4/4/2019 09:55 AM

ئیبراهیم ئەحمەد، باوكی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی كورد

ئێمەی كورد هەمیشە شانازی بە سیمبولی نەتەوەكانی تری دنیاوە دەكەین، بەلامانەوە ئاساییە شۆڕشگێڕەكانی خۆمان بە ماندێلاو چێ گیڤارا بچوێنین و حەقیان وەك خۆیان نەدەینێت كەسایەتی راستەقینەی خۆیان وون كەین و بەرگی كەسایەتی و سیمبولی نەتەوەكانی تریان لەبەركەین، ئەگەر حەق هەبێت و وەك خۆی نەخشی راستییەكان بكات و رووداوەكان وەك گەواهیدەرێك بگێڕێتەوە، ئەوا ئێمەی كورد خاوەنی سەدان و هەزاران چێ گیڤاراین و خاوەنی سەركردەی سەنگینی هاوشێوەی وەك ماندێلاو جۆرج واشنگتۆن و ماوسیتۆنگ و .....هتد.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كە زۆركات مێژووی نەوێی نەتەوەكەمان وەك خۆی حەقی نەداوەتێ یان وەك پێویست ئاماژە بەو وەرچەرخانە مێژوویە نەكراوە كە لەسەر دەستی ئەو شۆڕشی گەلەكەمان لە شۆڕشی هۆزو گوندەوە بووە شۆڕشی شارو عەقڵ و مەنتیقی بەهاداری ستراتیژی.

لەو دیدەوە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد،بیرمەندو گیانی پڕبەهای نیشتمانی بزوتنەوەی رزگایخوازی میلی كورد بووە كە وەك باوكی شۆڕشگێڕی نەتەوەی كورد ناسراوەو لەسەر دەست و بیروباوەڕی گەلێك گۆڕانكاری گەورە لە رەوتی شۆڕشگێڕی كوردی لەگشت بوارەكان كرا، رەنگبێت زۆركات مێژوو بەهۆی ئەوەی براوەكان و ترسنۆكەكانی جەنگ دەینوسنەوە حەق و راستی رووداوە مێژوویەكان وەك خۆی ئاماژە پێنەكەن، ئەگەرنا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەو بیرمەندو سەركردە گەورە سیاسیانەی جیهانە كە ڕەوتی مێژووی گەلەكەیانیان گۆڕی و تا ئەندازەیەكی زۆر هۆشی خستەوە بەر لاشەی نوستووی گەلێكی بەش مەینەت و پارچە پارچە كراو لە مێژووی سیاسی ئێمەدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە باوكی نیشتمانپەروەری نێوزەند دەكرێت شۆڕش لە مێژووی سیاسی ئەوە توانی فۆڕمی خێڵ و دەرەبەگ و مەلا تێپەڕبكات و ببێتە شۆڕشی گەل و نەتەوە.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد یان رێبەری رووناكی لەو سیاسیاسەتمەدارانەی گەلەكەمانە، كە زۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕی خۆی لە برەودان بە توانان و وزەی شۆڕشگێری دژی ستەمكاری ئەو رژێمە سەردەستانە تەرخان كردووە كە كوردیان لە سادەترین حەقی نەتەوەی لێ بێبەشكردووە.

تاگۆچان تێكۆشان

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەپێناو ئەوەی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر یەك سەیوانی سیاسی كۆببنەوەو ببنە خاوەن یەك گووتاری نیشتمانی شۆڕشگێڕیی و پێكەوە دژی داگیركەرانی كوردستان بوەستنەوە.

لەبەرئەوەش بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لەهەربارێكەوە تەماشایی بكرێت بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد شایستەی ئەوەیە كە لە ئاستێكی بەرزدا فیداكاری گەورەی بۆ ئەنجام بدەیت و برەو بەئاستی تێكۆشانی نەتەوەی تێدا بدەیت، تا گەیشتن بەسەربەستی و رزگاری نیشتمانی.
 
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەهای روانیویەتی كە كێشەی نەتەوەی كورد كێشەیەكی ئینسانییەوە پەیوەستە بە ماف و حقووقی گەلێكی 60 ملیۆنی لەسەر رووی زەوی كە رژێمەكان بە بەردەوامی هەموو رێگەیەك بۆ قەڵاچۆكردنی دەگرنەبەرو نایانەوێ كە كورد بەهیچ كلۆجێك بگاتە مافەڕەواكانی خۆی.

لەوبارەیەوە وەها شرۆڤەی بیروبۆچوونەكانی كردووە دەڵێت: هەموو كوردێك برای منەو پێیان رادەگەیەنم: كە راسترین رێگە رێگەی بەرخودان و شۆڕشگێڕییە بۆ سەرخستنی كوردایەتی، بۆیە هەرگیز لەسەر ئەو رێگەییە هەست بە گومان نەكەن، چونكە لە هەربارێكەوە لێی بڕوانیت راسترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە حەقی گەلێكی بندەست، چونكە ئینسانیترین رێگایە، دیموكراتیترین رێگەیە، ماركسیانەترین رێگەیە، محەمەدیانەترین رێگەیە، مەسیحیانەترین رێگەیە، بۆچوونی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەها شرۆڤە دەكرێت كە هەموو بیروباوەڕە دنیاییەكان لە راستەوە تا چەپ، لەگەڵ ئەوەدان كە گەلان لە سێبەری خۆیاندا بژین و بندەست نەبن و ماف خوراو چەوساوە نەبن و بە حەق و حقووقی نەتەوەی خۆیان بگەن.

نووسينى: رێبین عومەر

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved