دایكان و باوكان سكاڵایان له‌سه‌ر زۆری ژماره‌ی خوێندكاران و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كرێی هاتوچۆی خوێندكاران له رۆژانی پشوو كردووه‌و لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیش سزای ئه‌و شۆفێرانه ده‌دات سه‌رپێچی ده‌كه‌ن. چالاك سه‌ڵاح رائیدی هاتوچۆو سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاتوچۆی خوێندكاران رایگه‌یاند: دایكان و باوكان سكاڵایان كردووه له‌سه‌ر زۆری ژماره‌ی خوێندكاران له‌ناو پاس و تاكسی له‌كاتی گواستنه‌وه‌یان بۆ خوێندنگه‌و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كرێی هاتوچۆی خوێندكاران له رۆژانی پشوو، لیژنه‌كه به‌دواداچوونی كردووه ده‌ركه‌وتووه كه به‌شێك له شۆفێری پاسه‌كان ئه‌و بڕه‌یان نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه. وتیشى: پێشتر شۆفێرانی گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه هێنده‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كان خوێندكاران بگوازنه‌وه‌و هه‌رشۆفێرێكیش خوێندكاری زیاد هه‌ڵبگرێت به پسوڵه‌ی سه‌رپێچیكردن له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی سزاده‌درێت. وتیشی: له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بازرگانی سلێمانی دوور‌و نزیكی خوێندكار له خوێندنگه‌كه‌یه‌وه كراوه‌ته پێوه‌ر بۆ دیاریكردنی نرخی هاتوچۆكردن، هه‌روه‌ها بڕی ئه‌و پاره‌ی كه پێویسته له رۆژه‌كانی پشووی مانگی سێ بگه‌رێنرێته‌وه دیاریكراوه. راشیگه‌یاند: بڕی ئه‌و پاره‌ی له رۆژانی پشووی مانگی سێ پێویسته له‌لایه‌ن شۆفێری پاسه‌كان بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خوێندكاران، هه‌ر شۆفێرێك نه‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌و سه‌رپێچی بكات روبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌بێته‌وه. سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاتوچۆی خوێندكاران داوا له دایكان و باوكان ده‌كات له‌كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچی و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی رۆژه پشووه‌كان له‌رێی ژماره مۆبایلی (07708677777) یاخود په‌ڕه‌ی (قائیمقامیه‌تی سلێمانی) له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك په‌یوه‌ندی به لیژنه هاوبه‌شه‌كانه‌وه بكه‌ن. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure