6/4/2019 09:50 AM

له سلێمانی 48 تۆن كاڵاو شمەكی نه‌شیاو لەناوبراوه‌

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ئابووری، دەست بەسەر برێكی زۆر كاڵاوشمەكی جۆراوجۆری نەشیاو بۆ خواردن و بەكارهێناندا دەگرن.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتی: له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانه‌‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنە هاوبەشەكان بۆ بازاڕو شوێنه‌ گشتيیه‌كان و پشكنین بۆ ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ هاوكاری ئاسایشی ئابووری ‌مانگی (سێ) دەستی بەسەر بڕی (48) تۆن و (785) كیلۆگرام خۆراك و ماددەی ماوەبەسەرچوودا گرتووه‌‌.

وتیشی؛ به‌شێكی ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ به‌سه‌رچوبوون و به‌شێكیشی گومانی خراپبوونیان لێكراوه‌، بۆیه‌ ره‌وانه‌ی تاقیگه‌كان كراوه‌ بۆ پشكنین، ئه‌نجامه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ خراپبوون و شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتیشی: ئەو كاڵاو شمەكانە لە بەرواری 3.1 تا 3.31ی 2019 دەستی بەسەردا گیراوە، پێكهاتوون لە (خواردن و خواردنەوە، شیرەمەنی، سەوزەو میوە، مەوادی پاككەرەوە، چەرەسات، شیرینی و خواردەمەنی لەقتونراو، بۆن و ماددەكانی جوانكاری خانمان و كه‌ره‌سته‌كانی بۆیاخ و ته‌لارسازی)  كە سەرجەمیان پشكنینی فیزیایی و كیمیایی بۆ ئەنجامدراوەو شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین.

گۆران قادر ئاماژەی بەوەشكرد، بەسوپاسەوە كە ئاسایشی ئابووری هەمیشە هاوكاری تەواوی لیژنە هاوبەشەكان دەكات، بە پێدانی زانیاری لەسەر هەبوونی كاڵاو شمەكی خراپ و ماوەبەسەرچوو یاخود دەست بەسەردا گرتنی كاڵاو شمەكە گوماناویيەكان و رەوانەكردنی بۆ لیژنە هاوبەشەكان بۆ پشكنین.

راشیگه‌یاند: ته‌واوی ئه‌و بڕه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناوبراون.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved