەرپرسیاری دکتۆر "ئیبڕاهیم عوسمانی" و بە هاوکاری دایرەی فەرهەنگ و رۆشنبیری شارستانی بۆکان، ناوەندی هونەری "نوور و سەدا" بە بەرپرسیاری "ئەسعەد ئاسیابان" و پشتیوانی میدیایی کەناڵی هەواڵنێری "بۆکان ئانلاینی موکریان"، کاتژمێر 9ی شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

ناوەندەکانی فرۆشی بلیتی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: لە نوسینگەی ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک"، کیوسکی ڕۆژنامە فرۆشی "بەهمەن"، کیوسکی چاپەمەنی "کاریگەر" و فەرهەنگسەرای سیمورغی بۆکان.

خاك - مەنسور جیهانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved