5/4/2019 05:21 PM

وەسیەتنامەی پیرەمێرد


ئەمجارە ئەمرم، لە مردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێکی درێژم ڕابواردووە، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورە و پادشاھانم دییوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە. بە نیوە خوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندێکی بەرزم ھێنایەوە. بە سەربەرزی ئەزانم کە لە ڕێی باوەڕێی خۆما حەپس و زیندانێکی زۆرم دیوە، لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەکێ زانست و یەکێ ژین. ئێستە کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم پێوە نەمێنێ ببم بە بار  بەسەر خەڵکەوە، ڕوو ئەکەمەوە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی ماڵی کەسم خواردبێ، موحتاجی کەس بووبێتم، ھیچم پاشەکەوت نەکردووە، ھیچیشم لە دوا بەجێ نەماوە، چاوم لە دوای خۆم نیە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم. ھەرچەندە یەکانە ھیوام ئەوەبوو کە ببینم قەوم و میللەتەکەم پلەیەک لەمە بەرزتر و خوێندەوارتر و پێگەیشتووتر بن، بوو بە گرێ لە دڵما و نەمدی. لەگەڵ ئەوەشا بەختیارم چونکە بۆم دەرکەوت کە قەوم و میللەتەکەم لە پێشکەوتندان و ھەموو جۆرە توانا و قابیلیەتێکیان تێدایە. ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، کوڕ و کچ تا خوێندەوار نەبن بێ سوودە. ھەموو شتێک بە عیلم و فەنەوەیە.
وەکو وتوومە :

" لای من بەخوێندەوارییە، ئاھ خوێندەوارییە
ھەر میللەتێ فەنی نەبێ،  دەردی کاریە
ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەکو من ئارەزوو ئەکەم
بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم "



ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن مادە مەکەون، دنیا زۆر بە گران مەگرن. تا ئەتوانن خزمەتی ڕاست و بێ موقابلی قەوم و زمان و وڵاتەکەتان بکەن و دەستی داماوان بگرن و لە دین لامەدەن. خوا و پێغەمبەری خۆتان بناسن و ڕەوشتان پاک و خاوێن بێ.
ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەکە مەفەوتێنن، ئەم قەندەرخانەیە تێک مەدەن. ئەو یەک دوو کەسانە ئەم بەینە لەم قەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من بێ نازیان مەکەن حەقیان بەسەرمەوەیە.
ڕۆژنامەکەش لە دەست مەدەن چاپخانەکە ئیش پێ بکەن لە لایەکەوە ناکوژێتەوەو خزمەتێکی پێ ئەکرێت لە لایەکی تریشەوە ئەو جیھەتانەی من یارمەتیم داون بەڵکو بەھۆی ئیشکردنی چاپخانەکەوە ئەو یارمەتیەیان لێ نەبڕێت.

ئامۆژگاریم ئەوەیە شیعر و نووسینەکانم کۆکرایەوە مەیفەوتێنن ئیستفادەی لێ دەکرێت.
ئامۆژگاریم ئەوەیە لە گردی یارە بمنێژن، بۆم مەگرین. ئەگەر زۆر بیرتان کردم جارجار سەرم لێ بدەن.
فائق* ئەم ئامۆژگارییانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو کەسانەیە کە بە تەنگمەوەن.

————————————
*مەبەست لە " فائق ھۆشیار "ی کچەزایەتی.


ئەم نووسراوە لە "گۆڤاری رۆڤار" بڵاوکراوەتەوە ژمارە ( ٥١ )، بە ناوی " ئاگرێک لە دڵەوە، گەشتێک بە دنیای پیرەمێرد و شیعر و رۆژنامەوانی  کە گۆڤارێکی ئەدەبییە و تایبەت بووە بە ھەر داھێنەرێکی کورد لە بواری ئەدەبدا....

 خاك- لاس لوقمان ،ئەلەند ڕزگار




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved