9/4/2019 04:11 PM

سینەماچی؟!


هاوار مستەفا خان

بەشی پێنجەم

لەژێری ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتریش» چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیهێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

سەردەمی منداڵی ئێمە، نە هەڵبژاردنی فیلم لەسەر سکرینی گەورە و نە تەماشاکردنی لەسەر سکریی بچکۆلەش» تەلەفزیۆن»بە خواستی ئێمە بوو، جارێ چوون بۆ سینەما بەتەنیا یان لەگەڵ هاوڕێ و کەسی نزیکیش هەر ئاسان نەبوو، چجای ئەوەی بێینە ناو شارو لەسەر داخوازی خۆمان بڕیار بدەین کام لەو فیلمانە هەڵبژێرین کە وێنەی بەدەست دروستکراوی فیلمەکان لەسەر دەرگای سەرەکی سینەماکان، لەدوورەوە سەرنجی دەبردین، بێجگە لەوەش لەهەر یەکێك لەو سینەمایانەی هەبوون تەنیا یەك هۆڵی نیشاندانیان تێدابوو، ئەوجا خۆشیمان باو تریشیمان بوایە هەر ئەوەبوو، تاکە دەرفەت کە لەو سێ هۆڵەی بە نموونە؛ لە شارێکی وەکو هەولێردا هەبوون، دەمانتوانی یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەویش جاری وا هەبووە لە دوو سینەما هەمان فیلم نیشاندراوە.» وەکو ئێستا نیە کە بە نموونە؛ لە فامیلی مۆڵی شاری هەولێر تەنێ لە ئیمپایەر ١٤ هۆڵی نیشاندانی فیلم هەیە».

تەلەفزیۆنی رەش و سپی
بە باشی بیرمە، کەمجار هەبووە لە بینینی تیڤی تێربووبم، هەمووجار دوای تەواوبوونی فیلم «ئەوسا زۆربەی فیلمەکانی تەلەفزیۆنی عیراق فیلمی میسریی بوون» لە ژێر بەتانییەوە دوای خەیاڵی خۆم دەکەوتم و وەها تێکەڵ بەو فیلمانە دەبووم بە تایبەتی فیلمی رۆمانسی، خۆم دەخستە شوێنی پاڵەوانی فیلم و کچە پاڵەوانی فیلمم لە باوەش دەگرت و وەکو پاڵەوانەکەی ناو فیلم تێر تێر ماچم دەکرد!. بەڵام زۆربەی جارانیش کە بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستام دەمدیت تەلەفزیۆن نەکوژاوەتەوەو لە دەنگی نزمی خشەخش و بارانەکەی وەئاگا دەهاتم و خێرا سەرینم لەباوەش فڕێ دەداو تەلەفزیۆنم دەکوژاندەوە، بەڵام نە ئەوساو نە ئێستاش لەتوانادا نیە ئەو دیمەنە جوانانەی نێو فیلمەکان لەبیری خۆمدا بکوژێنمەوە، کە زۆر دڵنیام ژیانی رۆژانەو خوێندن و خوێندنەوەو بینین و تێکەڵاویم لەگەڵ دەوروبەر»سەد لەسەد» لەسەر ئەو جوانبینیەی لە رێگای تیڤی و سینەماوە پیی دەگەیشتم ، تێکەڵ بە دڵ و دەروون و هزرم بوو، هەر بە هەواو جوانیەکانی ئەو هونەرو تەکنیك و تەکنەلۆژیایەشەوە گەورەبووم.
دوو ساڵ دوای راگواستن و هەڵکەندنی ئێمە لە دێهات و گوندەکانمان، بە رەش و سپی دێتەوە بەرچاوم کە حکومەتی بەعس ساڵی ١٩٧٩ ئامێری تەلەفزیۆنی بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرد، کەمبوون ئەوانەی دەیانزانی ئامێرەکان رێکبخەن، هەرچۆنێك بێت لەماڵی ئێمەدا بێجگە لەو ئامێرە، ئامێرێکی تریش هەبوو گەورەترو کەشخەتر بوو، شەوان دەیان کەس لەژوورێکی ماڵی ئێمەدا خڕ دەبوونەوەو هەندێکیان هەر زوو بەدیار « تەمسیلی»یەکانی عەلیەفەنی، کارەکتەری بەناوبانگی رەوانشاد حاجی مەکی خەو دەیبردنەوەو زۆربەی شەوانمان بەوجۆرە تێدەپەڕی و خەوم لێ دەزڕاو لەداخی ئەوەی فیلمێك یان بەرنامەیەکی گۆرانیی ئامێزی میسریی ئەو شەوەم لەکیس چووە، تەنانەت هەندێکجاران بە بینینی ئەو کەسانە بێزاریش دەبووم کە شەوی دواتر یان کە دەیانزانی چ رۆژێك پڕۆگرامی لەوجۆرە هەیە، دەهاتنەوە بۆ بینین و دوورخستنەوەی ئێمە لەئەندێشەی جوانی فیلم و ستران و ئاوازی بیانیی.

کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆن
بۆ هەموو کەس نەبوو تەلەفزیۆن داگیرسێنێت، کوژاندنەوەشی هەروابوو، ئێمەی منداڵ و مێردمنداڵ ئەوەمان پێ دەبڕا کاتێ تیڤی لە ئێواراندا دەستی بە پەخش دەکرد خێرا پەردەی سپی بەگوڵ چنراو لایبەرین. بەڵام بیکەینەوەو بە ویستی خۆمان کەناڵ بگۆڕین ئەوە هەر نەبوو.
ئەگەر بهاتایەو ئالیەری سەربان بەهۆی رەشەبایەکەوە رووی وەربگەڕاباو کەناڵەکەی تێکبدابا، ئەوە هەر بۆمان نەبوو لە نزیکەوە سەیری ئەو دووگمانەش بکەین کە لە شخاتە دەچوو بۆ پێش وپاش جوڵەی پێدەکرا بەو ئامانجەی کەناڵەکە وەکو جاران بەسافی بێتەوەو ماڵەکە ئاوەدان بکاتەوە.
تەلەفزیۆن فێری زۆر شتی کردم، وەكو لاولاوە لە تەمەنی منداڵی و مێرد منداڵیم ئاڵاو هەر بەجوانی مایەوە. ئەوەی بۆ ئێمە ناخۆش بوو، ئەوەبوو کاتێک کەسێکی نزیك یان خزم و تەنانەت دراوسێیەکیش دەمرد، پرسەکە بۆ ئێمە زۆر خەمناك تربوو وەك لە گەورەکان و خاوەن پرسەکە، چوون ئێمە بەو هۆیەوە جاری وا هەبوو بۆ ماوەی دوو مانگ لەبینینی پڕۆگرامەکانی تەلەفزیۆن بێ بەش دەبووین.

کولتور و فەرهەنگی زاڵ!
لە تیڤی ئەو گۆرانی و فیلم و بەرنامە و بۆنە هونەریانەم کەوتنە بەردڵ کە بەزمانی عەرەبی بوون، هەندێك جاریش بە ئینگلیزی، ئەوسا لەبەر ئەوە کەیفم پێدەهات و هەستم دەکرد کە کوالێتی هونەری ئەوان لە ئی ئێمە بەرزتر بوو. بە ئەندازەیەك زۆرجار کە هونەرمەندی کوردم لە تیڤی دەدیت و گەورەکانی ماڵ گوێیان لێدەگرت، من بێزار دەبووم وامدەزانی مافی منیان خواردووەو منیان لە بینینی کەناڵی بەغدا بەتایبەتی، ئینجا موسڵ بێبەش کردووە، ئەوان زیاتر بە کەناڵی کەرکوکەوە سەرقاڵ دەبوون.
بیرمە بەر لە راگواستن و پێش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، بەردەوام هێرشی فڕۆکەکانی رژێم بەسەر ئاسمانی دۆڵی باڵەییان و چۆمان و قەسرێ و باڵەکایەتی بەگشتی دەسوڕانەوەو بۆمبی ناپاڵمیان بەردەدایەوەو وەك فیلمێکی رەش و سپیش لەبیرمە زوو زوو بە باوەش و پشتی دایك و پورو ئەوانی ترەوەبووین کە خێرا لە گوند رایان دەکردو بەرەو ئەشکەوت ئێمەو خۆیان حەشار دەدا. هەر لەو ساڵانە ئەوەشم لەبیرە کە مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی لەکاتی ئاساییدا بە کەمانجەکەیەوە بەرەو رووی گوندو روبار دەنگێکی زۆر تایبەت لە کەمانچەکەیەوە دەهات و گوێچکەمانی پڕ دەکرد لە ئاوازی خۆش، کەچی کاتێك لە تیڤی و لەکاتی پەخشی گۆرانیەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بەدیاریکراویش لەگەڵ گۆرانیەکانی هونەرمەندی رەوانشاند کەریم کابان دەردەکەوتن عەجمانمان نەدەما، نەمدەتوانی گۆرانیەکانی ئەو و رەوانشاد عەلی مەردان بەهیچ شێوەیەك قەبووڵ بکەم، هی تریش زۆر بوون، هۆکارەکەشی ئەوەبوو بەرهەمی عەرەبیمان دەبینی و ئەوسا کوالێتی هونەری وان زاڵ بوو، ئەو مۆدێلەمان پێ خۆشتر بوو گەرچی لێشی تێنەدەگەیشتین؟!.
تاوەکو دوای راپەڕینیش ئەو دەفتەرەم هەرمابوو کە لە رێگای رۆژنامەی «الراصد»ەوە، دەیان ناونیشان و تەلەفۆنی زۆربەی هونەرمەندانی میسرییم لەسەری نووسی بوو بەو نیازەی بتوانم بەنامە یان بە دەنگ ئارەزووی خۆمانیان لە رێگای بەرنامەی رادیۆ یان بەرنامەی هەمەرەنگی تیڤی، یان بۆ رۆژنامەو گۆڤارەکان بنێرین.
راستیەکەی تەنێ ئێمە نەبووین کە روومان دەکردە بەرنامەو پرۆگرامەکانی عەرەبی ناو تیڤی و رۆژنامەو گۆڤارەکان، بەڵکو ئەوە پلانی خودی رژێمەکە بوو لە رێگای ئەو هۆیە گرنگەی راگەیاندنەوە شوناسمان بسڕێتەوەو پەروەردەیەکی دیکەی جیاوازی جیاوازی پیشاندەداین کە لە کەناڵی کوردیی دەستکردی خۆیشی ئەو کوالێتییە نەبوو بڕی ئێمە تێر بکات، بە نموونە؛ فیلمی کارتۆنیمان نەبینی بە زمانی کوردیی!.
زنجیرەیەكی دۆبلاژکراوی کوردیمان نەبینی، فیلمێکی سینەمایی کوردیمان هەر نەبینی، بەتایبەتی لە سکرینی گەورەدا تەنانەت بە بیرمدا نایەت سەرنجم بۆ ئەوەچووبێت کە چی دەبێت ئێمەش لەسەر ئەو سکرینە گەورەیە فیلممان بەزمانی کوردیی هەبێت؟!.

شۆڕش و بەرخودان
بەردەوامی شۆڕش و دەرکەوتن و سەرکەوتن و گیانبەخشینی شۆڕشگێران و دەنگدانەوەیان لەناوماندا، هۆکارێکی سەرەکی و گرنگی پەروەردەی «راستەوخۆ و ناراستەوخۆ»بوون بۆ مانەوەی شوناسی ئێمە، کە لەرێگای بینی پێشمەرگەو کادیرو گوێبیستی رادیۆو خوێندنەوەی بڵاوکراوەکان. دەنگ و سەدای خۆشی هونەرمەندان و جوانی سروشت و شاخ و کێو و روبارو تاڤگەو بەفرو وەرزەکانی نێو سکرینی بچکۆلەی ماڵەکەمان لە بیرو هزرماندا بە ئەندازەیەك تۆخ دەبوون و دەکەوتنە بەردڵان، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی سەرەتای بیرکردنەوەمان، ئینجا دەنگ و سەدای گۆرانیبێژان و بەرنامەو زنجیرەی درامای کوردیی بوونە جێ مەبەستی ئێمەو کاتێکیش لە ئامادەیی پیشەسازیی هەولێو لە رێگای چەند هاوڕێەکەوە راستەوخۆ تێکەڵی کاری شانۆیی بووم بەتایبەت بواری نواندن ، ئیدی خەمی نیشتیمان و کوردایەتی بەسەر هونەری بەرگریماندا بەقوڵی خۆی سەپاندو هەوڵی گرنگی ئێمە لەگەڵ راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ چرۆی کردو خەمی ئارەزوومەندانەمان بووە خەمێکی گەورەتر لە خۆمان و پێمان وابوو دەبێ سینەما لەسەردەست و سەردەمی ئێمەدا ببووژێتەوەو دەست پێبکات.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved