9/4/2019 09:20 AM

مه‌ترسییه‌كی خواردنی په‌تاته‌ ئاشكرا ده‌كرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی له‌باره‌ی په‌تاته‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتیان و رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌تاته‌ ئه‌گه‌ر چه‌كه‌ره‌ی كرد نابێت بخورێت، چونكه‌ له‌ش ژه‌هراوی ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك له‌ زاری له‌شكر حه‌مید ئه‌ندازیاری خۆراكه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: ئه‌و په‌تاتانه‌ی چه‌كه‌ره‌یان كردووه‌ یان سه‌وزبوونه‌ته‌وه‌‌ یان نه‌رمبوونه‌ته‌وه‌، یاخود له‌ زه‌ویدا زۆر ماوه‌ته‌وه‌، شیاوی خواردن و رواندنه‌وه‌ نییه‌و زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ماوه‌ی هه‌ڵگرتن و شێوازی هه‌ڵگرتن كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خراپبوونی په‌تاته‌كه‌، له‌وكاته‌دا مادده‌ی سۆلانین و ئه‌لفا كانونین دروستده‌كات كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ قڕكه‌ره‌كان و شێوازو ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی دروستده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، به‌هۆی روودانی كارلێكی كیمیاییه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ دروستده‌بێت و ڕه‌نگی ده‌گۆڕێت بۆ سه‌وزو په‌تاته‌كه‌ نه‌رم ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی كاربۆهێدرات بۆ شه‌كره‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ئاسانی هه‌رس نابێت و كرداری هه‌رس تێكده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی ژه‌هراویبوونی له‌ش.

له‌شكر حه‌مید باسی له‌وه‌ش كردووه‌، په‌تاته‌ نابێت له‌ شه‌ش مانگ زیاتر هه‌ڵبگیرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو شێ‌ زیانی پێده‌گه‌یه‌نێت و جۆره‌ مادده‌ی دایۆكسین و سلیكات دروستده‌كات كه‌ مادده‌ی ژه‌هرییه‌و زیانی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌گه‌ر په‌تاته‌ چه‌كه‌ره‌ی كرد یان سه‌وز بوو به‌هیچ جۆرێك نه‌خورێت.

خاك - راگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved