به ئاماده‌بوونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له پاڕله‌مانی كوردستان و راوێژكار‌و سه‌رۆكی زانكۆ حكومی و تایبه‌تیه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆكان و سه‌رۆكی لێژنه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له زانكۆكان، وۆركشۆپی پێداچونه‌وه به ڕێنمایی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له زانكۆكانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. له‌و وۆركشۆپه‌دا كه 8-4-2019 له هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هۆتێل شیراتۆن له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، له سه‌ره‌تادا ئاماده‌بوان ساتێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان بێده‌نگیان نواند، پاشان ده‌ست به كارنامه‌ی وۆركشۆپه‌كه كرا. به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی مانای چالاكی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شداریكردن له به‌رهه‌مهێنانی زانست و مه‌عریفه ده‌گه‌ێنێت. له سه‌ره‌تادا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا دوای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان، خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی كه هه‌موان پێكه‌وه كۆبونه‌ته‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێداچونه‌وه به ڕێنماییه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی مامۆستایانی زانكۆكان. د.یوسف گۆران رونیشیكرده‌وه ماوه‌یه‌كی زۆره به هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌ت و زانكۆكانی كوردستان كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا داوامان له هه‌موو زانكۆكان كرد سه‌رنج و تێبینی و پیشنیازه‌كانی خۆیان ده‌رباره‌ی "ڕێنماییه كارپێكراوه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی" پێشكه‌ش به وه‌زاره‌ت بكه‌ن، دواتر لێژنه‌یه‌كی وه‌زاری هه‌موو تێبینیه‌كانی یه‌ك خست و ئه‌مڕۆش پێكه‌وه گفتوگۆی وردیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، ڕوو له ئاماده‌بوانی وۆركشۆپه‌كه ڕایگه‌یاند: هه‌موو بڕگه‌یه‌كی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی ئێوه ئه‌مڕۆ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن پێویسته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كۆنسێپته بێت كه به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی مانای چالاكی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شداریكردنی ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه له به‌رهه‌مهێنانی زانست و مه‌عریفه بێ. له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له گرنگی پڕۆسه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كرد‌و ڕایگه‌یاند: پرۆسه‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی بریتییه له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاست و كواڵیتی توێژینه‌وه زانستییه‌كان و به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و توێژه‌رانه‌ی داوای به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی ده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه لایه‌نی هه‌ڵسه‌نگاندنی كواڵیتی و ئیتیكی كاری توێژینه‌وه‌و ئه‌مانه‌تی زانستی ڕۆڵی گه‌وره له‌م پرۆسه‌یه ده‌گێڕن. سه‌باره‌ت به دۆخی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له زانكۆكانی كوردستان، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌و گرفته‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كرد‌و به‌ڕونی ڕایگه‌یاند: پرسی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ژێر پرسیاری گه‌وره‌و جدیدایه، گرفتی سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له ورده‌كارییه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له یاسای ژماره (10)ی ساڵی 2008ی خوێندنی باڵادا ئاماژه‌ی پێكراوه، ره‌نگه بۆ ئه‌وكات باش بوبێ، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی یانزه ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌و یاسایه نه‌مانتوانیوه گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له ڕێكاره‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی بكه‌ین، چونكه گۆڕانكاری له‌م ڕێكارانه پێویستیان به گۆڕینی ئه‌و یاسایه هه‌یه، ئه‌وه‌ش ده‌بێ له پاڕله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، چونكه ئه‌و یاسایه یه‌كێكه له ئاڵنكارییه‌كان، چونكه ناتوانین له‌گه‌ڵ چه‌مك و پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م بڕۆین. د.یوسف گۆران ڕونتر له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كرد‌و ڕونیكرده‌وه: به‌داخه‌وه ئه‌م یاسا‌و ڕێنماییانه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و كۆنسێپته نوێیه‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی هاوته‌ریب نین، چونكه له ئێستادا له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین ئه‌لگۆریپم و مێتریكس و پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ئاست و كارای و كواڵیتی توێژه‌ران و توێژینه‌وه زانستییه‌كان دیاری ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت پێوه‌ره‌كانی وه‌ك (Impact Factor) و (Citation) و (H. Index)، كه ڕۆڵی گه‌وره له دیاریكردنی ئاست و كاریگه‌ری توێژینه‌وه‌كان و كارایی توێژه‌ره‌كان ده‌بینن. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت تائێستا پاڵپشتی توێژه‌رانی گه‌نج ناكات به‌تایبه‌ت له‌دوای ساڵی (2003) هاتۆته ناو زانكۆكان و توێژینه‌وه‌ی كاریگه‌ر ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌م یاسایه ڕێگره له پێشكه‌وتنیان، تا ببنه خاوه‌نی پله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر یان پرۆفیسۆر، چونكه به‌پێی ڕێنماییه كارپێكراوه‌كان ژماره‌ی توێژینه‌وه‌كانت هه‌ر چه‌ندێك بێت، ئاست و كاریگه‌ری و كواڵیتی توێژینه‌وه‌كانت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌وا هه‌ر ده‌بێت بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر چاوه‌ڕی بكه‌یت و بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی پرۆفیسۆری چاوه‌ڕی بكه‌یت، ئه‌مجۆره ڕێنماییه‌ش ڕێگره له به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی زانا‌و پرۆفیسۆره گه‌نجه‌كان، هه‌روه‌ها به‌شداریشیان له به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تیكردنی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا سنوردار كردوه. له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران به‌داتاو ژماره باسی له چالاكیه‌كانی مامۆستایانی گه‌نج له زانكۆكان كرد‌و وتی: ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌م كه به‌پێی داتاكانی دوا ئه‌نجامی ڕیزبه‌ندی له ساڵی (2018)دا، به‌شداری هه‌ڵگرانی پله‌ی مامۆستای یاریده‌ده‌رو مامۆستا له بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌و گۆڤاره زانستییانه‌ی كه له‌لایه‌ن هه‌ردوو ده‌زگای (وێب ئۆف ساینس و سكۆپه‌س) ئیندێكس كرابوون له به‌شداری پرۆفیسۆرو پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره‌كان زیاتر بووه، ئه‌وه‌ش مانای وایه چالاكی توێژینه‌وه ئاستبه‌رزه‌كان زیاتر له‌نێو توێژه‌رانی گه‌نجدا ده‌بینرێت، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه كه ئێستا له كوردستان نه‌وه‌یه‌كی نوێی توێژه‌ری گه‌نج ده‌ركه‌وتوون، كه توانای زانستی‌یان هه‌یه‌و زمانی دووه‌م به‌باشی ده‌زانن و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی به‌رفراوانیان هه‌یه، بۆیه ده‌بێت ئێمه میكانیزمی گونجاو بدۆزینه‌وه بۆ هاندان و پشتیوانیكردنییان و ده‌ركه‌وتنیان و به‌شداریپێكردنیان له به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تیكردنی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له وڵاته‌كه‌مان، بۆیه ده‌ستگرتنی گه‌نجان و ئه‌و توێژه‌رانه به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین، چونكه ئاڕاسته‌یه‌كی تازه هه‌یه كه به‌ره‌و به‌جیهانیبوون ده‌ڕوا، بۆیه ده‌بێ میكانزمێكی نوێ بگرینه‌به‌ر تا بڕۆنه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی گه‌وره له به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆكانمان ببینن. هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له گرفته‌كانی دیكه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كرد‌و رایگه‌یاند: گرفتێكی دیكه‌ی ڕێنمایه‌كانمان بریتییه له مه‌رجی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی ته‌نها (منفرد)، كه ئه‌وه‌ش دیسان بۆ "توێژینه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن" له زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری بواره پسپۆڕییه زانستییه‌كان 'نه‌خوازراوه'، بۆیه ده‌كرێت توێژه‌رێك بتوانێت به‌ته‌نها (Review Paper) بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام بۆ توێژینه‌وه‌و دروستكردنی داتای ڕه‌سه‌ن نه‌ك ته‌نها به یه‌ك توێژه‌ر ئاسته‌نگه، به‌ڵكو زۆرجار چه‌ندین گروپی توێژینه‌وه له‌بواری جیادا له‌سه‌ر بنه‌مای (Multi-disciplinary approach) پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌درێسكردنی پرسیاری زانستی و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه، ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی تازه‌یه، چونكه توێژینه‌وه‌ی به‌ته‌نها به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه ده‌ڕوا، بۆیه له گۆڤاره جیهانیه ئاستبه‌رزه‌كانیش زۆر ئه‌سته‌م بووه، به‌ڵام له یاساكانی ئێمه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر تویژینه‌وه‌ی به‌ته‌نها ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له ڕێگرییه‌كان. بۆ وۆركشۆپه‌كه‌ش، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕاستیانه‌ی ئاماژه‌م پێكرد، داواكارم له‌م وۆركشۆپه‌دا هه‌وڵبده‌ن له‌پاڵ پێداچوونه‌وه به ڕێنماییه كارپێكرواكان پڕۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه بكه‌ن بۆ هه‌مواری بڕگه‌و ماده یاساییه‌كانی تایبه‌ت به به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی و به زوترین كات پێشكه‌شی پاڕله‌مانی كوردستانی بكه‌ن، هه‌روه‌ك داواشیكرد له هه‌مواری یاساكه‌دا ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه بكه‌ن: یه‌كه‌م: هانی توێژه‌رانی زانكۆكانی كوردستان بكرێت كه توێژینه‌وه‌كانیان له‌و گۆڤارانه‌دا بڵاوبكه‌نه‌وه كه له‌لایه‌ن ده‌زگا به‌ناوبانگه‌كانی وه‌ك (Web of Science) ئیندێكس كراون و فاكته‌ری كاریگه‌ریان هه‌یه. دووه‌م: له‌بری توێژینه‌وه‌ی ته‌نها، ده‌كرێت توێژه‌ر لانیكه‌م له یه‌كێك له توێژینه‌وه‌كان توێژه‌ری یه‌كه‌م بێت. سێیه‌م: ئه‌گه‌ر توێژه‌ر هه‌موو توێژینه‌وه‌كانی له‌و گۆڤارانه بڵاوبكاته‌وه كه فاكته‌ری كاریگه‌ریان هه‌یه، ئه‌وا ده‌كرێت ماوه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ كه‌مبكرێته‌وه. له كۆتایشدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هیوای خواست ئه‌و پێشنیازانه له‌نێو خۆتاندا تاوتوێ بكه‌ن و به دیدو تیڕوانینی نوێ ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ن و چوارچێوه‌و ڕێكاری گونجاو بۆ ئه‌م پێشنیاز دابنێن و وه‌ك هه‌مواری یاسا كارپێكراوه‌كان پێشكه‌شی پاڕله‌مانی كوردستانی بكه‌ن. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی ته‌رخانكرد بۆ گۆڤاره ساخته‌كان و له‌وباره‌یه‌وه وتی: ئێستا پرسی گۆڤاره ساخته‌كان بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌و له‌هه‌موو وڵاتانی دونیا جێگای دیبه‌یت و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، ته‌نانه‌ت له هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م پرسه بۆته دیبه‌یتێكی (په‌بڵیك) و له‌ناو چین و توێژه جیاكانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا وه‌ك پرسێكی مه‌ترسیدار باسی لێوه ده‌كرێت، ئاشكراشیكرد كه وه‌زاره‌ت به‌وردی كار بۆ ئاماده‌كردنی لیستی ئه‌و گۆڤارانه ده‌كات، كه باوه‌ڕپێكراون و توێژه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن توێژینه‌وه‌كانیان تیایدا بڵاوبكه‌نه‌وه. ڕونیشیكرده‌وه لیستێكی دیكه‌ش ئاماده ده‌كرێت بۆ ئه‌و گۆڤارانه‌ی كه ده‌خرێنه لیستی ڕه‌شه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: له ئێستاوه تا كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م لیستانه، داوا له زانكۆكان و له توێژه‌ران ده‌كه‌ین، كه خۆیان له‌وجۆره گۆڤار‌و بڵاوكراوانه به‌دوربگرن، كه پرسیار له‌سه‌ر ڕه‌سانایه‌تی و كواڵیتیان هه‌یه، چونكه بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه له‌نێو ئه‌و جۆره گۆڤاره ساختانه‌دا ده‌بێته هۆی زیانگه‌یاندن به به‌هاو پرانسیپ و ئیتیكی كاری ئه‌كادیمی و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ڕوبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گۆڤاری ساخته‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش له‌م وۆركشۆپه‌دا پانێڵێكی تایبه‌ت به گۆڤاره زانستییه‌كان هه‌یه و بێگومان تێڕوانینی به‌شداربوانی ئه‌م وۆركشۆپه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پرسی گۆڤاره زانستییه‌كان هاوكارمان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری دروست له‌مباره‌یه‌وه بده‌ین. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه باسی له توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد‌و وتی: ئیمه باوه‌ڕی ته‌واومان به پشتیوانیكردن و كاراكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستی و هاندانی توێژه‌رانی وڵاته‌كه‌مان هه‌یه. وتیشی: به‌شانازییه‌وه توانیمان له ساڵی (٢٠١٨) پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی (National Research Council) بخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه به‌رپرسیار ده‌بێت له داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی توێژینه‌وه‌ی زانستی له هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه ده‌چنه خزمه‌تی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هیواشی خواست بتوانن به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پاڕله‌مانی كوردستان كاربكه‌ن بۆ چه‌سپاندنی بودجه‌ی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی له یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه نابێت توێژینه‌وه‌ی زانستی له بودجه‌ی گستیدا فه‌رامۆش بكرێت، چونكه له سه‌رتاسه‌ری دونیا تا دێت گرنگی زیاتر به توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌درێت و بودجه‌ی ساڵانه‌ی توێژینه‌وه‌و په‌ره‌پێدان تا دێت ڕوو له زیادبوونه. له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هیوای خواست ئه‌مڕۆ بتوانین له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆی بونیادنه‌رانه ڕیفۆرمی ڕاسته‌قینه له ڕێنماییه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی بكه‌ین، به‌جۆرێك ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نها ڕوكه‌ش و بۆ مه‌به‌ستی گۆڕینی نازناو نه‌بێت، به‌ڵكو له‌پێناو به‌شداری ڕه‌سه‌ن له به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌و ده‌ركه‌وتن و دره‌وشانه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان بێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمیای جیهانی، وتیشی: لێژنه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌موو سه‌رنج و تیبینییه‌كانتان تۆمار ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌م گفتوگۆیانه‌ی ئه‌مڕۆی ئێوه‌ش ده‌بیته فاكته‌ری سه‌ره‌كی بڕیاردان و داڕشتنه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كان. له بڕگه‌كانی دیكه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌دا، به‌چه‌ند پانێڵێك تاوتوێی لایه‌نه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كرا، له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له پانێڵی یه‌كه‌مدا گفتوگۆ له‌باره‌ی پوخته‌ی تێبینی زانكۆكان بۆ پێداچونه‌وه به بڕگه‌و مادده‌كانی ڕێنمایی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كرا، له پانێڵی دووه‌میشدا گفتوگۆ له‌باره‌ی گۆڤاره زانستیه ئاستبه‌رزه‌كان كرا، له هه‌ریه‌ك له‌و پانێڵانه‌دا ئاماده‌بووان به‌چڕی به‌شداری گفتوگۆكانیان كرد‌و سه‌رنج و بۆچونه‌كانیان سه‌باره‌ت به بڕگه‌و مادده‌كانی یاساكه‌و چۆنیه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌یان خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ك باسیان له‌و میكانزمانه كرد كه پێویسته وه‌زاره‌ت بیانگرێته‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه له گۆڤاره ساخته‌كان و ئه‌وانه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڤارانه ده‌كه‌ن، به‌ڵكو باس له پێویستی بڵاوكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی لیستی گۆڤاره ڕه‌سه‌نه‌كان كرد، له كۆتایشدا به گه‌ڵاڵه‌كردن كۆمه‌ڵێك پێشنیازی گرنگ كۆتایی به وۆركشۆپه‌كه هات. خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure