هه‌روه‌ك ئامێره‌كانی ناوی ئۆركێسترایه‌ك، به‌شه جیاوازه‌كانی مێشكی مرۆڤ پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاروباره‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ له هه‌ناسه‌كێشانه‌وه بگره تا خه‌وتن و خوێندنه‌وه، پیاسه‌كردن و فێربوون ڕاپه‌ڕێنن. پرسیار ئه‌وه‌یه كه كام به‌شانه‌ی مێشك پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی توانایی ئه‌نجامدانی كارێكی تایبه‌تمان پێبدات؟ چۆن ئه‌م هاوئاهه‌نگییه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه جیاوازه؟ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ كه له جورناڵی زانسته پێشكه‌وتووه‌كاندا بڵاوبووه‌ته‌وه، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌داته‌وه. توێژینه‌وه‌كه له‌سه‌ر چالاكی مێشك بۆ نۆ سیستمی كاگنتیڤ (ناسینی) كراوه، كه چۆن هه‌ركام له‌م سیستمانه له تۆڕێك له به‌شه جیاجیاكانی مێشك پێكدێت بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی تایبه‌ت بكه‌ن. بۆ وێنه كۆئه‌ندامی بیستن كه یارمه‌تیمان ده‌دات ببیستن و كۆئه‌ندامی هاوكاری كاتیی ڤێنتراڵ، یارمه‌تیمان ده‌دات كه ته‌نه‌كان، ڕه‌نگه‌كان و ڕووخساری كه‌سه‌كان بناسینه‌وه. سارا مولدۆن پڕۆفیسۆری بیركاری له زانكۆی بوفالۆ ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت مۆدێله كۆمپیوته‌رییه‌كان به‌كاربهێنین بۆ ئه‌وه‌ی له كاركردنی ناوه‌وه‌ی مێشك تێبگه‌ین. كاتێك به‌شێكی تایبه‌ت له مێشكدا هانده‌درێت، كام به‌شانه‌ی دیكه چالاك ده‌بن و چۆن ئه‌م هاوئاهه‌نگییه له‌ناو به‌شه‌كانی سیستمه ناسینییه‌كاندا دروستده‌بێت؟" توێژینه‌وه‌كه ده‌ریده‌خات كه نه‌خشه‌كانی چالاكی مێشك بۆ سیستمێكی كاگنتیڤ، له‌نێوان كه‌سه جیاجیاكاندا سه‌قامگیره. ئه‌مه بۆ كۆئه‌ندامی بیستن ڕاسته. هاندانی به‌شێكی مێشك ده‌بێته هۆی دروستبوونی نه‌خشێكی هاوشێوه له چالاكی مێشكی كه‌سه جیاوازه‌كاندا. به‌ڵام ئه‌مه بۆ هه‌موو كرداره‌كانی مێشك وانییه‌و بۆ هه‌ندێكیان له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر جیاوازه. بۆ وێنه ئه‌و به‌شانه‌ی كه بۆ ناسینه‌وه‌ی شته‌كان یان ڕووخساره‌كان چالاك ده‌بن له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه وه‌ك یه‌ك نین. خاك – سه‌مه‌د كورده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure